ڕوانگە- لەبارەی دەنگۆو ئەگەری دانوستانی نێوان تاران‌و واشنتۆن، ڕێبەری باڵای ئێران ڕایدەگەیەنێت، "دانوستان لەگەڵ ئەمریکا هیچ کێشەیەکی ئابوری‌و گوزەرانی هاوڵاتییان چارە ناکات، هەروەکو پێشتر کە چارەساز نەبوو".

عەلی خامنەئی ڕێبەری باڵای ئێران لەبارەی دەنگۆو ئەگەری دانوستانی نێوان تاران‌و واشنتۆن ڕایگەیاند." لەدەیەی ڕابردودا دوو ساڵ دانوستان لەگەڵ ئەمریکا بێئەنجام بوو، دواجار ئەمریکا هەموو پەیمان‌و بەڵێنەکانی خستە ژێر پێ، هەربۆیە دانوستان لەگەڵ ئەمریکا هیچ کێشەیەکی ئابوری‌و گوزەرانی هاوڵاتییان چارە ناکات، هەروەکو پێشتر کە چارەساز نەبوو".

وتیشی، "جگە لەئەمریکا، تاران ئامادەییە پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتان پەرە پێبدات، ڕژێمی ئیسرائیلیش باسناکەم، چونکە ئەو ڕژێمە هەر لەبنەڕەتدا وڵات نییە، بەڵکو گروپێکی تاوانکارو داگیرکارە".

خامنەئی ئاماژەی بەوەشکرد:"ئەمریکییەکان سەرقاڵی گۆڕینی نەخشەی جیهانن‌و لەبارەی ئێرانیشەوە بۆچونی خۆیان دەڵێن‌و هەڕەشەش دەکەن، بەڵام ئەگەر هەڕەشە لەئێران بکەن، ئێمەش هەڕەشەیان لێدەکەین، هەربۆیە ئەگەر پەلاماری ئاسایشی نەتەوەیی ئێران بدەن، ئەو کاتە ئێرانیش دەستەوەستان نابێت‌و پەلاماری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا دەدات"