ڕوانگە- ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی لە پەیامێکدا ڕایانگەیاند، هەڵوێست و خەباتی ئەو (13) خوشک و برا مانگرتووە خۆڕاگر و جوامێرەمان بەرزدەنرخێنین؛ کە  بۆماوەی (15) ڕۆژ مانیان لە خواردن و خواردنەوە گرت؛ ئەم خەباتەش درێژکراوەی ئەو خەباتە مەدەنییە بوو؛ کە مامۆستایان و فەرمانبەران و دادخوازان؛ لەماوەی (10) ساڵی ڕابردوودا دژ بە ستەم و نادادی ئەنجامیانداوە


هەر لەو پەیامەدا ئەوەشیان خستۆتەڕوو,سەرلەبەری چەواشەکاری و تۆمەتەکانی پارتی دەسەڵاتداری هەولێر؛ لە ڕێی وەزارەتی ناوخۆ و پەیجە فەیک و سێبەر و ڕاوێژکارە دابەستە و نووسەرە دەربارەکانیان؛ ڕەتدەکەینەوە، وەک هەمیشە سەلماندیان کەسانی خێڵەکی و نەخوێندەوار شیاوی دەوڵەتداری نین؛ ئەگەر ڕاستگۆن! فەرموون چی بەڵگەیەکی پێشێلکاری و تێوەگلانمان لەگەڵ هێزی دەرەکی و ئیقلیمی هەیە، بۆ ڕای گشتی بڵاوبکەنەوە


دەقی پەیامەکە:


بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان


🔹مانگرتووانی خۆڕاگر و سەربەرز

🔹مامۆستایان، فەرمانبەران، مووچەخۆران، ڕای گشتی

🔻دەسەڵاتی تاڵانکار و چەواشەکار


سەبارەت بە خەباتی پیرۆزی مانگرتن؛ خۆپیشاندانە مێژووییەکەی دێگەڵە و چەواشەکارییەکانی دەسەڵاتی ترسنۆک و ملهوڕ؛ هەڵوێست و جووڵەی ئاییندەمان؛ بەباشمان زانی ئەم خاڵانەی خوارەوە، بخەینەڕوو:


🔹هەڵوێست و خەباتی ئەو (13) خوشک و برا مانگرتووە خۆڕاگر و جوامێرەمان بەرزدەنرخێنین؛ کە  بۆماوەی (15) ڕۆژ مانیان لە خواردن و خواردنەوە گرت؛ ئەم خەباتەش درێژکراوەی ئەو خەباتە مەدەنییە بوو؛ کە مامۆستایان و فەرمانبەران و دادخوازان؛ لەماوەی (10) ساڵی ڕابردوودا دژ بە ستەم و نادادی ئەنجامیانداوە.

ئێستا و پاش ڕازیبوون بەو هەموو داوا و فشار و ڕوولێنان و قورئانهێنانەڕووەی؛ تا کۆتایی بە مانگرتن بێنن، لەلایەن کەسوکار و هاوڕێ و دڵسۆزان و چین و توێژە جیاوازەکانی ئەم کۆمەڵگەیەوە.

ئێمە ڕێز و پێزانیمان بۆ بڕیارەکەیان و بەدەمەوەهاتنی داواکاری هەمووانەوە هەیە و بە سەرکەوتن و کارێکی گەورەی دەبینین.


🔹لەپاڵ خەباتی مانگرتندا؛ پایەیەکی تری بەهێزی خەباتەکەمان؛ خەباتی 9ی شوباتی تێکشکانی خەندەق و بڤەبەندی دێگەڵە بوو؛ کە پێ بەپێ لەگەڵ مانگرتنەکەدا؛ هاوار و داوای ستەملێکراوانی بە ناوخۆ و جیهانی دەرەوە گەیاند؛ تا دەنگ و دۆزەکەمان لە چوارچێوەی زۆنێکدا قەتیس نەبێت؛ هەر ئەمەش وای کرد، ئەوەی بەتەواوی هێز و لایەنە سیاسییەکان نەکرا؛ مامۆستایان و فەرمانبەران و ئازادیخوازان، لێبڕاوانە و قوربانیدەرانە ئەو تەلبەندە بەڕقکێشراوە شەلوپەت بکەن.


🔹بایکۆتی دەوام؛ لە ڕابردوو و ئێستا و داهاتووشدا؛ بڕیارێکی خۆڕسکانەی خودی مامۆستایانە و وابەستەنییە بە بە بڕیاری پێشوەختەی هیچ ئەنجومەن و دەستەیەک و مانگرتووانەوە؛ بۆیە ئێمە پاڵپشت و پشتیوانی هەر بڕیارێکین کە ئەوان دەیدەن.

🔻سەرلەبەری چەواشەکاری و تۆمەتەکانی پارتی دەسەڵاتداری هەولێر؛ لە ڕێی وەزارەتی ناوخۆ و پەیجە فەیک و سێبەر و ڕاوێژکارە دابەستە و نووسەرە دەربارەکانیان؛ ڕەتدەکەینەوە، وەک هەمیشە سەلماندیان کەسانی خێڵەکی و نەخوێندەوار شیاوی دەوڵەتداری نین؛ ئەگەر ڕاستگۆن! فەرموون چی بەڵگەیەکی پێشێلکاری و تێوەگلانمان لەگەڵ هێزی دەرەکی و ئیقلیمی هەیە، بۆ ڕای گشتی بڵاوبکەنەوە.


🔸لە ئاییندەکانی نزیکدا؛ لە ڕێی ئامار و ڕاپۆرتی ورد و ڕاستەوە، تەواوی پێشلکارییەکانی دەسەڵات لە خۆپیشاندانەکەی دێگەڵە، ئاڕاستەی UN و کۆنگرێسی ئەمریکا و پەرلەمانی وڵاتانی ئەوروپا و ڕێکخراوە جیهانییەکانی تایبەت بە مافی مرۆڤ، سەرۆکایەتییەکانی (کۆمار، ئەنجومەنی وەزیران، ئەنجومەنی نوێنەران، دەسەڵاتی دادوەری)ی عێراق دەکەین و بەڵگە و ڤیدیۆ و وێنەکانی لەگەڵدا هاوپێچ دەکەین.


🔸چاوەڕوانین هاوڕێ مانگرتووەکانمان دوای (48) کاتژمێر لە نەخۆشخانە بە تەندروستییەکی باشەوە بگەڕێنەوە ناومان؛ ئەم ماوەش وەک مۆڵەتێک دەدەین بە دەسەڵاتی زۆنی سەوز؛ تا خۆی یەکلابکاتەوە لەنێوان (تەوتین) و (هەژماری من)؛ ئەگەرنا دوای ئەو ماوەیە و بەمنزیکانە دەست بۆ جوڵەیەک دەبەین، کە سەرچاوەی داهاتەکانیان پەکدەخەین.


ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی

11/ 2/ 2025