ڕوانگە - نوێنەری ئەنجوومەنی سووریای دیموكرات – مەسەدە ڕایدەگەیەنێت، پەیامەكەی ئۆجالان کاریگەری ئەرێنی لەسەر ناوچەكانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا و وڵاتەکە بە گشتیی دەبێت، چونکە تورکیا هەمیشە بیانوی ئەوە دەهێنێتەوە، کە گرووپەكانی پارتی کرێکاران هەن و دەیەوێت لە ئاسایشی سنوورەکانی دڵنیابن.
سینەم محەمەد، نوێنەری ئەنجوومەنی سووریای دیموكرات – مەسەدە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ كەناڵی الحرة-ی ئەمریكیی ڕایگەیاند،، پەیامەكەی عوبدوڵا ئۆجالان كاریگەری ئەرێنی لەسەر ڕۆژئاوای كوردستان دەبێت و وە هەركاتێکیش هەڕەشەمان لەسەر نەما چەك دادەنێین.
سینەم محەمەد باسی لەوەشکرد، ئەگەر دۆخێك درووستبوو كە پێویستی بە چەك نەما، ئەوا هێزەكانی هەسەدە هیچ ناڕەزاییەتیەكی نییە لە دانانی، بەڵام لە ئێستادا هێرشەكان بۆ سەر ناوچەكەیان بەردەوامن و شەڕ لە بەنداوی تشرین و ناوچەكانی باشووری كۆبانێ هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا شانە نووستووەكانی داعش لە ناوچەكەدان، بۆیە کاتێک هەموو ئەو هەڕەشانە لە ناوچەکە کۆتاییان هات، چەکەکانیان دادەنێن.