ڕوانگە- نەوتی کێڵگەکانی دێرەزوور و حەکەسەکە رادەستی حکومەتی دیمەشق کرایەوە و بڕیارە لەمەودوا رۆژانە پێنج هەزار بەرمیل رەوانە بکرێت.

لە ڕاگەیەنراوێکدا، میدیای فەرمی سووریا سەر بە حکومەتی کاتی دیمەشق، دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی خاوی لە کێڵگەکانی دێرەزوور و حەسەکە بۆ حکومەت لە رێگەی تانکەرەوە راگەیاند، لە کاتێکدا لە ٨ی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوو لە رۆژی رووخانی دەسەڵاتی ئەسەدەوە راگیرابوو، لە ئەنجامیی ئەو گۆڕانکارییە سیاسییانەی بەسەر وڵاتەکەدا هات.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەکە پاش رێککەوتنی سەرەتایی هێزەکانی سووریای دیموکرات دێت لەگەڵ حکومەتی سووریا.

ئەوەش ئاشکراکراوە:" دەیان تانکەر دەستیان کردووە بە گواستنەوەی نەوت بۆ پاڵاوگەکانی حومس و بانیاس لە ناوخۆی سووریا و بڕیارە رۆژانە زیاتر لە پێنج هەزار بەرمیل رەوانە بکرێت".

   پێشتریش ئەحمەد سلێمان، بەرپرسی راگەیاندنی نەوتی سووریا رایگەیاندووە، گرێبەستی سەرەتایی ئەنجامدراوە بۆ هاوردەکردنی گازی سروشتی لە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەرەوە، کە بڕەکەی 500 هەزار مەتر سێجایە لە رۆژێکدا.

ئەمە لە کاتێکدایە پێشتریش بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر نەوتی خاوی کێڵگە نەوتییەکانی رەوانەی حکومەتی سووریا کردووە، بەڵام لەماوەی کۆتایهێنان بە دەسەڵاتی بەشار ئەسەدەوە پرۆسەی هەناردەکردنەکە راگیرابوو.