روانگه - وابریارە بەم نزیکانە وەفدیکی باڵای ئیمرالی کە تاکو ئێستا دووجار سەردانی بە رێز(ئۆچەلان)یان کردوە، بێنە هەرێم.


بەحوکمی ئەوەی بەندە ماوەی ١٧ ساڵ نوێنەری جەنابی مام جەلال بوم لە تورکیا، وە بەرێنومایی جەنابیان پشكم بەركەوت و رۆڵم بینی لەپرۆسەی ئاشتی لە نێوان پارتی ئاشتی و دیموکراسی و ئاک- پارتی لە لایەک و وە لەلایەکی تریش لە نیوان قەندیل و حکومەتی تورکیا، بە تایبەتیش لەگەل هەندێك لە دامودەزگای تایبەتی تورکیا کە تا کۆتایی سالی ٢٠١١ لەم بارەیەوە، کاریکی زۆر باشمان بۆ پرسی ئاشتی کرد، دەرئەنجامی زیاتر لە ٧٨ جار بەندە لە ئەنکەرەوە هاتمەوە بۆ لای جەنابی مام و زۆر جاریش وەفدی  کوردی و ەیا ئەو وەفدانەم لەگەڵ بو کە سەردانی ئیمرالییان کردبو. لەم بارەیەوە سەرکەوتنی گەورەشمان بە دەست هینا ،تا گەیشتینە کۆبونەوە راستەوخۆکانی نیوان قەندیل و کاربەدەستانی تورکیا لە برۆکسل دوايش  تاگەیشتە کۆبونەوەکانی( دۆلمەباخچە )کە خەریک بو بگاتە ئەنجامیکی باش، بەڵام بە داخەوە لەدوایدا بەچەند هۆكارێك هەمووشتێك تێکچو كە رەنگە ئێرە شوینی باسكردنی نەبێت!.


 ئێستاش كەماوەیەکە جۆریک لە قسەوباس بەئاراستەی گفتوگۆو پرسی ئاشتی هەیە، هەربۆیە وەفدێکی باڵا لەم نزیکانە دێن بۆ کوردستان و سەردانی بەرێزان کاک مەسعود بارزانی و کاک بافڵ   تاڵەبانی دەکەن، هاتنەکەیان بۆ گەیاندنی پەیامی بەرێز ئۆجەلانە بۆ پارتی و یەکیتی و دەشیانەوێت سەردانی قەندیل و سەرکردایەتی پەکەکە بكەن تا بیروبۆچی بەرێز ئۆجه لان بگەیەنن  بەوان و بۆچونی ئەوانیش لەگەڵ خۆیان ببەنەوە بۆ ئیمرالی …


لێرەدا ئەوەی گرنگە کە من ئاماژەی پێبدەم ئەوەیە کە گرنگە کاک مەسعود و کاک بافل پشتیوانی خۆیان رابگەیەنن لە ئاشتییەکی راستەقینە لەنێوان هەردولا،  بە تایبەتی داوا لە سەرۆکی یەکیتی دەکەم کە ڕۆلی جدی ببینی لە هاندانی سەرکردایەتی قەندیل و کارئاسانیکردن بۆ سەرکەوتنی ئەو پرۆسەیە بە مەبەستی ئاشتیەکی راستەقینەی بێ فێل و فەرەج، چونكە کورد لە باکور پێویستی بە ئاشتی و دیموکراسی و راگرتنی شەرە و تورکیاش لەم دۆخە نوێیە تێدەگات و پێویستی بە ئارامی و ئاسایشە.


بۆ ئەم پرسە زۆر گرنگە لە گۆرینی دەستوری تورکیادا کە بەنیازن هەندی برگەی بگۆرن، تیایدا ئاماژە بە بونی کورد بکرێت وەك بەشێكی سەرەكی لەپێكهاتەی توركیا و کۆتایی بە توندو تیژی بێت.


ئەركی یەکیتی قورسە، بەڵام دەبێت وەک مام جەلال رۆل ببینێت بۆ سەرکەوتنی ئاشتی و خاوەندارێتی لەپرۆسەكی ئاشتی بكات، تا بەهەموان بتوانین کۆتایی بەم شەر و گرژیانە بێنین و ئاشتی وئاوەدانی و برایەتی لەتوركیا شوێنی شەربگرێتەوە.


دیارە سەركەوتنی ئاشتی لەتوركیا نەك هەر بۆ كوردانی باكور بەڵكو بۆ هەموو كوردانی پارچەكانی تریش گرنگەو دەبێتە كلیلی كردنەوەی دەرگا داخراوەكان بەرووی گرژی و ئاڵۆزیەكانی ناوچەكانی تریش…