کاوە شێخ عەبدوڵڵا


ئەم بابەتە گرنگ و سەرنجڕاکێشە، پێمخۆشە بیخوێنیتەوە ئەگەر تاقەت و حەوسەڵەت هەیە.


بیهێنە بەرچاوت لە کوردەواریدا ژن و مێردی جاران زۆر کەم رازی دەبوون لە پێنج منداڵ کەمتریان هەبێ، بەڵام تا دە و دوانزە و زیاتریش دەچوون. بەمەش ئاویان لە جۆگەی عەشیرەت دەکرد و گرەنتی مانەوەی عەشیرەتەکەیان بە قەرەباڵخی و بەهێزیی دەکرد.


بەڵام ئێستا بە دەگمەن کچ و کوڕ هەن کە هاوسەرگیریی دەکەن ئامادەن لە منداڵێک یان دووان زیاتریان هەبێ. بۆیە ئەم سنووردارکردنەی منداڵبوون "ئامۆزا" بەرەو تەواوبوون  یان کەمبوونەوە دەبات.


کۆمەڵی کوردەواریی لەبەر ئەوەی شاری نەبووە، پێکهاتە سەرەکییەکەی لەسەر بنەمای عەشیرەت و خێڵ و تیرە داڕشتبوو. واتا کورد کە تونکە تونکە و بەشبەشبووە، تەنیا پێکهاتەی عەشیرەت و خێڵ توانای هەبووە ئەم دابەشبوونە دووردرێژە بە پارچە پارچەیی کۆ بکاتەوە!

شتێکی سەیرە.. کۆبوونەوەیەکی دابەشبوو!


ساڵی ٢٠٠٨ کە ئەو کاتە بۆ رۆژنامەی (کوردستانی نوێ) کارم دەکرد، راپۆرتێکم ئامادەکرد سەبارەت بە کەمبوونی رێژەی منداڵبوون، راپۆرتەکە بەم پرسیارە دەستیپێدەکرد: ئایا کەمبوونەوەی منداڵبوون هۆشیاریی کۆمەڵایەتییە یان ترسی کۆمەڵایەتی؟


لە راپۆرتەکەدا هاتبوو، ساڵی ٢٠٠٣ لە پارێزگای سلێمانی نزیکی ٨٠ هەزار منداڵ لەدایکبوبوو، ئەم ژمارەیە لە ساڵی ٢٠٠٥ دا کەمیکردبوو بۆ ٥٠ هەزار منداڵ. بەڵام ساڵی ٢٠٠٨ واتا ئەو ساڵەی راپۆرتەکەی تێدا ئامادەکرابوو، ژمارەی منداڵبوون لە پارێزگای سلێمانی کەمیکردبوو بۆ ٣٦ هەزار منداڵ!

واتا لە ماوەی پێنج ساڵدا  زیاتر لە ٤٠ هەزار کەمیکردبوو.


ئێستا بە وردی نازانم ژمارەی منداڵبوون چەندە، بەڵام د. هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی حەفتەی رابردوو رایگەیاند، رێژەی منداڵبوون لە پارێزگای سلێمانی زۆر کەمیکردووە.


سنووردارکردنی منداڵبوون هۆشیارییە کە تێکەڵە بە ترس. ترس لە هۆشیارییەوە دێت کە ئەو دایکوباوکە دەترسن نەتوانن منداڵەکانیان باش پەروەردە بکەن، نەتوانن پێویستییەکانیان بۆ دابین بکەن. هەروەها دەترسن ئازادییە شەخسییەکانیان سنووردار ببێ و منداڵی زۆر ژیانیان تێک بدات.


هەرچۆنبێ کەمی منداڵ کاریگەرییەکی گەورەی دەبێ لە کەمبوونەوەی رێژەی ئامۆزا لە کۆمەڵی کوردەواریدا. ئامۆزا ئۆکسجین و بڕبڕەی پشتی عەشیرەت و عەشیرەتگەرییە. بۆیە بە کەمبوونەوە یان نەمانی ئەم ئۆکسجینە، هێدی هێدی عەشیرەت و پێکهاتە تەقلیدییەکەی عەشیرەت دەپووکێتەوە.


ئەی کاتێ عەشیرەت و عەشیرەتگەریی کەوتە بەردەم مەترسی لاوازبوون و پووکانەوە، دواتر چی روو دەدات؟


بێگومان پێکهاتەی حزبیش گۆڕانکاریی نەوعیی بەسەردا دێت، چونکە ئێستاشی بەسەرەوەبێ حزبەکانی کوردستان.. بە تایبەت پارتی و یەکێتی.. وزە و هێزی ناڕاستەوخۆیان لە عەشیرەت و خێڵ و تیرەوە بۆ دەچێ! 


کەوابێ ئێمە ئێستا لەناو گۆڕانێکی جەوهەریداین لە پێکهاتەی سەدان ساڵەی میللەتە عەشیرەتییەکەماندا. عەشیرەت هێدی هێدی بێ ئەوەی بەخۆی بزانێ لەبەردەم دابڕانێکی کەمەرشکێندایە لەگەڵ رابردووە کۆنکرێتییەکەی.


ئەم گۆڕانە حەتمییە، رەنگە دە بۆ پانزە ساڵی تر بە روونی دەربکەوێ. کاتێ گەنجەکانی پانزە ساڵی داهاتوو بێ ئامۆزا و پشتوپەنا خێزانییەکەن ئەوسا عەشیرەت بۆی دەردەکەوێ چ نەوەیەکی هەیە.


بەرچاوڕوونی.. لێرەدا بۆیە ئاماژەم بە پوورزا نەداوە وەک وەحدەیەکی خێزانیی، لەناو عەقڵی خێڵ و عەشیرەتدا، پوورزا و خوشکەزا ناچنە قاڵبی پشتوپەنای خێزانییەوەو لە دەرەوەی حساباتی خێڵن.


هەر عەشیرەت نا، بەڵکو دینیش حساب لەسەر پوورزا و خوشکەزا ناکات وەک پشتوپەنا. ئەوەتا رێی داوە کە شوێنکەوتووانی کچ لە دینەکانی تر بخوازن تا خۆیانی پێ زیاد بکەن، بەڵام رێگەی بەستووە لەوەی کچ بدەن بە شوێنکەوتووانی دینەکانی تر بۆ ئەوەی کچەکەیان نەبێتە باعیسی زۆربوونی ئەوان!


واتا کچەزا و پوورزا لەدەرەوەی حساباتی عەشیرەتیی و خێڵەکییەوەن. بۆیە کەمبوونەوەی ئامۆزا مەترسییە راستەقینەکەیە و هەبوونی پوورزا و خوشکەزا هیچ قورساییەک ناخەنە سەر حساباتە خێڵەکییەکان.