ڕوانگە - زۆرێک لەو خێزانانەی کە بۆ دەرکردنی کارتی نیشتیمانی ڕوو لە فەرمانگەکانی قەزای خانەقین دەکەن نیگەرانن لەوەی کە گرفتیان بۆ دروست دەکرێت و بەگوێرەی پێویست مامەڵەکانیان ڕایناکرێت و هاوڵاتییەکیشڕایدەگەیەنێت، پێشنیار دەکەم هەوڵبدرێت نوسینگەیەکی کارتی نیشتمانی تایبەت بە مادەی 140 لەکەلار بکەنەوە هەروەک ئەوەی لەسلێمانی کراوەتەوە بەناوی قسم تسجل مرکزی ،بۆ ئەوەی چیتر ئەو خەڵکە توشی ئەو بار گرانیە نەبێت.
ئاسۆ پیرۆزی دانیشتوی کەلار بۆ ڕوانگە ڕایگەیاند، لەدوای ساڵی 2006 کە مادەی 140ی دەستور بڕیاری لێدرا ئەوەی نفوسی خانەقین بوو گەرایەوە بۆ ئەوێ، لەوکاتەوە ئەوخەڵکەی گەراوەتەوە زەحمەت و نارەحەتی ئەکێشن بەدەست ئەم فەرمانگەیەوە، چونکە ئیش وکاری زۆر بەنارەحەت بەرێدەکرێت و چەندین جار دەبێت بۆ شتێکی ئاسان بتگەرێننەوە.
وتیی، ئەوەی ئێستە بووتە جێگەی نارەحەتی زیاتر دەرکردنی کارتی نیشتمانیە و خەڵک ناچارە لە کاتژمێر سێی شەوەوە بچێت نۆرە بگرێت بۆ ئەوەی بتوانێت مامەڵەکەی تەواوبکات لەکاتێکدا مناڵ و پیرو پەککەوتە دەبێت بەو بەیانی زووە بچنە ئەوێ ، لەوێش دیارنییە نۆرەیان دێت یاخود نا.
ئاسۆ پیرۆزی ڕونیشیکردەوە، پێشنیار دەکەم پەرلەمانتارەکانی عێراق لە فراکسێۆنە کوردیەکان ، هەوڵبدەن نوسینگەیەکی کارتی نیشتمانی تایبەت بە مادەی 140 لەکەلار بکەنەوە هەروەک ئەوەی لەسلێمانی کراوەتەوە بەناوی قسم تسجل مرکزی ،بۆ ئەوەی چیتر ئەو خەڵکە توشی ئەو بار گرانیە نەبێت.
لای خۆشییەوە جەواد فەیزوڵا قایمقامی قەزای خانەقین بۆ ڕوانگە باسی لەوەکرد، تائێستا یەکەمینجارە داواکارییەکی لەوجۆرە ڕووبەڕووی ئێمە دەکرێتەوە و داوادەکەین ئەو هاوڵاتیانەی کە گرفتیان هەیە سەردانمان بکەن بۆئەوەی بەدواداچوون بۆ گرفتەکانیان بکەین و ئەوەی ڕێکاری یاسای بێت و لە بەرژەوەندی هاوڵاتیان بێت دەیگرینەبەر.
ڕونیشیکردەوە، لە ڕابردودا وابڕیاربوو هاوڵاتیان لەماوەی یەک مانگدا دەبێت کارتی نیشتیمانی دەربکەن، بەڵام ئەمە وایکرد قەرەباڵغییەکی زۆر دروست ببێت، بۆیە بڕیارماندا ماوەکە درێژبکەینەوە بۆ سێ مانگ، بەڵام بەداخەوە هاوڵاتیان خۆیان قەرەباڵغی دروست دەکەن.
لە بەرامبەر پێشنیاری ئەو هاوڵاتییەدا کە ئاراستەی ئەندامانی پەڕلەمانی عێراق کراوە، کاروان یاروەیس ئەندامی پەڕلەمانی عێراق لە لیستی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بۆ ڕوانگە ڕایگەیاند، نوسینگەی ماددەی ١٤٠ لەو ناوچانە دەکرێتەوە کە ناوچەی جێناکۆکن و لە چوارچێوەی ماددەی ١٤٠ن ددبۆیە ئەو نوسینگەیە لە کەلار ناکرێتەوە.
وتیشی، لە ڕابردودا زۆر هەوڵماتدا نوسینگەیەک لە قۆرەتوو یاخود ناحێی مەیدان بکەینەوە، بەڵام حکومەتی عێراق ڕازی نەبوو هەروەها ترسمان لەوە هەبوو کە لە داهاتوودا گرفت بۆ هاوڵاتیان دروستت ببێت و وەک هاوڵاتی ماددەی ١٤٠ هەژمار نەکرێن

- ڕاپۆرت
- 75
February 13, 2025