ڕوانگە - ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق ڕایگەیاند، كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە سووریا مەترسی گەورەی لێدەكەوێتەوە، لەبارەی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە باكووری ڕۆژهەڵاتی سووریا هیچ ئاگاداركردنەوەیەكمان پێنەگەیشتووە، دەشڵێت: ڕیككەوتین ئەمریكا لەمانگی ئەیلوولی ٢٠٢٦ لە عێراق بكشێنەوە.

قاسم ئەعرەجی ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق سەبارەت بە مەترسییەكانی كشانەوەی ئەمریكا لە سووریا و وادەی كشانەوەشیان لە عێراق لە چاوپێكەوتنێكدا بۆ كەناڵی (الحدس) دەدوێت.

قاسم ئەعرەجی ڕایگەیاند، كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە سووریا مەترسی گەورەی لێدەكەوێتەوە، لەبارەی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە باكووری ڕۆژهەڵاتی سووریا هیچ ئاگاداركردنەوەیەكمان پێنەگەیشتووە.

ئاماژەی بەوەشداوە، ئێمە وەك عێراق لەگەڵ واشنتن ڕێككەوتین كە لە ئەیلوولی ٢٠٢٦ كۆتایی بە ئەركی هاوپەیمانی لە عێراق بهێنین.

پرسی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە ڕۆژئاوای كوردستان لەدوای دەستبەكاربوونی ترەمپ لە ئیدارەی نوێی سووریا مشتومری زۆری لیكەوتووەتەوە، بەپێی وتەی چاودێرانی سیاسی، كشانەوەی ئەمریكا لە ڕۆژئاوا دەرفەت بۆ توركیا و گرووپە چەكدارەكان دەرەخسێنیت هێرش بكەن و كۆمەڵكوژی ئەنجام بدەن، وەك چۆن لەساڵی ٢٠١٩ـدا بەشێك لەخاكی ڕۆژئاوا لەلایەن توركیاوە داگیركرا بەبیانووی دروستكردنی ناوچەی ئارام.