ڕوانگە- ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠٢٥/٢/١٧ سوپای عێراق بۆ جارێکی تر لە دەوروبەری کەرکووک و بە تایبەتی گوندی شەناغە و چوار گوندی دیکەی سەر بە شارەدێی سەرگەڕان لە پارێزگای کەرکووک، رێگری لە جووتیارانی کورد کرد بچنە سەر زەوییەکانیان.
نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند،
ئەم ڕێگریە لە کاتێکدایە کە بەرەوپێشچوون هەبووە لە نەهێشتنی شوێنەواری بڕیارەکانی رژێمی پێشوو لە گۆڕینی دیموگرافیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و دەستبەسەرداگرتنی زەوی و موڵکی خەڵکی ڕەسەنی ناوچەکە. ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش، مانگی ڕابردوو پڕۆژەیاسایەکی تایبەت بە گەڕاندنەوەی زەویوزار بۆ خاوەنە ڕەسەنەکانیان پەسەند کرد.
نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕونیشیکردەوە،ئەم هەڵسوکەوتانەی سوپای عێراق، پێچەوانەی دەستوور و ئەو بنەمایانەیە کە عێراقی نوێی لەسەر بنیات نراوە، چونکە بەکارهێنانی سوپا بۆ ئەم مەبەستانە، پێچەوانەی یاسا و دەستوورە و پێویستە هەرچی زووتر، ئەم هەڵسوکەوتانە کۆتایی پێ بهێنرێت بەرلەوەی لێکەوتەی نەخوازراوی لێ بکەوێتەوە.