ڕوانگە-  بە ئامانجی پەرەپێدان بە توانای ئەنجامدانی چەمکی شیکردنەوەی هەواڵ و زانیاری کە بە هاوکاری هاوپەیمانان بەڕێوەچوو، دوێنێ  ١٦ی شوباتی ٢٠٢٥ بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری راگەیاندن و بەڕێوەبەری هۆشیاری نیشتیمانی، لەچوارچێوەی چالاکیەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی راگەیاندن و هۆشیاری نیشتمانی، سیمیناری( شیکردنەوەی هەواڵ و زانیاری) لەلایەن ڕاوێژکاری میدیایی سوپای ئەڵمانیا بۆ ژمارەیەک لە ئەفسەرانی راگەیاندن و هۆشیاری نیشتمانی و ئەفسەرانی لیوا و یەکەکان ئەنجامدرا.

وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە،بابەتی سیمینارەکە، لەلایەن کاپتن کارۆلین، راوێژکاری میدیایی سوپای ئەڵمانیا، لەبارەی شیکردنەوەی هەواڵ و زانیاری و کاریگەرییەکانی لەسەر دۆخ و بواری سەربازی پێشکەش کرا، تیایدا وانەبێژ پێناسەیەکی چەمکی شیکردنەوەی هەواڵی کرد و بە وردی باسی لە چۆنیەتی هەڵسەنگاندن و شیکردنەوەی هەواڵ لە ڕووی سەربازییەوە کرد.

لە درێژەی سیمنیارەکەدا، راوێژکاری میدیایی سوپای ئەڵمانیا چەندین وردەکاری و شرۆڤەی گرنگی تری پێشکەش بە ئامادەبووان کرد، کە نزیکەی سێ کاتژمێری خایاند، لە کۆتایی سیمینارەکەدا بە پرسیار و تێبینی و گفتوگۆی ئەفسەران بابەتەکەیان دەولەمەندتر کرد.