ڕوانگە - کۆنسووڵی گشتیی ئێران لە هەولێر دەڵێت، پارتی و یەکێتی دەبێت بەیەکەوە حکومەت پێکبهێنن و حیزبە بچووکەکانیش هاوکاریان بن بۆ پێکهێنانی حکومەت. ئاماژەی بەوەش کرد، "زۆربەی رێککەوتنەکانی پارتی و یەکێتی لە رێگەی ئێرانەوە بوون."
فەرامەرز ئەسەدی، کۆنسووڵی گشتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەولێر لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، کە هیوا جەمال لەگەڵی سازکردبوو، باسی چەندین پرسی گرنگی پەیوەست بە پەیوەندییەکانی ئێران و هەرێمی کوردستان کرد.
سەرەتا ئەسەدی باسی لە شۆڕشی ئیسلامیی ئێران کرد و ئاماژەی بەوە کرد، گرنگترین ئامانجی ئەو شۆڕشە "سەربەخۆیی و ئازادی بوو." ئەو پێیوایە 46 ساڵە رۆژئاواییەکان بەرنامەی رووخاندنی ئێران دادەنێن. لەبارەی پەیوەندییەکانی گەلی کورد و گەلانی ئێرانیش گوتی، "ئێمە مەحکومین بە پەیوەندیی نێوان ئێران و کورد." پێیشی وایە، "هیچ ئاژاوەگێڕییەک" ناتوانێت ئێران و کورد لە یەکدی جیابکاتەوە.
بە گوتەی کۆنسووڵی ئێران لە هەولێر، "زۆربەی رێککەوتنەکانی پارتی و یەکێتی لە رێگەی ئێرانەوە بووە." ئەسەدی پێیوایە، بۆچوونی جیاوازی پارتی و یەکێتی واینەکردووە نەتوانن پێکەوە کار بکەن. داواش دەکات، ئەو دوو حیزبە بەیەکەوە حکومەت پێکبهێنن و حیزبە بچووکەکان هاوکاریان بن. ئەسەدی دەشڵێت، "نابێت حیزبە بچووکەکان سەرکێشی بکەن."
سەبارەت بە رسوماتی چوونی ئۆتۆمبێل لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ ئێران، کۆنسووڵی ئێران گوتی، "بەدواداچوون بۆ کەمکردنەوەی رسوماتی چوونی ئۆتۆمبێل بۆ ئێران دەکەین.. بەو 250 دۆلارەی [ئێستا] وەردەگیرێت، چەندین جار دەتوانیت بە ئۆتۆمبێلەکەت لە سەرانسەری ئێران بگەڕێیت."
لەبارەی پەیوەندییەکانی کورد لەگەڵ ئێران لەدوای دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپ، ئەسەدی باسی لەوە کرد، ترەمپ ناتوانێت پەیوەندیی ئێران لەگەڵ هەرێمی کوردستان بپچڕێنێت، "ئێران 8 ساڵ لەگەڵ بەعس لە شەڕدا بوو، پەیوەندییمان لەگەڵ کورد نەپچڕاند."
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ فەرامەرز ئەسەدی، کۆنسووڵی گشتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەولێر:
رووداو: زۆر سوپاس بەڕێز فەرامەرز ئەسەدی، با لە پرسیاری شۆڕشەوە دەستپێبکەم، ئێستا رۆژی شۆڕشی ئیسلامیی ئێرانە، بێگومان کۆمەڵێک ئامانجی هەبووە لە ماوەی 46 ساڵی رابردوودا، تاچەند ئامانجەکانی هاتووەتە دی و چی دیکە ماوە بێتە دی؟
فەرامەرز ئەسەدی: بەناوی خودا، بەر لە هەر گوتەیەک رێزم هەیە بۆ خەڵکی بە ئەمەک و میواندۆست و خۆشەویستی هەرێمی کوردستانی عێراق و ماندوونەبوونی دەڵێم بە کارمەندان و بەڕێوەبەرانی بەڕێزی کەناڵی رووداو، کەناڵی سەرکەوتووی رووداو. تایبەت بە سەرکەوتنەکانی شۆڕشی ئیسلامی و دەستکەوتەکانی شۆڕشی ئیسلامی، لەوانەیە نەتوانرێت لە یەک دانیشتندا قسەی لەبارەوە بکرێت و نەکرێت تەواوی بکەین. کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەگەر ورد ببنەوە، ئەوکاتەی سەرقاڵی خەبات بوون و خەڵک لە شەقامەکان درووشمیان دەگوتەوە، درووشمی یەکەم 'سەربەخۆیی، ئازدی' بوو، کە هەمان رۆژی 22ی رێبەندان گەیشتنە ئەو یەکەم ئامانجە. گرنگترین ئامانجی ئێمە سەربەخۆیی و ئازادی بوو، سەربەخۆیی لە نێوخۆ و لە دەرەوە. تەماشاکە بەر لەو کات ئێران وڵاتێک بوو کە حاکمێکی دەستەمۆکەری لە دەرەوە هەبوو، خەڵکی دیکە بڕیاریان لەسەر گەلی ئێران دەدا، بۆیە ئەگەر سەرنج بدەن، خەڵکی ئێران بە واتای وشەی وڵاتی ئێران ئەوەیە کە ئێران بە واتای شوێنی پیاوانی بوێر، یان خەڵکی بوێر، نەجیبزادە و بوێرەکان، ئەو خەڵکە نەجیب و بوێرە ساڵانێک دانیان بەخۆدا گرت و قسەیان کرد، گەورەکانی ئێمە لەگەڵ رژێمی پێشوو کە هەندێک لە پرەنسیپەکان لەگەڵ پرەنسیپی ئێرانی یەکدی ناگرنەوە، بۆیە ویستیان ئەو حکومەتە بۆ خۆی ئەو کێشە و بەربەستانە و ئەو بەستراوەییە لابدات؛ بەڵام لەبەر ئەوەی لاینەدا، خەڵک هاتنە سەر شەقامەکان و.. دەمەوێت بەو شێوەیە پێتان بڵێم، خۆڕسکترین شۆڕشێک کە پێش هەموو خەڵکی ناوچەکە کەوتنەوە و یەکەم بوون، لە دۆخێکدا شۆڕشی ئیسلامیی ئێران سەرکەوت، کە بێگومان ئاگادارن لەو کاتەدا جیهان دوو جەمسەری بوو، رۆژئاوا و رۆژهەڵات؛ ئەمریکا و یەکێتیی سۆڤییەت. خەڵکی ئێران درووشمیان دا، نە رۆژهەڵات، نە رۆژئاوا، چونکە حەزیان نەدەکرد نە بە رۆژهەڵات ببەسترێنەوە نە بە رۆژئاوا، هەر بەو هۆکارە ویستیان سەربەخۆ بن و لە بەیانییەکی رۆژی 22ی رێبەندانی 46 ساڵ لەمەوپێش ئەو سەربەخۆییەیان بەدەستهێنا، تاوەکو ئەمڕۆش لە هەموو بوار و بابەتەکان، هەر شتێک کە پێویست بووە ئێمە لە رۆژێکەوە کە شۆڕش سەرکەوت، دژبەرانی ئێمە بەدوای پیلانی جۆراوجۆر بوون و رایانگەیاند کە بەدوای رووخانی شۆڕش بوون، لەم 46 ساڵەدا یەک شەویش ئەوان بەبێ [داڕشتنی] بەرنامە بۆ خەڵکی ئێران نەخەوتوون، سەرجەم حکومەتەکان، بەتایبەتی رۆژئاواییەکان، بە سەرکردایەتیی ئەمریکا بەدوای رووخانی ئەو رژێمەدا بوون، لە نیزامی پیرۆزی کۆماری ئیسلامی لەو 46 ساڵەدا، بەڵام سوپاس بۆ خوا، بە پشتیوانیی خوا و رابەرایەتیی زۆر زۆر سەرکەوتووی رێبەری باڵا و ئیمام خومەینی، لەو بابەتەدا سەرکەوتوو نەبوون و نیزام رۆژ بە رۆژ سوپاس بۆ خوا سەرکەوتووتر بوو، کە بابەت بە بابەت بۆ دەستکەوتەکان من لە خزمەت ئێوەدام و قسە دەکەین، چ پێشکەوتنە پیشەسازییەکان، چ زانستی و لە هەموو بوارەکاندا.
رووداو: باشە، باسی بابەتێکی گرنگت کرد، کە پەیوەندیی بە ئازادییەوە هەیە، گوتت کە خەڵکی ئێران ئازاد بوون، مەیدانێکیش هەیە لە تاران بەناوی مەیدانی ئازادی. ئازادی لە ئێران لە چ ئاستێکدایە؟
فەرامەرز ئەسەدی: ئازادی لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا لە چوارچێوەی دەستووری کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئەو گشتپرسییەی کە زیاتر لە 98%ی خەڵکی ئێران دەنگیان پێدا و ئازادییەک کە لە چوارچێوەی ئایین و ئیسلام و ئێراندا بێت.
رووداو: پەیوەندییەکانی نێوان گەلانی ئێران چۆنە، بەتایبەتی کە شۆڕشی ئیسلامی هەموو گەلانی ئێران بەرپایان کرد؟
فەرامەرز ئەسەدی: سەیرکە، لەنێو کۆماری ئسیلامیی ئێراندا [ئێران] هەر ئەمڕۆ و بە درێژایی مێژوو لەو چەند هەزار ساڵەدا، شوێنکەوتووانی هەموو ئایینە ئاسمانییەکان هەن، مەسیحی، یەهوودی، زەردەشتی و هەم موسڵمان و جیا لەوانەش هەن. نەتەوەکانیش ئەوەی کە ئێستا دەژمێردرێت، ئێمە 10 نەتەوەین کە حەوتیان گەورەترن، مێژوویان هەیە، یەکێک لەو نەتەوانە کوردە. ئەوە بزانن کاتێک ئێمە بەدواداچوون بۆ مێژووی نەتەوە ناسراوەکان لەنێو ئێران دەکەین، نەتەوەی دووەم کوردە، یەکەم لوڕە دواتر کورد، سێیەم، داوای لێبووردن دەکەم، نەتەوەی سێیەم کوردە، هەموو نەتەوەکان لە تەنیشت یەکدی، هەموو ئایینەکان لە تەنیشت یەکدی، هەموو ئایینزاکان لە تەنیشت یەکدی لە ماوەی ئەو سەدان هەزار ساڵە بە تەواوی برایانە و دۆستایەتی پێکەوە ژیاون و بەردەوامن، هەڵبەت هەموو کات ژمارەیەکی زۆر زۆر کەم لە هەموو حکومەتەکان ناڕازی و پەلاماردەر هەیە، کە لە کۆماری ئیسلامیشدا ئەوانە هەر هەژمار ناکرێن.
رووداو: زۆر باشە بەردەوام پەیوەندی لەنێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێراندا هەبووە و زۆریش لە سەرکردەکانی کورد ستایشی ئەو پەیوەندییەیان کردووە، لەدوای سەردانی بەڕێز سەرۆککۆماری ئێرانەوە بۆ عێراق و بۆ هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکان چوونەتە چ ئاستێکەوە، چۆن کاری زیاتری لەسەر کراوە؟
فەرامەرز ئەسەدی: تەماشاکە، پەیوەندیی کۆماری ئیسلامیی ئێران و کورد لە بەیانییەکەی 22ی رێبەندان بە تەواوی نزیک و پێکەوە گرێدراو بوو، هەڵبەت ئەو پەیوەندییە بەر لە کۆماری ئیسلامییش بوو و دڵنیا بن سەتان ساڵی دیکەیش ئێمە مەحکومین بەو پەیوەندییە، چونکە لە هەر حاڵەتێکدا هاوبەشییەکانمان بە رادەیەک زۆرن و، پەیوەندییەکانمان بە رادەیەک زۆرن، لەوانەیە هیچ حکومەتێک و هیچ پیلانگێڕییەک، هیچ ئاژاوەگێڕییەک نەتوانێت ئەو دوو گەلە لە یەکدی جیا بکاتەوە. لەو ماوەیەدا ئێمە هەموو کات لەگەڵ برا کوردەکانمان لە هەرێمی کوردستان دۆخمان، دۆخێکی دوولایەنە بووە، خزمەتگوزارییەکان دوولایەنە بوون، پەیوەندییەکان دوولایەنە بوون، بەکارهێنان دوولایەنە بوون، هەندێک کات دوژمنە هاوبەشەکانمان بەدوای ئەوەوە بوون کە ئێمە نێوانمان سارد ببێتەوە، بۆیە ئەوانەی لایەنگری ئەم دۆسیەیە [پەیوەندیی باش] بوون و پێیەوە سەرقاڵ بوون، چ لە هەرێمی کوردستان و چ لە نێو کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە شێوەیەک بابەتەکەیان ئیدارەدا کە ئەمڕۆ لە بەرزترین ئاست ئێوە دەبینن، کە لە ساڵی دواییدا سەرۆککۆمار و وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران سەردانی هەرێمی کوردستانیان کرد و ئەم بەرنامەیە بەردەوامە و ئەو گەشتانە بەردەوام دەبن. لەو لاوە سەرۆکی بەڕێزی هەرێم، سەرۆکی حکومەت، سەرۆکوەزیران و حیزبەکان و حکومەت و وەزیرەکان بە شێوەی مانگانە، هەفتانە هاتووچۆ دەکەن، کە هەر لە ئەم ساڵدا ئەم بابەتە چەندینجار کراوە و پەیوەندییەکان زۆر گەرم و نزیکن.
رووداو: لە چەند بوارێکدا دەمەوێت پرسیار بکەم، لە بواری بازرگانی، لە بواری فەرهەنگ و کولتووری و هەروەها لە بواری ئاسایشەوە؛ بەڵام شتێک بۆ من سەرنجڕاکێش بوو ئێستا، چۆن گوتت ئیقلیمی کوردستان، پێموابێت لە وڵاتانی دەوروبەردا ئێران زۆر بە راشکاوی باسی کوردستان دەکات و دەڵێت ئیقلیمی (هەرێمی) کوردستان، چۆن ئێران لەچاو وڵاتەکانی دیکە ناوی هەرێمی کوردستان بە کوردستانیشەوە دەبات؟ چونکە هەندێک شوێنی دیکە تەنیا دەڵێن، ئیقلیم یان دەڵێن باکووری عێراق، بەڵام کۆماری ئیسلامیی ئێران دەڵێت هەرێمی کوردستان.
فەرامەرز ئەسەدی: چونکە ئێمە کوردستان، هەرێمی کوردستان و خەڵکی کوردستان لە درێژکراوەی کولتووری ئێران دەبینین، بۆ ئێمە خۆشەویستن، بەڕێزن و ئێمە زۆر وەکو ئەو وڵاتانە لە هەمبەر کورد ئەو دیدگایەمان نییە، ئێمە لەنێو وڵاتی خۆمان پارێزگای کوردستانمان هەیە، ئێمە لەنێو تاران شاڕێگەی کوردستانمان هەیە، کوردستان و ئێمە لە بواری کولتووری، کۆمەڵایەتییەوە؛ خەڵکەکەی خەڵکی ئێمەن، ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی ئێمە کوردن و منیش کوردم و شانازیشی پێوە دەکەین بە کوردبوون، شانازی دەکەین کە ئێمە بەشێک لە خەڵکەکەمان کوردن و هەرێمی کوردستانیش بە خەڵکی خۆمان دەزانین، تێڕوانینمان بۆ هەرێمی کوردستان وەکو تێڕوانینی خەڵکی دیکە نییە.
رووداو: دەتانەوێت بۆ ئەم ساڵ ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێران بگاتە چەند؟ بەرەو کوێ بچێت؟
فەرامەرز ئەسەدی: تەماشا بکە، من گەیشتوومەتە خزمەت گەورە پیاوانی هەرێمی کوردستان و قسەم لەگەڵ کردوون، لە خزمەت بەرپرسانی حیزبی و حکومی قسەم کردووە، کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرنامەی هەیە کە پەیوەندییەکانی لە هەموو بوارەکاندا پەرە پێبدات، بابەتی ئابووریش هەڵاوێر نییە؛ بۆ ئێمە گرنگە و لەپێشینەیە. برایانی ئێمە و بەرپرسانی بەڕێزی هەرێمی کوردستان، برا سیاسییەکان، دەستەبژێرە سیاسییەکان، بەرپرسانی حکومی و حیزبی هەر لەو بوارەوە رەزامەندیی خۆیان پیشانداوە، ئەوانیش گوتیان کە ویستی ئێمە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانە و ئینشائەڵڵا ئێمە هەردوو لایەن بەدوای ئەوەوەین کە پەرە بەو پەیوەندییانە بدەین. هەر ژمارەیەک کە هەیە لەوانەیە باش بێت، بەڵام لە ئاستی رەزامەندیماندا نییە.
رووداو: لەبارەی بازرگانییەوە، پێشتر کۆماری ئیسلامیی ئێران بەشداریی زۆرتری هەبوو لە پێشانگە بازرگانییە نێودەوڵەتییەکان لە هەولێر بەتایبەتی، دەزانم لە سلێمانی زیاترە، بەڵام پرسیارەکەم ئەوەیە، پێشانگەی بازرگانیی دەوڵەتی ئێران بۆ خۆی لە هەولێر دەکرێتەوە؟ لە داهاتوودا لە بەرنامەتاندایە؟
فەرامەرز ئەسەدی: بێگومان، بێگومان، بەڵێ، پێشانگە گەورەکان؛ ئینشائەڵڵا ئێوە دوای جەژنی نەورۆز دەیبینن، لە مانگی دووی ساڵی 1404 ئێوە بێگومان پێشانگەیەکی گەورە لە هەرێم دەبینن و بەدوای راوێژیشین، ئەوەش بڵێم یەکێک لە دانیشتنە گرنگەکانی من کە لە یەکەم دانیشتنەکان بوو لەگەڵ ژووری بازرگانیی هەرێمی کوردستان و هەولێر بوو، لەگەڵ ئەوانیش رێککەوتنێکمان هەبووە کە ئینشائەڵڵا هەم لەگەڵ پارێزگاکانی دەوروبەر و هەم لەگەڵ تاران و بەگشتی کۆماری ئیسلامیی ئێران پێکەوە کار بکەین، هەم لە پێشانگەکانی دیکەدا پێکەوە بەشدار بین و هاوڕێیان بانگهێشت بکەین و بۆ خۆمان بێین بە شێوەی سەربەخۆ لێرە کار بکەین.
رووداو: هەر لەبارەی پەیوەندییەکان و هاتووچۆی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و هەرێمی کوردستانەوە، هاتن و چوون هەیە، خەڵکی هەرێمی کوردستان دەڵێن، ئەو ئاسانکارییەی هەرێمی کوردستان بۆ هاووڵاتیی ئێرانی کردوویەتی، با کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش بۆ هاووڵاتیی عێراقی و هەرێمی کوردستانیش بیکات، بۆ نموونە کاتێک بە ئۆتۆمبێلی خۆت دەچیتە ئەودیو و پێویستە بڕێک پارە بدەیت، 250 دۆلارە پێم وابێت، بەنیاز نین کار بکەن لەگەڵ حکومەتی ئێراندا بۆ کەمکردنەوەی ئەو پارەیە، کە خەڵک بە زۆری دەزانێت؟
فەرامەرز ئەسەدی: لەسەر ئەم بابەتانەش بڕیاربوو لەگەڵ پارێزگارەکانی پارێزگا سنوورییەکان، ئێوە دەزانن لەنێو ئێران رێکخراوی جۆراوجۆر هەن، ئەم بابەتە تایبەتە بە سنوور و کاری سیستمە گومرگییەکان، کۆماری ئیسلامیی ئێران چەند یاسایەکی هەیە کە ساڵانە دەردەچن، تەنانەت بۆ دەرچوونی خۆمان. ئەگەر کەسێکی ئێرانی بۆ نموونە ئەم ساڵ یەک جار بێتە هەرێمی کوردستان، باجێکی دەرچوونی کەمی هەیە، جاری دووەم زیاتر دەبێت، جاری سێیەمیش هەر بەو شێوەیە؛ بەڵام بۆ کەسانی عێراقی، ئەو برایانەی کە لە هەرێمی کوردستانەوە دەچن، یان ئەو خێزانانەی کە دەچن، ئەوە نەگۆڕە. سەبارەت بە ئۆتۆمبێل، وابزانم بابەتێکی جیهانییە، کە دەبێت ئەوە لە رێگەی گومرگەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و پارێزگا سنوورییەکان و ئەو سنوورانەی ئۆتۆمبێل هاتووچۆیان پیدا دەکات و ژمارە دەکرێن، بەدواداچوونی بۆ بکەین و پرسیار بکەین.
رووداو: یەکێک لە کارەکانت ئەوە دەبێت کە پێداگری بکەن لەسەر کەمکردنەوەی؟
فەرامەرز ئەسەدی: ئەمڕۆ من لێرە ناتوانم بەڵێنێک بدەم کە بەڵێ دەتوانین کەمی بکەینەوە یان نا، بەڵام دەکرێت بەدواداچوونی بۆ بکرێت، دەتوانین پرسیار بکەین بۆئەوەی بزانین دۆخەکەی چۆنە، بەڵام پێم وانییە 250 دۆلار بێت. واتا ئێستا 250 دۆلار وەردەگرن بۆ یەک ئۆتۆمبێل کە بێتە نێو ئێران؟
رووداو: من وام بیستووە، بەڕاستی من خۆم نەڕۆیشتووم.
فەرامەرز ئەسەدی: یان نا نا، دەمەوێت بەو شێوەیە بیڵێم، ئێوە 250 دۆلار دەدەن، تاوەکو یەک ساڵ بەو ئۆتۆمبێلە هەرچەند جارێک بچن نەک بۆ یەک جار. بەڵێ، تۆ دەتوانیت بە ئۆتۆمبێلی خۆت بچیت سەرانسەری ئێران بگەڕێیت، نەک یەک جار، چوار یان 5 جار لە ساڵدا دەتوانیت بچیت، پێم وانییە زۆر بێت، ئەمڕۆ بۆ کەسانێک کە بازرگانن و دەیانەوێت بە ئۆتۆمبێلی خۆیان لێرەوە بەڕێبکەون و بچن بۆ مەشهەد، یەزد، شیراز، لەبری ئەوەی کە بچن ئۆتۆمبێل بە کرێ بگرن، یان بە گەشتی ئاسمانی بچن، ناکاتە پارەی یەک تیکت کە بۆ نموونە لە هەولێرەوە بیانەوێت بچنە تاران و بگەڕێنەوە. بە ئۆتۆمبێلی خۆی دەچێت یەک مانگ لە ئێران دەگەڕێت، 250 دۆلار دەدات و چەندین جاریش دەتوانێت بچێت.
رووداو: یەک جار نا مەبەستم ئەوەیە لێی دەسەنرێت، بەڵام خەڵک هەیە یەک جار دەچێت. بڕیارێک هەبوو لەنێوان پارێزگارەکانی سلێمانی، هەولێر، سنە و ورمێ؛ ئەوانە لەگەڵ قایمقامەکانی ئەو سەر سنوورانە لانیکەم سێ مانگ جارێک کۆبوونەوەیەکیان هەبێت بۆئەوەی دۆخەکە هەڵبسەنگێنن، بەڵام ئەمە جاروبار کێشەی تێدەکەوێت یان دوادەخرێت و ناکرێت، رۆڵی جەنابتان چییە؟
فەرامەرز ئەسەدی: تەماشا بکە، لەو بابەتەدا بە ئینسافەوە بڵێن، لەبەر ئەوەی کاری هەردوولا زۆرە و پرسە کارگێڕی و کار و کێشە و بەربەستەکانی پارێزگارەکان زۆرن، لەوانەیە پێڕانەگەن سێ مانگ جارێک، بەڵام من بەر لەوەی بێمە ئێرە، رۆیشتین لەگەڵ پارێزگارەکان قسەمان کردووە، هەر ئەمڕۆ من بە ئێوە بڵێم، دوو پارێزگاری کوردستان و کرماشان لە نۆرەدان، لە رکابەریدان و داواکارییان هەیە دانیشتنی پارێزگارەکانی هەرێم و پارێزگاکانی سنووریی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەنێو پارێزگای خۆیان بەڕێوەبچێت، کە ئێمە گوتمان ئەو دانیشتنە دوای سەری ساڵ، یان دوای مانگی پیرۆزی رەمەزان؛ هەردوو خوازیاری ئەو بابەتەن، هەم پارێزگای کرماشان و هەم پارێزگای کوردستان، چونکە دانیشتنی ورمێ بەڕێوەچوو، لە ئازەربایجانی رۆژئاوا، لە هەولێریش بەڕێوەچووە، ئێستا نۆرەی یەکێک لە پارێزگاکانی ئێرانە، هەردوو پارێزگا داوا دەکەن.
رووداو: هەندێکجار گلەیی دەکرێت دەروازە سنوورییەکان لەکاتی بەفر و بارانی زۆردا لە دیوی ئێرانەوە دادەخرێت، لە کاتێکدا بڕیار وایە هیچ کاتێک دانەخرێت جگە لە رۆژەکانی نەورۆز و جەژنی قوربان و رەمەزان، بۆچی لەو دیوەوە کار ئاسانی زۆرتر ناکرێت؟ تەنانەت لە کاتی بەفر و بارانی زۆریشدا دەروازەکان دانەخرێن و هەر کراوە بن؟
فەرامەرز ئەسەدی: تەماشا بکە، ئەوەی کە لەوبەر روودەدات، دڵنیا بن بۆ سەلامەتیی خەڵکە، ئێوە دەزانن، سنوور، ئۆتۆمبێلە قورسەکان، بارهەڵگر و تانکەرەکان کە ئێوە دەیانبینن، ئۆتۆمبێلی زۆر قورسن و لە بەفر و باران و بەستەڵەک و رێگە کوێستانی و پێچەڵانەکاندا هەم بۆ خۆیان و هەم بۆ ئۆتۆمبێلەکانی دیکە و خەڵک مەترسیدارن، هەندێک جار ئێمە لە نێوخۆی وڵاتیش لە نێوان دوو شار کاتێک بەفر و باران دەبارێت بۆ ماوەیەک تاوەکو رێگە پاکبکرێتەوە، جا رۆژێکە، چەند کاژێرە، یەک شەوە، هەر چۆنێک بێت، ئێمە دێین ئەو ماوەیەی کە رێگە مەترسیی هەیە، تاوەکو وشک دەبێتەوە یان لە بەفر رادەماڵدرێت، دەیبەستین. بێگومان لەو رێگەوبانانە، لەبەرئەوەی ئۆتۆمبێلی گەورە هاتووچۆی زۆریان هەیە و مەترسیدارن، ئەو رووداوانە لە کاتی بەفر و بەستەڵەکدا روودەدەن. ئەوە لە ئێران قبووڵ بکەن کە بۆ پاراستنی گیانی خەڵکەکەی و گیانی شۆفێرەکان و خەڵکی هەرێمی کوردستان ئەو کارە دەکات، گوشار نەهێنین با ئەوە بەردەوام بێت بۆ سەلامەتیی خەڵک.
رووداو: هەر لەبارەی سنوور، بەڵام ئەمجارە لە بارەی ئاسایشی سنوورەوە، رێککەوتنێک هەیە لەنێوان ئێران و عێراق، هەرێمی کوردستانیشی تێدایە، بڕیاریش وابوو کۆبوونەوەیەک لەنێوان هەر سێ لایەنەکە لە هەولێر ئەنجامبدرێت بۆ ئاسایشی سنوورەکان و پاراستنی ئاسایشی سنوورەکان. یەکەم، کۆبوونەوە کەی ئەنجامدەدرێت یاخود نا؛ دووەم، بەپێی رێککەوتن کە هەرسێکیان کردوویانە، وەکو خۆی دەڕوات تاوەکو ئێستا؟
فەرامەرز ئەسەدی: تەماشاکە، سنووور هاوبەشە، سنووری یەک لایەن نییە، بەکارهێنانی، ئاسایشی، ئابوورییەکەی بۆ هەردوو لایەنە و هەردوو لایەنیش لە هەمبەر لایەنی بەرامبەر بەرپرسیارێتییان هەیە، هەندێک جووڵە لەو سنوورە هەبوو کە بە شێوەی ئاسایی هەر سێ لایەن هەرێمی کوردستان، بەغدا و تاران پێکەوە رێککەوتن بۆ پاراستنی ئاسایشی سنوورە هاوبەشەکان و لیژنەیەک پێکبهێنن، کە ئەو لیژنەیە پێکهاتووە، چەندین دانیشتنیان کردووە؛ بەڵێ هەندێک لەو رێککەوتنانە جێبەجێ کراون و هەندێکیشیان بە سستی دەچنە پێشەوە. زۆر زۆر ئاساییە، کۆماری ئیسلامیی ئێران بەدواداچوونی بۆ دەکات تاوەکو جێبەجێکردنی تەواوی رێککەوتنەکەی، کە پێکەوە کردوومانە لەنێوان دوو وڵاتی ئێران و عیراق و هەرێمی کوردستان، کە ئەو سنوورانەی ئێمە نیگەرانیمان لەسەریان هەیە، لە سنوورەکانی هەرێمی کوردستانە و بەدواداچوونی بۆ دەکات. بە شێوەی ئاسایی دانیشتنی زۆر لە هەولێر بەڕێوەچووە و ئەو دانیشتنانە بەردەوام دەبن، بەو شێوەیە نییە و پشتگوێ ناخرێت تاوەکو ئەنجامی کۆتایی دانیشتنەکان بەردەوام دەبن.
رووداو: نیگەرانییەکانتان زۆرە؟
فەرامەرز ئەسەدی: بەڵێ، ئاسایش بۆ ئێمە، یەک کەس ئەگەر رووداوێکی بۆ بێتە پێشەوە، زۆر گرنگە؛ کەسێکی ئێمە، کارمەندێکی ئێمە، کەسێک دەروونی نائارام بێت بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران گرنگە، بۆچی؟ چونکە هەندێک کەس سەبارەت بەو بابەتە بەرپرسیارێتیی هەیە، هەر کەسێک لەو پرسەدا بەرپرسیارێتیی خۆی دەبێت جێبەجێ بکات؛ کە خەڵک هەست بە ئاسایش بکەن.
رووداو: لەو بڕوایەدان نیگەرانییەکان بە ئاسانی چارەسەر ببێت و بڕەوێنەوە؟
فەرامەرز ئەسەدی: 100%، 100%، چۆن تاوەکو ئێستا بووە، دوای ئەوەش ئینشائەڵڵا دەبێت.
رووداو: تاوەکو ئێستا سەتا چەندی ئەو رێککەوتنە جێبەجێ کراوە؟
فەرامەرز ئەسەدی: تەماشاکە، قۆناخ بە قۆناخ، دوو یان سێ قۆناخی بە تەواوی و بە باشی جێبەجێ کراوە، هەڵبەت من لەم لیژنەیەدا ئەندام نیم، زانیاریی وردم نییە، بەڵام ئەوەی بەدواداچوونم بۆ کردووە، سێ یان چوار قۆناخی بە سەرکەوتوویی تەواو جێبەجێ کراوە، لەو دوو یان سێ قۆناخەی کۆتاییداین کە بێگومان ئەوانیش جێبەجێ دەکرێن، بەڵام هەم عێراق و هەم هەرێم لەژێر گوشاری دەرەکیشدان و ئێمە لەوە تێدەگەین، بەڵام بەدواداچوونی بۆ دەکەین کە بە هەر شێوەیەک، دۆستانە و برایانە بە ئەنجامی کۆتایی بگەین.
رووداو: با لە سنوور هەندێک بێینە ئەمدیو، بە تایبەتی ئێران بەردەوام رۆڵی هەبووە لەنێوان یەکێتی و پارتی و لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و پێکهێنان و لەو بابەتانەدا لە رابردوو و ئێستادا. رۆڵی ئێران چییە لە لێکنزیککردنەوەی یەکێتی و پارتی بۆ پێکهێنانی حکومەت و کابینەی دەیەمی هەرێمی کوردستان؟ چ کارێکتان لەم بارەیەوە کردووە؟
فەرامەرز ئەسەدی: ببینە، یەکەم سوپاس بۆ خوای گەورە پیاوانی هەرێم، بەتایبەتی دوو حیزبی گەورە و ریشەدار و خاوەن سەرچاوەی مرۆیی لە هەرێمی کوردستان، واتە یەکێتیی نیشتمانی و پارتی، خۆیان بە تەواوی لە هەموو کاروبارەکان تێدەگەن و هەم ئیدارەی دەدەن، ئێمە وەکو برای سێیەمی ئەو دوو برایە، کە هەموو کات پێکەوە بوون و لە تەنیشت یەکدی بوون؛ تۆ ئەگەر بگەڕێیتەوە بۆ مێژوو، کۆماری ئیسلامیی ئێران هەمووکات قسەکەی ئەوە بووە، چ بەر لە دامەزراندنی هەرێم و چ دوای پێکهێنانی تاوەکو ئێستا، پێشنیازی برایانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران یەکگرتوویی بووە لە هەرێمی کوردستان، ئێوە پرسیار بکەن لە گەورە پیاوان، لە دەستەبژێرەکان، سەرکردەکانی کورد، بەرەی کوردی لە کوێ پێکهات؟ بەرەی کوردستانی چۆن پێکهات و زۆربەی رێککەوتنەکانی نێوان یەکێتی و پارتی، نێوان کورد و بەغدا چۆن بووە؟ هەموو ئەوانە لە رێگەی ئەو دیدگا خێرخوازانە و برایانە و دڵسۆزانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بووە، ئەمڕۆش ئێمە ئەگەر برایانی یەکێتی نیشتمانی و برایانی پارتی پێشنیازی ئێمە ببیستن، راوێژی برایانی ئێمە ببیستن، ئەم دووانە دەبێت لە تەنیشت یەکدی حکومەت پێکبهێنن، بە شێوەی ئاسایی حیزبە بچووکترەکانیش لەو چوارچێوەیەدا دەبێت هاوکاریی ئەو حیزبە گەورانە بکەن، نەک ئەوەی کە سەرکێشی بکەن، چونکە ئێوە هەر رۆژێک کە لەو سەرکێشییانە هەبێت، رۆژێک لە بەرنامەی گەیاندنی خزمەتگوزاری بە خەڵکەکەت دوادەکەویت، بۆیە ئەگەر حکومەت زووتر پێکبهێندرێت، ئەوە حکومەت زووتر دەتوانێت بۆ پلانەکانی گەیاندنی خزمەتگوزاری بە خەڵک بەرنامەی دابڕێژێت و ئینشائەڵڵا بە ئامانجی کۆتایی بگات، کە خزمەتە بە خەڵک.
رووداو: گوتت ئەگەر یەکێتی و پارتی گوێمان لێ بگرن. گوێتان لێ دەگرن؟
فەرامەرز ئەسەدی: رێزمان لێ دەگرن، گەورەپیاوانی یەکێتی و پارتی هەموو کات رێزی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان گرتووە و لە بەرامبەریشدا کۆماری ئسیلامیی ئێرانیش رێزی لەو هاوڕێیانە گرتووە، ئێمە دۆست و برا بووین و 46 ساڵە پێکەوە کار دەکەین، زۆر زۆر زۆر ئاساییە ئەو دوو برایە کە پێکەوە کاریان کردووە چ، لە هەرێمی کوردستان و چ لە عێراق، هەندێک جار لەنێوان خۆیان جیاوازیی بۆچوونیان هەبووە، هەموو کات ئەوە بووە، لە نێوخۆی کۆماری ئیسلامییش هەیە، لەنێو خێزانیشدا هەیە، لە هەرێمی کوردستانیش ئەوە زۆر ئاساییە کە ئێوە بۆچوون، بەرنامە و داواکارییەکانتان جیاواز بێت لەگەڵ برایەکەت، ئەو بابەتەش لەنێوان یەکێتیی نیشتمانی و پارتی هەیە، بەڵام هیچ کات ئەو ناکۆکییانە نەگەیشتووەتە ئەو ئاستەی کە نەتوانن پێکەوە کار بکەن، هەموو کاتیش پێکەوە ناکۆکییان هەبووە، هیچ کات ئەو دووانە بەبێ ناکۆکی نەبوون، بەڵام سەرەڕای هەبوونی ناکۆکی، هەموو کات پێکەوە لەسەر ئامانجە گەورە کوردییەکەی خۆیان کاریان کردووە.
رووداو: لەبارەی رۆڵی ئێران لە فەرهەنگ و کولتوور کە خۆی ئێران ئیمپراتۆرییەتە لەو بابەتەدا خەڵکی هەرێمی کوردستانیش زۆر جار کاریگەریی کولتووری ئێرانیان لەسەرە رۆڵی ئێوە چییە لە بڵاوکردنەوە یان لە گرنگیدان بە لایەنی رۆشنبیری لە هەرێمی کوردستانە چیتان هەیە چیتان بۆ خەڵک کردووە؟
فەرامەرز ئەسەدی: سەیرکە، سوپاس بۆ خوا کاتێک کە من دەچمە کۆبوونەوە، زۆربەی هاوڕێیان و گەروەپیاوان کە لە هەرێمی کوردستانن لە حکومەت، لە دەوڵەت و لە حیزبەکاندا، هەموویان فارسن و هەموویان فارسی قسە دەکەن، ئەگەر کەسێکی ئێرانی بۆ یەکەمجار لە هەر شارێک بێتە هەرێمی کوردستان هەست بە نامۆیی ناکات، بە لانی زۆرەوە، [دوای] یەک یان دوو رۆژ دەتوانێت بە هەمان زمانی فارسی لە هەرێمی کوردستان کاروبارەکەی رایی بکات، ئێوەش باشتر لە من دەزانن خەڵکی هەرێمی کوردستان رۆژانە سەتان کەس کە تەنانەت یەک وشەش زمانی فارسی نازانن، دەچنە ئێران و بەبێ هیچ گرفتێک سەردانی هەموو شارەکانی ئێران دەکەن و دەگەڕێنەوە. ئەوەی کە ئێمە بمانەوێت یەک بەرنامە و یەک ستراتیژیمان بۆ ئەو کارە هەبێت، بەگشتی ئێمە برا کوردەکانمان خۆش دەوێت و برا کوردەکانیشمان لە هەرێمی کوردستان پەیوەستن بە کولتووری ئێرانەوە، بۆچی؟ چونکە ئەوە بە کولتووری دایکیی خۆیان دەزانن. هاوبەشییەکانی ئێمە زۆر زۆرن، هەم هاوبەشییە سرووشتییەکان، هەم مرۆیی، هەم جوگرافی و هەم مێژوویی، هەم کولتووری و هەم کۆمەڵایەتی. من پرسیارێکم لە هاوڕێیانی خۆمان کرد، نازانم ئەوە لە تەلەڤیزیۆنیش پەخش دەکرێت، گوتم ئێوە بچن بەدواداچوون بۆ هاوبەشییەکانی نێوان کورد و هەرێمی کوردستان لەگەڵ هەموو وڵاتانی جیهان و دراوسێکان بکەن، ببینن زەماوەندی کورد لەگەڵ ئێرانییەکان و نەتەوە و وڵاتانی دیکە بەراورد بکەن، بزانن ئەو جۆرە پەیوەندییانە چەندە؟ بە هەرحاڵ زەماوەند بابەتێكی زۆر گرنگە، دەتەوێت ژیان هەڵبژێریت و لە زۆربەی ماڵەکان دەبینیت یان بووک ئێرانییە یان زاوا ئێرانییە، لە ئێرانیش بە هەمانشێوە. نەک تەنیا بڵێین کە ئێستا ئێوە برایەکی کوردن.. بۆ نموونە؛ لە دیانا لەگەڵ پیرانشار، نا؛ هەولێرییەک لەگەڵ ئیسفەهانییەک، لەگەڵ یەزد، لەگەڵ تاران، سلێمانی بەهەمانشێوە و پێچەوانەکەی، زەماوەند ئێجگار زۆرە. ئەوە کاری ئێمە نییە کاری حکومەت نییە و زۆرەملێیەکی تێدا نییە.
رووداو: زۆر زیادە، مەبەست ئەوەیە کەم بکرێتەوە یان هەر بەردەوام بێت؟
فەرامەرز ئەسەدی: نا نا، قسەکەم ئەوەیە ئەو هاوبەشییە گەیشتووەتە ئاستێک کە هیچ پێویست بە پلان ناکات، خەڵک خۆیان یەکدییان قبووڵ کردووە و ئێمەش حەز دەکەین زیاتر بێت.
رووداو: با لەسەر ئاستی زانستی پرسیار بکەم زمانی فارسی لە زانکۆکانی کوردستاندا ئەوەندەی هەیە بۆ خوێندن لە خوێندنی باڵا مەبەستمە لێی رازین؟
فەرامەرز ئەسەدی: لە هەرێمی کوردستان، من پێشینەیەکم لە هەرێمی کوردستان هەیە، لەگەڵ زانکۆکانیش بێ پەیوەندی نەبووم، لەگەڵ دەستەبژێر و بەرپرسەکانیش پەیوەندیم هەبووە و هەیە، زۆر زۆر خوازیار بوون و وانەی زمانی فارسی لە زانکۆکان دەگوتراوە، تیمێک بە ناوی تیمی زمانی فارسی پێکهات، زۆر لە خوێندکارەکان زمانی فارسییان خوێند و لە بازاڕی کاری ئەمڕۆ هەرێمی کوردستانیش زمانی فارسی پێویستیی خەڵکە. بە لەبەرچاوگرتنی ئەو بابەتەی کە ئێوە گوتتان، پەیوەندیی بازرگانی، کڕین و فرۆشتن و هاتووچۆ و وەبەرهێنان، چ وەبەرهێنانی ئێرانی لە هەرێم و پێچەوانەکەی بە شێوەی ئاسایی ژمارەیەک لەو کەسانە پێویستن کە بتوانن لەو کارگە و کۆمپانیایانە لەگەڵ بازرگانان و لە پێشانگەکان بە زمانی فارسی قسە بکەن، سرووشتییە کە هەرچەندە زیاتر بن ئێمە زیاتر چێژ وەردەگرین.
رووداو: بینەرەکانم رەنگە ئەو پرسیارە بکەن و بڵێن، ئەم پەیوەندییە باشەی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران لە دوای هاتنی دۆناڵد ترەمپ کێشەی تێناکەوێت؟ کاریگەریی نابێت؟ تەسک و کورت نابێتەوە؟
فەرامەرز ئەسەدی: ببینە، کورد و ئێران، هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێران، بنیادنەری پەیوەندییەکانیان ئاغای ترەمپ یان کەسانێکی دیکە نەبوون، ئاغای ترەمپ چوار ساڵی دیکەیش سەرۆککۆمار بووە، دژی ئێران هەر چی هەبوو و توانیویەتی هەوڵی داوە، ئەو پەیوەندییەم گوت، ببینە ئێمە، کۆماری ئیسلامیی ئێران لەگەڵ حکومەتی بەعس و رژێمی بەعس هەشت ساڵی رێک لە شەڕدا بووە، یەک ساڵیش پێشتر و دواتری، واتا 10 ساڵ پەیوەندییان نەبووە، من بە ئێوە بڵێم هەر لەو 10 ساڵەدا پەیوەندیی گەلی کوردستان و ئێران پچڕاوە؟ پەیوەندی و هاتووچۆی خێزانی پچڕاوە؟ کە سەددام هەرچی هێز و توانای هەبوو هێنابوویە سەر سنوورەکان، خۆیشی ئەو پەیوەندییەی نەویستووە، توانای سەددامیش کەم نەبوو، ئێمەش لە شەڕدا بووین ئایا ئەم پەیوەندییە پچڕا؟ نا. من بە ئێوە بڵێم کە ترەمپ و دوای ترەمپ و بەر لە ترەمپیش لەسەر پەیوەندییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێران کاریگەریی نابێت. هەڵبەت پێیان خراپ نییە لەنێوان سنوورەکانی ئێران دیوار هەڵچنن، ئەگەر بتوانن ئەم کارە دەکەن.
رووداو: بە زمانی کوردی پەیامت چییە بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان؟ ئەوەندەی دەتوانیت؟
فەرامەرز ئەسەدی: ئەگەر بتوانم.
رووداو: بێگومان دەتوانیت.
فەرامەرز ئەسەدی: زۆر زۆر حەز دەکەم بتوانم لەگەڵ خەڵکی کوردی خۆشەویستی هەرێمی کوردستان بە زمانی کوردی قسە بکەم. زۆر زۆر سوپاسیان دەکەم لە ئەو چەند ساڵە میواندارییان کردووین، سوپاس بۆ خوا پەیوەندیمان زۆر زۆر لەگەڵیان باش بووە، سوپاسی هەموو خەڵکی کوردستان دەکەم، بەتایبەت حکومەتی هەرێم و حیزبە سیاسییەکانی کوردستان، سوپاسیان دەکەم لەگەڵمان بوون، ئیشەڵڵا لە داهاتوویش لەگەڵ یەکدین و ئەوەی کە ترەمپ هات و کێ چوو، ئەوە ناتوانێت کاریگەری لەسەر پەیوەندییەکانمان هەبێت.
رووداو: زۆر سوپاس، کوردیەکەت زۆر خۆشە. زۆر سوپاس بەڕێز فەرامەرز ئەسەدی، سەر کۆنسووڵی گشتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەولێر، سوپاست دەکەم، کاتم گرتیت.
فەرامەرز ئەسەدی: ئینشائەڵڵا بتوانین زیاتر لەگەڵ یەکدی قسە بکەین و زیاتر پەیوەندیمان هەبێت، سوپاست دەکەم.