ڕوانگە - هێرش و بۆردومانی سوپای تورکیاو چەکدارانی سەر بەئەنقەرە بۆ سەر بەنداوی تشرین و چەند ناوچەیەکی تری ژێر دەسەڵاتی هەسەدە لەرۆژئاوای کوردستان بەردەوامە.
بەپێی راگەیەنراوێکی هێزەکانی سوریای دیموکرات، دوێنێ پێنج شەممە لەلایەن سوپای تورکیاوە زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانی کراونەتە سەر بەنداوی تشرین و شوێنی نیشتەجێبونی کرێکارانی بەنداوەکە و لەهەمان کاتیشدا بەتۆپی قورس ژمارەیەک گوندی نزیک بەبەنداوەکە بۆردومان کراون .
بەپێی هەمان سەرچاوە لەگەڵ بۆردمانەکانی تورکیادا چەکدارانی سەر بەئەنقەرە پەلاماری چەند خاڵێکی هێزەکانی هەسەدەیان داوە بەڵام بەهۆی ڕوبەڕوبونەوەیان ژمارەیەک لەو چەکدارانە کوژران و بریندار بوون و چوار فرۆکەی درۆنی خۆکوژی تورکیاش تێکشکێنراون.
لەناوچەی قەرەقۆزاقیش سوپای تورکیا گوندەکانی غەسق و تینە و جەعدەو بیر حەسۆو دێکان و مەلحەو سەنعی بەتۆپی قورس و بەشێوەیەکی هەڕەمەکی بۆردومان کردوەو سەرئەنجام زیانێکی گەورەی ماڵی بەهاوڵاتیانی ناوچەکە گەیاندوە.