ڕوانگە- حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ چوار شەممە ٢٠٢٥/٢/١٩ كۆبویەوەو دوای كۆبونەوەكە ڕاگەیەنراوێکیی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: ڕووداوی دەستدرێژیكردن و ڕێگریكردن لە جووتیارانی ڕەسەنی كورد لە سنووری شارەدێی سەرگەڕان لە پارێزگەی كەركووك لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئەم ڕەفتارە، كارێكی نادەستووریی و نایاساییە و قبوڵكراو نییە . 

هەر لە ڕاگەیەنراوەکەدا ئاماژەی بەوەشکردووە، ئێمە دژی هەموو جۆرە ستەمكارییەكین بەرامبەر جووتیاران كە خاوەنی ڕەسەنی زەوییەكانیانن و دەبێت ئازادانە مافی كێڵان و سوود وەرگرتنیان لە موڵكی خۆیان و باوباپیرانیان هەبێت.

ئەوەشی خستەڕوو: ڕاپۆرتی لیژنەی هاوبەشی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵ تایبەت بە ڕێكخستنی ڕێكارەكانی كوالیتی كۆنتڕۆڵ و پۆلینكردنی بەڵێندەران لەلایەن لیژنەی هاوبەشی وەزارەتە پەیوەندیدارەكانی هەرێم خرایەڕوو كە بۆ ئەم مەبەستە میوانداریی كرابوون و لە چوارچێوەی ڕاپۆرتێكدا، پێشڤەچوون و بەربەستەكانیان ڕوونكردەوە.

لە ڕاگەیەنراوەکەدا ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەنجامی كۆبوونەوەی دوێنێی هاوبەشی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و وەزارەتی نەوتی فیدراڵ خرایە ڕوو كە لە هەولێر سازكرا و تایبەت بوو بە ڕێكار و میكانیزمەكانی جێبەجێكردنی یاسای ژمارە 5 ی ساڵی 2025 تایبەت بە هەمواری یەكەمی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵ دەربارەی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان، ئەم بڕگەیە لەلایەن كەمال محەمەد ساڵح وەزیری سامانە سروشتییەكان بە وەكالەت خرایەڕوو.

لە ڕاگەیەندراوەكەدا ئاماژەبەوەشکراوە،  هەرێم داوا دەكات هەرچی زووە، هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم دەست پێ بكاتەوە و ئەمەش، لە بەرژەوەندی هەموو لایەنەكانە، چونكە بەهۆی وەستانی هەناردەی نەوت لە مانگی ئاداری ساڵی 2023 ەوە، چەندین ملیار دۆلار زیان بە داهاتی گشتی عێراق گەیشتووە. بۆ ئەم مەبەستەش، ئەنجومەنی وەزیران وەزارەتی سامانە سروشتیەكانی ڕاسپارد، كە هەرچی زووە لەسەر ڕێكار و میكانیزمەكانی دەستپێكردنەوەی نەوتی هەرێم لەگەڵ وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵ لە هاریكاریی و هاوئاهەنگیی بەردەوام بن، بە تایبەتیش كە ئێستا یاساكە كەوتووەتە بواری جێبەجێكردن و ڕێگریی یاسایی لەبەردەم پرۆسەكە نەماوە و یاساكە نەخشەڕێگەی بابەتەكەی بە ڕوونی دەستنیشان كردووە.