ڕوانگە - تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق رایگەیاند، موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستانیان خەرجكردوەو سكاڵاكەی سەرۆك كۆمار لەبارەی موچەوە توشی سەرسوڕمانی كردون.
تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق لە لێدوانێكدا بۆ میدیای پارتی، وتی "توشی سەرسوڕمان بوین بە بڕیارەکەی سەرۆککۆمار بۆ تۆمارکردنی سکاڵا، چونکە ئێمە موچەمان خەرج کردوە و هیچ لای ئێمە نەماوە."
دوێنێ یەكشەممە، بەڕێوەبەری گشتی پەیوەندییەكان لە سەرۆكایەتی كۆماری عێراق ئاشكرایكرد، د. لەتیف رەشید، سەرۆك كۆمار، لەبارەی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان لە دادگای فیدراڵی سكاڵای یاسایی لەسەر محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق و تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق تۆماركردوە.
بەپێی قسەی هاوڕێ تۆفیق، سكاڵاكە رۆژی 20ی 1ی ئەمساڵ لە دادگای فیدراڵی تۆماركراوەو تێیدا داواكراوە دادگای فیدراڵی، فەرمانێكی وەلائی بەپەلە دەربكات بۆ خەرجكردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی بەردەوام و بەبێ راوەستان و داواشكراوە بابەتە هونەرییەكانی وەك میزانی موراجەعەو وردبینی و چاودێری، نەبنە هۆكارێك بۆ دواخستنی موچە.
بەپێی قسەی بەڕێوەبەری گشتی پەیوەندییەكان لە سەرۆكایەتی كۆمار، بڕیارە رۆژی چوارشەممە 12ی شوبات، دانیشتنی دادگای فیدراڵی لەبارەی سكاڵاكەوە بەڕێوەبچێت و وتیشی، چاوەڕێی ئەوە دەكەین دادگای فیدراڵی لەو رۆژەدا بڕیاری دەستوری خۆی لەمبارەیەوە بدات.