ڕوانگە - بەپێی لیستی دادگای باڵای تاوانەکان لەعێراڤ (سڕکراو) ؛ (422) تۆمەتبار لەدۆسییەی تاوانی جینۆسایدی ئەنفالدا داواکراون و تۆمەتەکانیشیان تێوەگلانیانە لەتاوانەکە. پێش هەر قسەیەک و بەهەموو پێوەرێکی یاسایی ئەم تۆمەتبارو داواکراوانە دەبێت بچنە بەردەم دادگاو لێپێچینەوەو لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ بکرێ؛ پاشان تەنیا دادگا دەتوانێ بێتاوانی یان تاوانبارێتیان بسەلمێنێ، نەک لایەن و کەس و ڕێکخراو. 

دەمەوێ ڕوونتر بێژم ئەو لیستی ژمارە (422) کەسییە هەڵەیەکی زۆر گەورەیەو ژمارەی تاوانبارو تۆمەتباری بەشدار لەتاوانی جینۆسایدی ئەنفال، چەند قات لەو ژمارەیە زیاترەو تەنیا بەسەرنجدانێکی خێرا لەلایەنە بەشدارەکانی تاوانەکە وەک (حیزبی بەعس و سەرکردایەتی و لقەکانی، سوپای عێراق ئاسمانی و زەمینی، دەزگای هەواڵگری سەربازی، دەزگای ئەمن و هەواڵگری، دەزگای ئەمنی خاس، لیواکانی گاردی کۆماری، دەزگای پۆلیس، فەوجە سوکەکانی جاش، مەفرەزە خاسەکان) و چەندین دامەزراوەی تری سەربازی و ئەمنی و مەدەنی و هتد کە نەنگیەکی گەورەیە جگە لەهەوڵێکی تاکەکەسی (دەرسیم دیبەگەیی) نەتوانراوە لیستی تاوانبارو تۆمەتبارەکان ساغ بکرێتەوەو ژمارەیەکی دروست لەبەردەست بێت. 

تەنانەت ئەو ژمارەی (422) تاوانبارو تۆمەتبارە، پشتبەستوە بە کتێبی (توونی مەرگ) کە لەدوای ڕاپەڕینی 1991 هاوڕێی نووسەر (نەجمەدینی فەقێ) وەک کتێبێکی دۆکۆمێنتاری ئامادەی کردوەو دواتر لیستی بەشێک لەو تاوانبارو تۆمەتبارانە خراوەتە ناو دۆسییەی تاوانی جینۆسایدی ئەنفال و بوەتە بەشێک لەدۆکۆمێنتەکانی دادگای باڵای تاوانەکان لەعێراق، کە چەندین سەرنجی بنەڕەتی و جددی لەسەرە. 

بەڕای ئێمە لیستی (تاوانبارو تۆمەتبارەکان) ی دۆسییەی تاوانی جینۆسایدی ئەنفال (زیندوو یان مردوو) پێویستی بەسەرلەنوێ ئامادەکردنەوەو داڕشتنەوە هەیە لەسەر ئاستی (عێراق و کوردستان)؛ ئەمەش پێویستە دامەزراوەیەکی تۆکمەی دوور لەحیزب و دەسڵات پێی هەڵسێت، بۆ ئەوەی کارەکە لەئاستی پێویست و گرنگی و بەهای یاسایی خۆیدا بمێنێ و جێگیربکرێت. 

هەر تایبەت بەم پرسە دەمەوێ ئەوەش بڵێم کە جگە لە(دۆسییەی تاوانی جینۆسایدی ئەنفال) لە هەریەک لەدۆسییەی تاوانەکانی (جینۆسایدی هەڵەبجە، دۆسییەی تاوانی جینۆسایدی فەیلییەکان، دۆسییەی تاوانی جینۆسایدی بەرزانیەکان، دۆسییەی تاوانی جینۆسایدی ئەشکەوتی دەکان، دۆسییەی تاوانی جینۆسایدی گوندی سۆریا، دۆسییەی تاوانی جینۆسایدی قەڵادزێ، دۆسییەی تاوانی جینۆسایدی ئێزدییەکان) و تاد..

 هەریەک لەم دۆسییانە دەیان و سەدان تاوانبار تیایدا بەشدارییان کردوە، چ شەرمێکی گەورەیە نە لای دەسڵات و نەش لای ڕێکخراوەکان و نەش لای دادگاکان لیستی ئەو تاوانبارو تۆمەتبارانەمان نەبێت؟ 

راستودروست ئەوەی لەم بارەوە (دۆسییەی تاوانەکانی جینۆساید لەکوردستان و پرسی دادگایی کردنی تاوانبارو تۆمەتبارەکان) دەگوزەرێ، نەک عەیب بەڵکو گەشتوەتە ئاستی بەدئاکاری و ترۆپکی نابەرپرسیارێتی، لەسەرویانەوە (سیاسییەکان بەبێ جیاوازی)، بۆیە پێویستە پێش هەموو شتێک ئەو بەدئاکاری و نابەرپرسیارێتیە تێک بشکێنرێ، ئەو کات لەدامەزراوەیەکی دادوەری سەربەخۆدا یەک بەیەکی دۆسییەی تاوانبارو تۆمەتبارەکان ساغ بکرێتەوە.