ڕوانگە - بەر لە چەند ڕۆژێك سەربازێكی داگیركەر جەمەدانی ملی  جوتیارێكی كوردی ڕاكێشا، ئازایانە و مەردانە و كوردانە جوتیارەكە كاردانەوەی  نواند.

 قەوم و قیلەی كوردایەتییە  درۆینەكە( ئەوانەی كە تەنها  بۆ بابەتی عێراق كێرڤی كوردایەتییان ئەفڕێت) فەیسبوك و كەناڵ و ماڵپەڕ و شاعیر و هەرچی  نوسەری شڕەخۆرە خستیانە  خزمەتكردنی  ئەم باسە .

 یەكێك ئەیویست تراكتۆرەكە  بكرێتە سونبولی بەرخۆدان و یەكێكی دیكە داوایئەكرد جەمەدانییەكە بخرێتە مۆزەخانەی نیشتیمانی.

 ئەڵبەتە ئەم درۆزنانە خۆیان لە بەغا شەڕی پۆست و پلە ئەكەن و كەچی ئەبێت جوتیارێك بە تەنها شەڕی كەرامەتی خۆی بكات.

هەر دوێنێ لە گوندێكی ژێردەستی دەسەڵاتی  كوردیدا كۆمەڵێك جەندرمەی تورك بە ماشێنی هێزی كوردی لە ناو ماڵەكانی كوردا تەقە لە كۆمەڵێك گەریلا ئەكەن و  سێ گەریلا  تیرۆرئەكەن، بەڵام ئەو هەمو چەلاوخۆرەی فەیسبوك  كە بۆ داخستنی كۆڕەك ئەگرین و سەری زمان و بنی زمانیان كورد و كوردایەتییە، بە یەك وشەش  ڕایەك دەرنابڕن!

ئەڵبەتە ئەو گەریلانە ئەگەر  ناكۆكیش بین لە گەڵیان، ئەگەر خۆشیشمان نەوێن، ئەگەر گلەیی و ڕەخنەشمان هەبێت لێیان، بەڵام دواجار ئەوان كوردن و ئەوانەی لە خاكی كوردا ئەیانكوژن نەك كوردنین بەڵكو دوژمنی باوە كوشتەی هەر شتێكن كە ناوی كوردبێت.

 داواكەی من لە دەسەڵاتدارانی ئەم هەرێمە نییە، بەڵكولە دەزگاكانی ڕاگەیاندنی  ئەم وڵاتەش نییە، داواكەی من تەنها ڕوی لەو هاوڕێیانەی فەیسبوكمە كە   خۆیان بە كوردی عەیارە بیستویەك ئەناسێنن و هەمیشە لێرە هەر ڕوداوێك ڕوبدات كە دوو دوژمنەكەی تر( عەرەب و فارس) تیایدا بەشداربن ئەیكەن بە  ڕۆژی حەشر،  بەڵام تورك لە ناو ماڵەكانی خۆماندا ئاوا ئیهانە بە خوێنی كورد بكەن كەڕ و كوێر و لاڵن!

 ئەم گروپە كوردایەتییان دابەش كردوە بۆ دوو بەرە، ئەگەر سەر بە ئەوان نەبیت  ئەوە  لێت وەرناگرن،   ئەگەر لە بەرەكەی خۆشیان بیت ئەبێت چاوت لە ئاست دوژمنایەتی تورك بپۆشیت!

 بە گەرمیانە ئێژم: عەمرتان نەمێنێ بۆ خۆتان و كوردایەتیتان!