ڕوانگە - ئەندامێکی شاندی پەرلەمانی عێڕاق کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەیان لەگەڵ مانگرتووانی سلێمانی ڕاگەیاند و دەڵێت”لیژنەیەکی پەرلەمانی دروستدەکرێت و دەبێتە پارێزەری مانگرتووان”.
کاروان یاروەیس، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، بڵاویکردەوە، دوای گوێ گرتن لە داوای مانگرتوان بەوردی و وەرگرتنی داواکاریەکانیان، شاندەکەی پەرلەمان داواکارییەکان دەگەیەننە سەرۆکایەتی پەرلەمان و حکومەت و دادگای ئیتحادی و لیژنەیەکی پەرلەمانی دروست دەکرێ بۆ جێبەچئ کردنی داواکارییەکان و لیژنەکە دەبێتە پارێزەری مانگرتوان لە بەغداد.
ئاماژەی بەوەشداوە، شاندەکەی پەرلەمان تکای لە مانگرتوان کرد لەبەر تەندروستیان و ژیانیان مانگرتنەکە بشکێنن و داواکای و پەیامی رەوایان گەیشتوە بەهەموو ناوەندەکانی بڕیار لە عێراق.
کاروان یاروەیس دەشڵێت، شاندەکەی پەرلەمانی عێراق لە پەرلەمانتارانی بەغداد و بەسرەو ناوەراست و باشوری عێراق و ژمارەیەک پەرلەمانتارانی کورد بوون.
هاتنی شاندەکە لەسەر داوای فراکسیۆنی یەکێتی و فراکسیۆنە کوردستانیەکان بوو، بەتایبەتی دوای ئەوەی دوێنێ سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی و پەرلەمانتارانی یەکێتی سەردانی کردن.