ڕوانگە - شارەزایەکی کەشناسی پێشبینی لەسەر ھاتنی شەپۆلێکی ھەورە بروسکە و بارانبارین بۆهەرێم دەکات .
ئاراس جەبار شارەزای کەشناسی بڵاویکردووەتەوە " سەرەتا سبەی شەمە ١ی ئازاری ٢٠٢٥ بەھۆی ھاتنی ھەور لە وڵاتی تورکیاوە ئاسمانی ھەرێم بە زۆری دەگۆرێت بۆ نیمچە ھەور لە کاتەکانی نیوەرۆوە بۆ ماوەیەکی کورت لەبەشێکی ناوچە شاخاویەکانی باکوری پارێزگای دھۆک و ئیدارەی سۆران ئەگەری نمە بارانی پچر پچر و بارینی بەفرێک کەم لە شاخە بەرزەکان ئەبێت کاتەکانی شەو کۆتای پێدێت".
ئاشکراشی کردووە کە پلەکانی گەرماش لە رۆژانی داھاتوودا بەرزبوونەوەی زیاتر بەخۆیەوە ئەبینێت بەتایبەت لە رۆژی سێشەمەوە بەھۆی نزیکبوونەوەی نزمەپاڵەپەستۆی گەرمی باکوری ئەفریقا کە لە دەریای سوورەوە دێت پلەکانی گەرما بەرێژەیەکی زیاتر لەسەرجەم ناوچەکانمان بەرز ئەبێتەوە کەشێکی فێنک و بەھاریانە ناوچەکە دەگرێتەوە .
ئاراس جەبار راشیگەیاند" لەکۆتای ئەم ھەفتەوە رۆژی چوارشەمە ٥ی ئازار کاریگەری نزمەپاڵەستۆکەی دەریای سوور زیاتر پەرەئەسەنێت و فراوان ئەبێت بۆ سەر ناوچەکانی باکوری سعودیە و عێراق و ھەرێمی کوردستان حاڵەتێکی ناجێگیری کەش لە بەرگەھەوای تەواوی ئەو ناوچانەدا ڕووئەدات و تا سەرەتای ھەفتەی داھاتوو رۆژی شەمە ٨ی مانگ بەردەوامی ئەبێت".
ئاماژەی بەوەشداوە کە لەماوەی ئاماژە پێکراودا لەناوچە جیاجیاکان ئاسمان بە زۆری ئەگۆرێ بۆ نیمچە ھەور و ھەوری تەواو لەگەڵ چالاکبوونی ھەورە بەھاریەکان کە ھەورە بروسکە و تاوە تەرزە و بارانی بەخوریان لەگەڵدایە بۆ سەرتاسەری ناوچەکانی عێراق و کوردستان بەرێژە و بری جیاواز بەتایبەتیش لەناوچەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە و کەرکوک و ئیدارەی گەرمیان و راپەرین و پارێزگای ئەنبار بە رێژەیەکی زیاتر ئەگەری باران و تەرزە و ھەورەبروسکەی بەھێزیان ئەبێت لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو و لافاو لەھەندێ شوێندا ، وە ناوچەکانی پارێزگای دھۆک و ھەولێریش و نەینەواش ئەگرێتەوە بەتایبەت ئەو ناوچانە زیاتر لەژێر کاریگەری نزمەپاڵەپەستۆی دووھەمدا ئەبن کە لە دەریای ناوەراستەوە دێت بەڕاورد بە ناوچەکانی پێشتر باران و ھەورە بروسکەیان ھەندێ کەمتر ئەبێت ، پلەکانی گەرما لەماوەی ئەو شەپۆلەدا نزمبوونەوە بەخۆیەوە نابینێ یان زۆر کەم ئەبێ بەرێژەی ١ پلە وەک باسمان کرد شەپۆلێکی گەرم و تەرو شێداری دەریای سوورە کە زیاتر کەشێکی ناسەقامگیر و بروسکە و باران و تەرزەی لەگەڵ ئەبێت و بەفریش تەنھا لەناوچە شاخاویە زۆر بەرزەکان ئەگەری ھەیە ببارێت لەبەرزی ٢٠٠ مەتر لە ئاستی ڕووی دەریاوە .
ئەو شارەزایەی کەشناسی جەخت لۆەوەشدەکاتەوە کە بارانبارینەکان زیاتر بەشێوەی تاو تاو ئەبن بۆیە بەشێک لەکاتەکان لەدوای تاوە باران و چالاکبوونی ھەورە بروسکە لەماوەی ئەو چەند رۆژەدا کەش بۆ ماوەی کورت جاروبار لەناوچەکان جێگیر ئەبێتەوە پاشان لەکاتی جیاوازدا باران و بروسکە دەستپێدەکاتەوە و ئێوارەی رۆژی شەممە ٨ی ئازار کۆتای پێدێت.