ڕوانگە - قەسەدە بڵاوی كردەوە، دوێنێ هێزەكانمان وەڵامی هێرشی دەوڵەتی داگیركەری تورك و چەتەكانی لە بەنداوی تشرینیان دایەوە، لە ئەنجامدا ژمارەیەك چەتە كوژران، بەڵام ژمارەیان نەزانراوە، هاوكات دەوڵەتی توركیش بەردەوام بوو لە بۆردوومانكردنی ناوچەكە.

هیزەكانی سووریای دیموكرات (قەسەدە) سەبارەت بە ئاماری شەڕ و پێكدادانی دوێنێی هێزەكانیان لەگەڵ داگیركەری تورك و چەتەكانی لە بەنداوی تشرین، ڕاگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، دوێنێ دەوڵەتی داگیركەری تورك و چەتەكانی بەردەوام بوون لە هێرشە دڕندەكانیان بۆ سەر ناوچەكانی باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، لە بەرەبەیاندا فڕۆكە جەنگییەكانی تورکی داگیركەر دەستیان بە هێرشی توند بۆ سەر دەوروبەری بەنداوی تشرین کرد، زیانێكی زۆری ماددی لێكەوتەوە، بەتایبەتی لە خانووی كرێكارانی سەر بە بەنداوەكە.

ئاماژە بەوەشكراوە، لە كاتی وەڵامدانەوەی هێزەكانمان بۆ هێرشی چەتەكانی سەر بە دەوڵەتی داگیركەری تورك بۆ سەر لادێكانی باكووری بەنداوەكە، ژمارەیەك چەتە كوژران و ژمارەیەكی دیكەش بریندار بوون.

هەر لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، پاشنیوەڕۆی دوێنێ، فڕۆكە جەنگییەكانی دەوڵەتی تورك بۆردوومانی شارۆچكەی شیوخ لە ڕۆژئاوای كۆبانی کرد، هەروەها بۆردوومانی گوندی “ئەحمەد مونیر”ـیش کرا، كە یەكێك لە مووشەكەكانی لە شوێنێكی كشتوكاڵیدا كەوتەخوارەوە، ئەمەش هاوكات لەگەڵ تۆپبارانی توندی تۆپخانەكانی دەوڵەتی تورك بۆ سەر گوندەكە، كە زیانی ماددی بە ماڵ و موڵكی دانیشتووان گەیاند.

باس لەوەسكراوە، فڕۆكە جەنگییەكانی داگیركەری تورك چوار هێرشیان كردە سەر گوندی “غەساق” لە دەوروبەری پردی قەرەقۆزاق و لە ئەنجامدا زیانی ماددی زۆری لێكەوتەوە، لە كاتێكدا بە تۆپ و تانك و موشەكهاوێژ و هاوەنی قورس گوندەكانی “التینح، جەعدە، بیر حەسو، دیكان و سەنا” و هەروەها دوو گردی “سەیفی و قەرەقۆزاق”ـی بۆردوومان كرد، زیانێكی ماددی گەورەی بە موڵك و ماڵی خەڵكی مەدەنی گەیاند.

ئەوەش خراوەتەڕوو، لە بەرەی دێر حەفەر؛ چەتەكان داگیركەری تورك هەوڵیاندا هێرش بكەنە سەر خاڵەكانی هێزەكەمان، بەڵام شەڕڤانانمان هێرشەكەیان پووچەڵكردەوە و ئۆپەراسیۆنێكیان لەدژی کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی لەنێو ڕیزەكانیاندا زیانی گیانی هەبێت، بەڵام بەوردی ژمارەیان نازانرێت.