ڕوانگە - سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران کۆبووەوە و رایگەیاند، پەیوەندیی بەهێز و هاوسەنگ لەنێوان عێراق و ئێران بۆ سەقامگیریی ناوچەکە زۆر پێویستە.

 ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ مەجید تەخت رەوانچی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کاروباری سیاسی کۆبووەوە و باسیان لە چەند پرسێک کرد؛ دواتریش کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانییان کرد.

 سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرە رۆژنامەڤانیەکەدا رایگەیاند، "ئێمە لە هەرێمی کوردستان بڕوامان وایە، پەیوەندیی بەهێز و هاوسەنگ لەنێوان عێراق و ئێران بۆ بەهێزکردنی سەقامگیریی ناوچەکە زۆر پێویست و گرنگە."

 نێچیرڤان بارزانی جەختی لەسەر گرنگیی بەهێزکردنی هاوکاریی هاوبەشی ئێران لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان کردەوە، ئەوەش "لەپێناو بەدیهێنانی ئاسایش و سەقامگیری و فراوانکردنی هاوکاریی هاوبەش لە هەموو بوارە جیاجیاکاندا؛ لە بواری ئابووری، بازرگانی و فەرهەنگی و ئەمنیدا."

 لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان دووپاتی کردەوە، هەرێمی کوردستان فاکتەری ئارامی و سەقامگیری دەبێت لە ناوچەکە، "بە هیچ شێوەیەک رێگە نادات ببێتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆسەر وڵاتانی دراوسێ، بەتایبەتی ئێران."

هەر لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کاروباری سیاسی گوتی، "لەگەڵ هەرێمی کوردستان هاوبەشییەکی زۆری کولتووری، ئایینی، زمانی و مێژووییمان هەیە؛ هەموو ئەمانەش هاوکاریمان دەکەن پەیوەندییەکانمان زیاتر لە جاران بەهێز بکەین."

 رەوانچی گوتیشی، "ئاسایشی عێراق و هەرێمی کوردستان ئاسایشی ئێمەیە، دەبێت دەست بخەینە دەستی یەکدی بۆئەوەی ئەو کێشە و گرفتانەی هەیە بتوانین چارەسەریان بکەین."

 دەقی گوتەکانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان:

 بە گەرمی بەخێرهاتنی بەڕێز ئاغای دكتۆر مەجید ته‌خت ره‌وانچی، جێگری وەزیری دەرەوەی كۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ هەرێمی كوردستان دەكەم. جەخت لە گرنگيی پەیوەندیی مێژووییمان لەگەڵ كۆماری ئیسلامیی ئێران دەكەینەوە كە لەسەر بنەمای دراوسێیەتیی باش و بەرژوەندیی هاوبەش دامەزراوە. كۆماری ئیسلامیی ئێران هەمیشە هاوبەشێكی گرنگ بووە بۆ هەرێمی كوردستان و بۆ عێراق، پێزانینی خۆمان بۆ پشتگیرییەكانیان لە قۆناخە جیاجیاكاندا دەردەبڕین و سوپاسیان دەكەین.

 ئێمە لە هەرێمی کوردستان بڕوامان وایە كە پەیوەندیی بەهێز و هاوسەنگ لەنێوان عێراق و کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، بۆ بەهێزکردنی سەقامگیریی ناوچه‌كه،‌ زۆر پێويست و گرنگە‌. عێراق و هەرێمی کوردستان هەمیشە هەوڵ دەدەن پەیوەندییەک له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ به‌ تايبه‌تى كۆمارى ئيسلامى بنیات بنێن لەسەر بنەمای رێز و به‌رژه‌وه‌نديى هاوبه‌ش و هاوکاری لە هەموو بوارەکاندا.

 جەخت لەسەر گرنگیی بەهێزکردنی هاوکاریی هاوبەشی ئێران له‌گه‌ڵ عێراق و هەرێمی کوردستان ده‌كه‌ينه‌وە لەپێناو بەدیهێنانی ئاسایش و سەقامگیری و فراوانکردنی هاوكاریی هاوبەش لە هەموو بوارە جیاجیاكاندا، لە بواری ئابووری و بازرگانی و فەرهەنگی و لە بواری ئەمنیدا.

دووپاتی دەكەینەوە كە هەرێمی كوردستان فاكتەری ئارامی و سەقامگیری دەبێت لە ناوچەكە و بە هیچ شێوەیەك رێگە نادات ببێتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ، بەتایبەتی كۆماری ئیسلامیی ئێران.

 لەم دیدارەدا جەختمان كردووەتەوە لەسەر بەرەوپێشبردنی پەیوەندیی ئابووری لەگەڵ كۆماری ئیسلامیی ئێراندا و دووپاتمان كردووه‌تەوە لە پابەندبوونی خۆمان لە چوارچێوەی ئەو میكانيزمەی كە دانراوە لەڕووی ئەمنییەوە كە یارمەتیدەر بێت بۆ ئەوەی بە هیچ شێوەیەك عێراق بەتایبەتی هەرێمی كوردستان نەبێتە سەرچاوەیەكی هەڕەشە بۆ ئاسایشی ئێران. دووبارە زۆر زۆر بە گەرمی بەخێرهاتنی جێگری جەنابی وەزیری دەرەوەی ئێران دەكەین كە ئەمە یەكەم جاریەتی تەشریف دەهێنێت بۆ هەرێمی كوردستان، زۆر بە خێر بێيت بە سەر چاو.


دەقی گوتەکانی مەجید تەخت رەوانچی، جێگری وەزیری دەرەوەی كۆماری ئیسلامیی ئێران:

 بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان، زۆر دڵخۆشم لەوەی كە ئەمڕۆ دەرفەتێك دروست بوو و ئەمڕۆ لەگەڵ ئێوەم لە هەرێمی كوردستانی عێراق. من بۆ گفتوگۆی سیاسی كە لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی حكومەتی عێراق هەمانە، دوێنێ سەردانی بەغدام كرد و دانوستانێكی زۆر باشمان لەگەڵ بەرپرسانی عێراقیدا هەبوو لە بوارە جیاوازەكاندا لەنێوان هەردوو وڵاتی دراوسێ كە هاوبەشییەكی زۆرمان پێكەوە هەیە، هەروەها پرسێكی زۆر هەیە كە گفتوگۆی لەسەر بكەین و ئەو روانگە باشانەی كە لە بەغدا هەبوون.

 ئەمڕۆ بەیانیش لە هەولێرم و گفتوگۆی باشمان هەبوو لەگەڵ بەرپرسانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ بەڕێزان مەسعود بارزانی و مەسرور بارزانی و ئێستاش لە خزمەت بەڕێز نێچیرڤان بارزانی-دام و زۆر سوپاسی پێشوازیكردنی گەرمی ئەوان لە ئێمە دەكەین.

 زۆر بواری باش ئەمڕۆ گفتوگۆمان لەسەر كرد وەك دوو وڵات، وڵاتانی دراوسێ عێراق و ئێران، هەروەك رامگەیاند هاوبەشییەكی زۆرمان پێكەوە هەیە و لەگەڵ هەرێمی كوردستانیشدا بە هەمان شێوە هاوبەشییەكی زۆری كولتووری، ئایینی، زمانی، مێژوویی و شارستانیمان هەیە و هەموو ئەوانە هاوكاریمان دەكەن كە پەیوەندییەكانمان زیاتر لە جاران بەهێز بكەین، لە زۆر بواری جیاوازدا هاوكاریمان هەیە بەتایبەت لە بواری ئابووری و زۆر كاری دیكە دەتوانین ئەنجامی بدەین.

 ئەمڕۆ لە گفتوگۆكانماندا لە هەولێر، بەتایبەتى باسمان لە پرسی ئابووری لەگەڵ وڵاتی دراوسێ كرد، هەروەها بە شێوەیەكی سروشتی ئێمەش هەر لەم چوارچێوەیەدا كارەكانمان بەردەوام دەبێت لە بواری گەشتیاری و ئەزموونی كار لەنێوان هەردوو حكوومەتدا. بواری زۆر باش هەیە كە دەتوانین بەكاری بهێنین بۆ پتەوكردنی پەیوەندییەكانی گەلانی هەردوولا.

 هەروەها بابەتی ئاسایشیش یەكێك لەو بابەتانە بوو كە گفتوگۆمان لەسەر كردووە و بەدواداچوونی بۆ دەكەین و پێمانوایە ئاسایشی عێراق ئاسایشی ئێمەیە. ئاسایشی هەرێمی كوردستانی عێراق ئاسایشی ئێمەیە و دەبێت دەست بدەینە دەستی یەكتری و ئەو كێشە و گرفتانەی كە هەیە بتوانین چارەسەری بكەین.

 جارێكی دیكە سوپاسی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی و بەرپرسانی دیكەی هەرێمی كوردستان دەكەم بۆ ئەو پێشوازییەی كە لە ئێمەیان كرد و هیوادارین كە ئەم گفتوگۆیانە بەردەوام بن.