ڕوانگە – لە ڕێوڕەسمی ساڵیادی سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران، بەرپرس و کەسایەتی سیاسی هەرێمی کوردستان وێڕای جەخت لەسەر گرنگی ئەو شۆڕشە بۆ کورد و پێدانی هەناسەیێکی نوێ بە خەباتی کورد لە عێراق، پەرەپێدانی پێوەندیی دوولایەنەیان بە ستراتیژی وەسف کرد.

بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسی پارتی دیمۆکراتی کوردستان  ڕایگەیاند کە کورد زەرەرمەندی ڕێکەوتنی جەزایر لە نێوان هەر دوو ڕژێمی شا و سەدام بوو و سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران بووە دەرفەتێکی گەورە بۆ پەرەپێدانی خەباتی هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان.

فازڵ میرانی لە ڕێوڕەسمی ساڵیادی سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە هەولێر، ڕایگەیاند، خۆشحاڵین بە نوێنەرایەتی سەرۆک مەسعود بارزانی و پارتی دیمۆکراتی کوردستان و لە گەڵ هێز و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بەشداری لە ڕێوڕەسمی چل و شەشەمین ساڵیادی سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی دەکەین.

 وتیشی: کورد و بە تایبەت پارتی دیمۆکراتی کوردستان یەکێک لە سەرەکیترین زەرەرمەندانی ڕێکەوتنی جەزایر لە نێوان هەر دوو ڕژێمی شا و سەدام بووین و بە ڕۆیشتنی شا لە ئێران، ئێمەش وەک هەر ئێرانییەک خۆشحاڵ بووین، لە بەر ئەوەی کە ئێمە قوربانی ڕێکەوتنێک بووین کە شا پلانداڕێژەکەی بوو.

فازڵ میرانی ڕونیشیکردەوە: سوپاسی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکەین کە تەرمی بارزانی نەمر بە ڕێزەوە لە ئەمریکاوە هێنراوە ئەم وڵاتە و هەروەها هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بە ئاشکرا چالاکییان دەکرد و هاوکاری ئاوارەکانیش دەدرا.

بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی دیمۆکراتی کوردستان وتی: لە شەڕی سەپێندراوی سەدام لە دژی شۆڕشی ئیسلامی ئێران، هێزە سیاسییە کوردستانییەکان بە تایبەت پارتی دیمۆکراتی کوردستان شان بە شانی ئێران و گەلەکەی، شەڕی ئەو ڕژێمەیان کرد، هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، کورد لە سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران و گۆڕینی ڕژێمی شا سوودمەند بووە.

فازڵ میرانی باسی لەوەشکرد، لە ساڵی 1991 و لە ڕاپەڕینی گەلی کورد، کۆماری ئیسلامی ئێران هەڵوێستێکی برادەرانە و مرۆڤدۆستانەی بەرامبەر بە ئێمە هەبووە، هەروەها لە کارەساتی دڵتەزێنی بۆردومانی کیمیایی هەڵەبجە لە لایەن سەدامەوە، بە کردنەوەی دوو کۆنسووڵخانە لە هەولێر و سلێمانی، لە شەڕی دژ بە داعش و لە سەرجەم قۆناغەکاندا کۆماری ئیسلامی ئێران هاوکار و پشتیوانی کورد بووە.

بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسی پارتی دیمۆکراتی کوردستان، ئەوەشی خستوڕوو،  پێویستە هەر دوو لا کەڵک لە خاڵە ئیجابییەکانی نێوانیان وەربگرن و پەرە بە پەیوەندییەکان لە سەرجەم بوارەکاندا بدەن.

لای خۆیەوە سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەکێتی لە ڕێوڕەسمی ساڵیادی سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە هەولێر، وتی: بە ناوی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە پیرۆزبایی خۆمان ئاراستەی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران، حکومەت، پەرلەمان و گەلی ئێران دەکەین.

ڕاشیگەیاند: سەرکەوتنە شکۆمەندەکەی شۆڕشی ئیسلامی ئێران کۆتایی بە دەسەڵات و ڕژێمێکی داپڵۆسێنەر و سەرکوتکەر لە ناوچەکە هێنا.

زیاتر وتی: گەندەڵی و بەفیڕۆدانی سەروەت و سامانی گشتی، سەرکوتکردنی دەنگە ناڕازییەکان لە ڕێگای دەزگای ئەمنی و هەواڵگرییەکان، بوونە هۆکاری سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان بە ڕێبەرایەتی ئیمام خومەینی (رە) و لە کاتێکی زۆر هەستیار لە ناوچەکەدا گۆڕانکارییەکی گەورەی خوڵقاند.

سەعدی ئەحمەد پیرە ئاماژەی بەوەشدا: سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی و ڕووخانی دەسەڵاتی شا بووە هۆی ساڕێژبوونی کەمێک لە برینەکانی ڕێکەوتننامەی جەزایر، لە بەر ئەوەی کە لەو ڕێکەوتنەدا خەنجەرێکی گەورە لە بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد درا. لە سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامییەوە تا ئێستا کۆماری ئیسلامی ئێران لە سەرجەم قۆناغەکاندا پشتیوان و هاوکاری هەرێمی کوردستان بووە.

هەروەها محەممەد حاجی مەحمود سەرۆکی پارتی سۆسیال دیمۆکراتی کوردستان لەو ڕێوڕەسمە ڕایگەیاند: شۆڕشی ئیسلامی ئێران بووە هەناسەیەکی نوێ بۆ بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد لەو سەردەمەدا بە تایبەت کە دەسەڵاتی شای ئێران و سەدام لە عێراق بە پێی ڕێکەوتنی جەزایر، پەلاماری کوردیان دەدا.

ناوبراو بە ئاماژە بە دۆخی ئەو کاتەی هێزەکانی پێشمەرگە و خەڵکی کوردستان بە گشتی، وتی: لەو سەردەمەی خەباتی دژ بە سەدام، بریندارەکانی کورد بە هۆی نەبوونی دکتۆر و دەرمانەوە شەهید دەبوون، بەڵام سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران بووە هەناسە و دەرفەتێکی نوێی هاوکاری و پشتیوانی بۆ ئێمە و دژایەتیکردنی ڕژێمەکەی بەعس.

ڕاشیگەیاند: پەیامەکانی ئیمام خومەینی (رە) لە سەرمای ئەو کاتەی زستانی ئێران، گەرمییەکی زۆری خستبووە سەر شەقامەکان و خەڵکی شۆڕشگێڕی ئێران بە یەکڕیزی سەرکەوتنی شۆڕشیان مسۆگەر کرد.

محەممەد حاجی مەحمود بە ئاماژە بە پشتیوانیکردنی خەڵکی شۆڕشگێڕی ئێران لە لایەن هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە لەو سەردەمەدا، وتی: پێش ئەم ڕووداوە گرنگە، ئایینی پیرۆزی ئیسلام بەرەو کاڵبوونەوە دەڕۆیشت بەڵام سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران بووە هاندەرێکی گەورەی گەشەکردنی لە زۆر وڵاتی دیکەدا و شۆڕشی ئیسلامی تەنیا لە سنورەکانی ئێراندا نەمایەوە و چەندین وڵات و شوێنی دیکەی لە ناوچەکەدا گرتەوە.

جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە: دۆستانی دوێنێی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەرێمی کوردستان و عێراق دەسەڵاتدارن، کۆماری ئیسلامی وڵات و هێزێکی گەورەی ناوچەکەیە و پێویستە هاوکارییەکانی نێوان هەر دوو لا زیاتر ببێت