ڕوانگە - لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا شاندی ئیمڕاڵی سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن و لەگەڵ مەسعوود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی و بافڵ تاڵەبانی کۆدەبنەوە.
ماڵپەڕی (هاوار نیوز) دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە ١٠ی شوباتی ٢٠٢٥ لە هەواڵێکدا بڵاویکردەوە" بڕیارە لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا شاندێکی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن و لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی و بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی و بەرپرسانی دیکەی هەرێم کۆدەبنەوە".
ماڵپەڕەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، بڕیارە شاندەکە ڕۆژی ١٦ی ئەم مانگە سەردانی هەرێم بکەن و لەگەڵ ئەو لایەنانە کۆببنەوە.
ئەم سەردانە لە چوارچێوەی کۆبوونەوەی شاندەکەدا دێت لەگەڵ سەرۆکی پارتە سیاسییەکانی تورکیا کە پێکهاتووە لە پەرلەمانتاران سیری سورەیا ئۆندەر و پەروین بوڵدان و سیاسەتمەدار ئەحمەد تورک.