ڕوانگە - بریكاری وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، بۆ وەبەرهێنان و پەرەپێدانی كێڵگە نەوتییەكانی كەركوك، كۆمپانیای بی پی بەریتانی داوای گرێبەستی "بەشداری لە قازنج" دەكات و ئەوەش لە ئێستادا گونجاوترین جۆری گرێبەستە.

عەلی مەعارج، بریكاری وەزارەتی نەوتی عێراق، بە میدیای رەسمی وڵاتەكەی وتوە، بەرنامەیەكی هاوبەش لەگەڵ كۆمپانیای بی پی بەریتانی هەیە بۆ پەرەپێدان و وەبەرهێنان لە كێڵگە نەوتییەكانی كەركوكدا، ئێستا گفتوگۆی تەكنیكی و گرێبەستیی بەڕێوەدەچێت بەمەبەستی ئیمزاكردنی یاداشتی لێكتێگەیشتن لەنێوان كۆمپانیا بەریتانییەكەو كۆمپانیای نەوتی باكور.

ئەوەشی خستۆتەڕو، گرێبەستی جۆری (بەشداری لە قازانج) لە ئێستادا گونجاوترین جۆری گرێبەستە، بەوپێیەی قازانج بۆ هەردولا بەدەستدەهێنێت، كۆمپانیای بی پی بەریتانیش بەم ئاڕاستەیەدا دەڕوات و هیواشی خواستوە بەمزوانە لەگەڵ كۆمپانیا بەریتانییەكە بگەنە رێككەوتنی كۆتایی.