ڕوانگە - دەزگای ئاسایشی هەرێم دەستگیرکردنی تۆمەتباری رووداوی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلێک لە رێگەی پێنجوێن - سلێمانی رادەگەیێنێت کە بەهۆیەوە کەسێک گیانی لەدەستدابوو. 

 رووداوەکە شەوی 5ـی ئەم مانگە روویدابوو و خێزانێک لەنێو ئەو ئۆتۆمبێلەدابوو کە وەرگەڕابوو. جگە لە گیانلەدەستدانی شۆفێرەکەی، کەسێکیش بریندارببوو. 

 دەزگای ئاسایش دەڵێت، دوای رووداوەکە دەستبەجێ دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە و سەرئەنجام دەرکەوت، هۆکاری رووداوەکە دروستبوونی شەڕ و دەمەقاڵێ بووە لەنێوان دوو شۆفێر لە ناحیەی ناڵپارێز. 

 وەکو ئاسایش دەیگێڕێتەوە، "یەکێک لە شۆفێرەکان بە چەقۆ هێرش دەکاتە سەر شۆفێری بەرامبەری و برینداری دەکات، دواتر شوێنی دەکەوێت، دەبێتە هۆی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلەکەی و گیانلەدەستدانی شۆفێرەکە، هەروەها برینداربوونی یەکێک لە سەرنشینانی ئۆتۆمبێلەکە." دواتر تۆمەتباری رووداوەکە هەڵاتووە.

 دوای دەستنیشانکردنی تۆمەتبارەکە، ئاسایش دەڵێت: خۆی رادەستی هێزەکانیان کردووە و رووبەڕوی یاسا کراوەتەوە.

 ئێستا تۆمەتباری رووداوەکە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانی دەستگیرکراوە و لێکۆڵینەوە لە کەیسەکە بەردەوامە.