ڕوانگە- وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە،ئەمڕۆ سێ شەممە ١١ـی شوباتی ٢٠٢٥، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری کاروباری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی باڵای کرد. لە نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و تیمی هەماهەنگی ئاسایش لە کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی کۆڵۆنێڵ گاڤین رایس، بەرپرسی ئۆفیسی هەماهەنگی ئاسایش.


لەو کۆبوونەوەیەدا، کە بریکاری وەزارەت و ئەمینداری گشتیی و سەرۆکی ئەرکان و ئەفسەرانی پلەباڵای وەزارەت تێیدائامادەبوون.تاوتوێ چەند بابەتێکی گرنگ سەبارەت بە هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ وەزارەتی پێشمەرگە کرا.


وەزیری پێشمەرگە هاوکاری و پاڵپشتی بەردەوامی ئەمریکای بۆ وەزارەتی پێشمەرگە بەرزنرخاند و ڕونیکردەوە، پشتیوانی ئەمریکا و هاوپەیمانان  پاڵپشتییەکی گەورەیە بۆ وەزارەتی پێشمەرگە و سەرخستنی پرۆسەی چاکسازی و بەرزکردنەوەی توانا سەربازییەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، ئومێددەکەین پشتیوانیەکان زیاتر و بەردەوام بن.


لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا، باسیان لە دامەزراندن و دەستبەکاربوونی فیرقەی پێنج و شەش کرد لە ئایندەیەکی نزیکدا لە چوارچێوەی دوو ناوچەی سەرکردایەتی. وەزیری پێشمەرگە رایگەیاند: ناوچەی سەرکردایەتی سەربازی و فیرقەکانی پیادە بەشێکی گرنگ و ستراتیجین لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا بەمەش هێزێکی یەکگرتووی نیشتمانی بنیات دەنرێت.