ڕوانگە - ئەندامێكی لیژنەی دارایی خوولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت،کارەبای حکومی (٢٤) كاتژمێری  “کارەبای بازرگانی”ییەو، بەغازی “خۆمان” بەرهەمدێت و كڕینی لە توانای هاووڵاتیاندا نییە.

عومەر گوڵپی، ئەندامی لیژنەی دارایی خوولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند، خەڵک چاوەڕووان بوو بە نرخی حکومی ببێتە خاوەنی کارەبای (٢٤) كاتژمێری، کەچی ئەمەی وەزارەتی کارەبا لە هەندێک گەڕەکی هەولێر کردوویەتی تەنها ئەوەیە حکومەت لە بری مۆلیدە پارەکە بۆ خۆی وەردەگرێت.

وتیشی: بە پێی ئەو زانیارییانەی لەو ماڵانەی هەولێر وەرمگرتووە، کە کارەبایان بۆ کراوەتە بەردەوام، ماڵێکی 100 مەتری ئاسایی، کە بە دەست پێوەگرتنەوە کارەبایان بەکارهێناوە مانگانە (١٣٠،٠٠٠ تا ١٦٠،٠٠٠) کارەبایان بۆ هاتووەتەوە، بۆ هەندێک خانەوادەی تریش پارەکە بۆ نزیکەی (٢٥٠،٠٠٠) بەرز بووەتەوە، هەندێک حاڵەتی زۆر زیاتریش هەیە.

عومەر گوڵپی ئاماژەی بەوەشكرد، ئەمە ئەو کارەبا (٢٤) كاتژمێریەیە، کە حکومەت بانگەشەی بۆ دەکات؟ لە کاتێکدا کارەبای کوردستان بە غازی کوردستانی خۆمان بەرهەمدەهێنرێت! لە ڕاستیدا ئەمە ڕێک بە بازرگانیکردنی کارەبایە بە ناوی (حکومەت)ەوە، هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، کارەبا خزمەتگوزارییەکی بنەڕەتی ژیانە و هیچ هاووڵاتییەک ناتوانێت بەبێ کارەبا بژی، بۆیە ئەرکی حکومەتە ئەم خزمەتگوزارییە بە جۆرێک دابین بکات، کە هاووڵاتی ئاسایی بتوانێت بەکاریبهێنێت.

عومەر گوڵپی ڕونیشیکردەوە، لە سەرەتای تەمەنی ئەم کابینەیەوە ویستێک هەبوو بۆ ئەوەی کارەبا بدرێتە کەرتی تایبەت، بەهۆی ناڕەزایی زۆری هاووڵاتیانەوە لەم ویست و پیلانە پاشگەزبوونەوە، بەڵام بە بەرزکردنەوەی نرخی کارەبا و دڵخۆشکردنی هاووڵاتی بە (٢٤ كاتژمێر) کردنی، هێواش هێواش حکومەت خۆی دەیەوێت ببێتە بازرگان بەسەر گیرفانی هاووڵاتی هەژارەوە.

عومەر گوڵپی، ئەندامی لیژنەی دارایی خوولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان ئەوەیشی خستەڕوو، ژمارەیەکی زۆر هاووڵاتی کرێچین، کرێی مانگانەیان لە نێوان (١٥٠،٠٠٠ تا ٢٥٠،٠٠٠) دینارە، دەکرێت حکومەتیش بێت بەناوی کرێی کارەباوە هەمان بڕی لێوەربگرێت و هاووڵاتی هەژار دووجار ببێتە کرێچی؟ ئەمە ستەم و سەرپێچییەکی ڕوونی دەستوری و یاساییە، پێویستە ڕابگیرێت و حکومەت بچێتەوە سەر جێبەجێکردنی ئەرکەکانی، بە دڵنیاییەوە دەتوانێت بە دابینکردنی غازی زیاتر بۆ وێستگەکانی کارەبا، کارەبای بەردەوام بەرهەمبهێنرێت، لەگەڵ کۆنترۆڵکردنی سەرپێچی و زیادەڕەوی و بەزایەدان.