ڕوانگە- نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردۆتەوە، سوپای عێراق بۆ جارێکی تر لە دەوروبەری کەرکووک و بە تایبەتی گوندی شەناغە و چوار گوندی دیکەی سەر بە شارەدێی سەرگەڕان لە پارێزگای کەرکووک، ڕێگری لە جووتیارانی کورد کرد بچنە سەر زەوییەکانیان.

نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکردووە،ئەم ڕفتارە لە کاتێکدایە کە بەرەوپێشچوون هەبووە لە نەهێشتنی شوێنەواری بڕیارەکانی ڕژێمی پێشوو لە گۆڕینی دیموگرافیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و دەستبەسەرداگرتنی زەوی و موڵکی خەلڵکی ڕەسەنی ناوچەکە. ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش، مانگی ڕابردوو، پرۆژەیاسایەکی تایبەت بە گەڕاندنەوەی زەویوزار بۆ خاوەنە ڕەسەنەکانیان پەسەند کرد.

نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەم هەڵسوکەوتانەی سوپای عێراق، پێچەوانەی دەستوور و ئەو بنەمایانەیە کە عێراقی نوێی لەسەر بنیات نراوە، چونکە بەکارهێنانی سوپا بۆ ئەم مەبەستانە، پێچەوانەی یاسا و دەستوورە و پێویستە هەرچی زووتر، ئەم هەڵسوکەوتانە کۆتاییان پێ بهێنرێت بەرلەوەی لێکەوتەی نەخوازراوی لێ بکەوێتەوە.