ڕوانگە - یەکەم: ئەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران ئەمڕۆ ئەنجامیاندا لە سی ساڵی دەسەڵاتی کوردیدا وێنەی نەبووە. مامۆستایان ئەمڕۆ توانیان سنورە دەستکردەکان بشکێنن. ئەم بزوتنەوە کۆمەڵایەتی و جەماورییە گرنگە و دەبێت پەرەی پێبدرێت.
دووەم: ڕووداوی ئەمڕۆی دێگەڵە ڕوخساری درۆزنانەی حزبی کوردی هەڵماڵی. ئیدی کۆی پارتە سیاسییەکان لە کوردستان زیادەن و بارن بەسەر خەڵکی کوردستانەوە. ئەم هەموو پارتە بەناو لە هەولێردا هەزاران هەواداریان هەیە، گەر سەرکردایەتییەکانیان ئازایاتی ئەوەیان تێدا بوایە بهاتنایەتە سەر شەقام، بە دڵنیایی هەنگاوی گەورە دەنرا.
سێیەم: ڕووداوی ئەمڕۆی دێگەڵە ئەو ڕاستییەی سەلماند کە پارلەمان دامەزراوەیەکی زیادەیە و خەباتی پارلەمانی پرسیاری لەسەرە. کە دەمانوت هەڵبژاردن سودی نییە زۆر بوون ئەوانەی کە پێیان وابوو کە ئێمە نائومێدی بڵاو دەکەینەوە.
چوارەم: ڕووداوی دێگەڵە پێیوتین کە پارتی تەنازولی گەورەی کردووە،. لانی کەم پارتی جورئەتی ئەوەی نەکرد وەک ١٧ ی شوبات چەک بەکار بێنێت. گۆڕینی ئاراستە لە چەکەوە بۆ گازی فرمێسکڕێژ سەلمێنەری ئەوەیە ئەگەر جەماوەر بە هێزێکی زۆرەوە بێتە سەر شەقام ئەوا تەنازولی گەورە بە دەسەڵات دەکرێت.
پێنجەم: ئەگەر سەرۆک پارلەمانەکەی گۆڕان پردێی جێنەهێشتایە و گۆڕانی ئەو کاتە بە هێزی خۆیەوە سنوری پردێی بشکاندایە، ئیستا مامۆستایان لە دێگەڵە باشتر دەچوونە پێش.
شەشەم: ئەم دۆخە پیویستی بە کۆدەنگییەکی گەورە هەیە لەنێو ئینسانە خۆنەویست و ئازاکاندا لە شار و شارۆچکەکانی کوردستان. ڕوداوی دێگەڵە پێمان دەڵێت کە ئەگەر ئەو ڕێکخستە کارامەیە لە کۆی ناوچەکانی هەرێم دروست بوایە، ئیستا پێویستمان بە مزایەدەی پارلەمانیاری بەر کامێراکان نەبوو کە بە تاقی تەنیا بێ هێزەکەی و بێ سەرۆکەکانیان بێنە ناو خۆپیشاندانەکان و تەنها بڵێن لەگەڵتانین.
حەوتەم: ڕووداوی ئەمڕۆی دێگەڵە پێی وتین: بەخێربێن بۆ سەردەمێکی تر، بۆ ئازایەتییەکی تر و بۆ مەردایەتییەکی تر.