ڕوانگە- وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە، دوێنێ دووشەممە ١٧ی شوباتی ٢٠٢٥، لە بارەگای لیوای ٢١ی پیادە، لەژێر چاودێری فەرماندەی لیوای پیادە خولێکی فریاگوزاری سەرەتایی کۆتایی هات، کە بۆ ئەفسەر و پێشمەرگەکانی بارەگای لیوا و فەوجەکانی سەر بە لیواکە کرابووەوە، کە ماوەی دوو رۆژی خایاند و تیایدا بەشێوەی تیۆری و پراکتیکی مەشق و راهێنانیان ئەنجام دا.

وەزارەتی پێشمەرگە ڕونیشیکردۆتەوە، لە رۆژانی ١٦ و ١٧ی شوباتی ٢٠٢٥، زنجیرەیەک سمیناری هۆشیاری تایبەت  بە بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بەڕێوەچوو، کە تیایدا ئەو بڕیار و ڕێنماییانەی وەزارەتی پێشمەرگەیان گەیاند بە ئەفسەر و پێشمەرگەکانی بارەگای لیوا و فەوجەکانی سەر بە لیوا، سەربارەت بە خۆپاراستن لە خراپ بەکارهێنانی تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان و بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی سەربازیی و بارەگا و سەنگەرەکان.