روانگە - بەتۆمەتی دزینی ژمارەیەک مەڕوماڵات مەفرەزەكانی نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی سەیدسادق سێ تۆمەتباریان دەستگیركرد.

سەرکەوت ئەحمەد وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بۆ ڕوانگە ڕیگەیاند،دوای ئەوەی هاوڵاتییەك سكاڵای تۆماركرد كە چەند سەر ئاژەڵێكی لێدزراوە، مەفرەزەكانی نەهێشتنی تاوانی سەیدسادق لێكۆڵینەوەو بەدواداچوونەكانیان دەستپێكردو دوای وەرگرتنی بڕیاری بەڕێز دادوەر توانرا تۆمەتباران بدۆزرێنەوەو دەستگیربكرێن.

وتیشی، تۆمەتباران دانیان بەوەدا ناوە كە ژمارەیەک سەر ئاژەڵیان دزیوەو گۆشتەكەیان فرۆشتووەتەوە.

سەرکەوت ئەحمەد وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ڕونیشیکردەوە،لەئێستادا هەریەك لە تۆمەتباران ( ژ ، أ ، م  تەمەن 22 ساڵ – ه ، س، أ تەمەن 24 ساڵ – ب ، ب ، ر تەمەن 30 ساڵ ) بەبڕیاری بەڕێز دادوەرو بەپێی ماددەی 443 لەیاسای سزادانی عیراقی ڕاگیراون، لەكاتی دەستگیركردنیشیاندا دەستگیراوە بەسەر بڕێك پارەدا كە بەتۆمەتباران بووە.