ڕوانگە - بەمەبەستی بەدواداچوونی زیاتر بۆ چارەسەرکردنی کێشەی جوتیارانی کەرکوک و هەروەها پشتیوانی کردنیان ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠٢٥/٢/١٨ ژمارەیەک لە ئەندامانی پەڕلەمانی عێراق سەردانی کەرکوک دەکەن.
کەریم شکور جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەڕلەمانی عێراق بۆ ڕوانگە ڕایگەیاند، ئەمڕۆ 40 ئەندامان پەڕلەمانی کورد لەسەرجەم فراکسیۆنە کوردیەکان جگە لە فراکسیۆنی نەوەی نوێ، سەردانی ئەو جوتیارانە دەکەین و ئێستا بەڕێکەوتوین و لەکەرکوکین و جوتیارەکان دەینین.
وتیشی، ئەم سەردانەی ئێمە بۆخۆی پەیامێکە و هەروەها دەچین پشتیوانی لە جوتیارە کوردەکان دەکەین و پێیان دەڵێین ئێمە قبوڵناکەین ئەمە دووبارەببێتەوە.
کەریم شکور ڕونیشیکردەوە، داواشمانکردووە لە پەڕلەمانی عێراق کە دانیشتنێکی تایبەت و بەپەلە ببەستێت بۆقسەکردن لەسەر ئەو پرسە بۆئەوەی جارێکی دیکە ئەم ڕەفتارە دووبارە نەبێتەوە، بەتایبەتی ئێمە لەکاتێکداین کە یاسای گەڕاندنەوەی موڵکوماڵی هاوڵاتیان لە سنوری ناوچەی کێشەلەسەر خەریکە دەچێتە بواری جبەجێکردنەوە بۆیە ناکرێت لەم کاتانەدا ئەمە بکرێت بۆیە پشتیوانی لە جوتیاران دەکەین و ئەمجۆرە دەستدرێژیانە قبوڵناکەین و داوادەکەین لیژنەی لێکۆڵینەوەی لەسەر ببەسرێت و بۆئەوەی سزای ئەوانە بدرێت کە بەم کارە هەستاون.