ڕوانگە - قەسەدە بڵاوی كردەوە، دوێنێ لە باكووری بەنداوی تشرین لە چەند ئۆپەراسیۆنێكی هێزەكانمان نۆ چەتەی سەر بە دەوڵەتی داگیركەری تورك كوژران و ٢٠ـی دیكەش بریندار بوون، جگە لە تێكشكاندنی ژمارەیەك ئۆتۆمبێلی سەربازییان، هەروەها دەست بەسەر بڕێكی زۆر چەك و تەقەمەنی و ئۆتۆمبێلەكانیاندا گیرا.

هێزەكانی سووریای دیموكرات (قەسەدە) سەبارەت بە ئەنجامدانی چەند ئۆپەراسیۆنێك لە باكووری بەنداوی تشرین و ئەنجامی شەڕ و بەرخۆدانییەکانیان لەگەڵ چەتەكانی سەر بە دەوڵەتی داگیركەری تورك، ڕاگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، دوێنێ كاتژمێر ٤ـی سەرلەبەیانی لە باكووری بەنداوی تشرین شەڕ و پێكدادانی توند لە دژی چەتەکان ڕوویدا، لە ئەنجامدا ژمارەیەك كوژراو و برینداری لەنێو ڕیزەكانیاندا لێكەوتەوە، دواتر سەرجەم چەتەكان هەڵهاتن و چەكەكانیان و ئۆتۆمبێلێكی سەربازییان بەجێهێشت و هێزەكانمان دەستیان بەسەردا گرت.

ئەوەشخراوەتەڕوو، چەتەكان هەوڵیاندا بگەڕێنەوە بۆ خاڵە سەربازییەكەی خۆیان، بەڵام ڕووبەڕووی بەرخۆدانی توندی شەڕڤانانمان بوونەتەوە، كە لە ئەنجامدا ژمارەیەكی دیكەی كوژراو و برینداربوون، بۆ جاری سێیەمیش دوای گەیشتنی هێزی پاڵپشتی دەستیان بە هێرشەكە كردەوە، بەڵام لە بەرامبەر بەهێزی لێدانی شەڕڤانانمان هەڵهاتن، ئەمەش وایكرد چەتەكان بە تەواوی لە ناوچەكە هەڵبێن، ئەوەی پشتڕاستكراوەتەوە حەوت چەتە كوژراون و ژمارەیەكی دیكەش برینداربوون.

هەر لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، هەروەها شەڕڤانانمان خاڵێكی كۆبوونەوەی چەتەكانیان لە باكووری بەنداوی تیشرین كردە ئامانج و بەهۆیەوە زیانی گیانی لەنێو ئەو چەتەكان هەبوو، كە ژمارەیان بە وردی دیار نەبوو، لە ناو خاڵە سەربازییەكەی خۆیاندا جموجۆڵی چەتەكان بینرا، لە ئەنجامدا جارێكی دیكە شەڕ و پێكدادان ڕوویدا، كە تێیدا ژمارەیەك سەربازی چەتەكان كوژران و برینداربوون، ژمارەی وردیان نەزانرا، هەروەها هێزەكانمان فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانی خۆكوژیشیان خستەخوارەوە.

باس لەوەشکراوە، یەكینەكانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) ئۆپەراسیۆنێكی وردیان لە دژی خاڵێكی كۆبوونەوەی چەتەكان لە باكووری بەنداوی تشرین ئەنجامدا، كە تیایدا دوو چەتە كوژران و ژمارەیەكی دیكەش برینداربوون، هەروەها دەست بەسەر ژمارەیەك چەك و بڕێك تەقەمەنیدا گیرا.

ژمارەی زیانەكانی چەتەكان تەنها لە بەرەی بەنداوی تیشرین بەم شێوەیە بووە:

دوو ئۆتۆمبێلی سەربازیی تێكشكێنران.

دەستبەسەر ژمارەیەك دۆشكە و كەرەستەی سەربازی ( پێنج چەكی بی كەی سی، حەوت چەكی كڵاشینكۆظ، چەكی برنەو، دوربینی سەربازیی) و كەرەسی تردا گیرا.

نۆ چەتە كوژراون و ٢٠ـی دیكەش بریندار بوون.

لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەشدا قەسەدە دەڵێت: دوێنێ دەوڵەتی داگیركەری تورك بە تۆپ و مووشەك و تانك دەستی بە بۆردوومانی گوندەكانی دەوروبەری پردی قەرەقۆزاق كرد، لە ئەنجامدا زیانێكی ماددی بەرچاو بە موڵك و ماڵی خەڵك و كێڵگەكان گەیشت.