ڕوانگە- لەبارەی پرسی ئاشتی لە تورکیا و هەروەها گرنگی پەیامەکەی عەبدوڵا ئۆجەلان و هەڵوێستی هێزە ناوخۆی و دەەرەکییەکان لەسەر ئەوپرسە، پەیامنێری ڕوانگە وتوێژێکی لەگەڵ محەمەد ئەمین پێنجوێنی، نوسەر و سیاسەتمەداری دیاری هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە و ئەمەی خوارەوە دەەقی وتووێژەکەیە.
پرسیار/ تێڕوانینی ئێوە چییە دەربارەی پەیامەکەی بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان و پەیامی پارتی کرێکارانی کوردستان لەبارەی ڕاگرتنی شەڕ لەگەڵ تورکیا، ئایە ئەو بارودۆخەی کە ئەم پەیامانەی تێدا بڵاوکراوەتەوە تاچەند بارودۆخێکی لەبار و گونجاوە بۆ ئەوەی پرۆسەی ئاشتی لەباکوری کوردستان دەستپێبکات؟
وەڵام/ پەیامەکەی ئۆجەلان پەیامێکی مێژووییە لە بزاڤی پەکەکە و جوڵانەوەی کوردی لە باکوری کوردستان، پەیامەکە بوو بە پەیامێکی مێژووی، چونکە سەرۆکی هەموو دەوڵەتە گەورەکانی دنیا ئەوانەی کە لە "لۆزان" بەتایبەتیی بەریتانیا و فەرەنسا، کە کوردستانیان پارچەپارچە کرد و خستیانە بندەستی چوار دەوڵەت و سێ میللەتی ناوچەکە، ئەو دەوڵەتانە ئێستا پێشوازییەکی گەرمیان لە بەیانەکە کرد و داوایشیان کرد کە دەبێت مافی کولتوری و نەتەوەی کورد لەو وڵاتانە پارێزراوبێت و وە هەروەها پیرۆزبایی و دەستخۆشیان لە بەڕێز ئۆجەلان کرد، لەبەر ئەوە من پەیامەکە بە پەیامێکی مێژووی لە قەڵەم دەدەم و دڵخۆشیشم کە ئەنجامێکی باشی دەبێت بۆ دۆزی کورد بەگشتی و بەتایبەتی کوردی باکور، چونکە لە سەرۆکی نەتەوەیەکگرتووەکانەوە بیگرە تاوەکو سەرۆکی هەموو دەوڵەتە گەورەکان وەک ئەمەریکا ، ڀەریتانیا، ئەڵمانیا... هتد، پێشوازییان لێکرد.
وە لەبارەی بەیاننامەی پەکەکە بۆ ڕاگرتنی شەڕ ئەوەش بۆ جوابدانەوە و وەڵامدانەوەی نامەکەی بەڕێز ئۆجەلان بوو، وە پشتگیری نامەکەی بەڕێز ئۆجەلان بوو، ئەمان ڕایانگەیاند بە ئاشکرا دەڵێن شەڕ ڕادەگرین بە مەرجێک هێرش نەكرێتەسەرمان، ل هەرشوێنێک هێرش کرایەسەرمان ئێمەش وەڵاممان دەەبێت، بەڵام ئێمە لەسەر داوای بەڕێز ئۆجەلان و پشتگیریکردن لە پەیامەکەی شەڕمان ڕاگرت، ئەوەی کەهەیە بە نیسبەت پەیامەکەی ئۆجەلان و ڕاگرتنی شەڕەوە لە لایەن پەکەکەوە کراوە.
پرسیار/ ترسێک هەیە لەوەی ئەمجارەش هاوشێوەی جارەکانی پێشوو ئەم دەستپێشخەریەی پەکەکە و بەڕێز ئۆجەلان شکست بێنێت، ئەم ترسە تاچەند لە جێگەی خۆیدایە؟
وەڵام/ ترس هەیە، ئەمڕۆ نەتەوە پەرستەکان ئەوانەی کە جیابوونەتەوە لە حیزبی باخچەلی، داوادەکەن ئەم بینینەی ئۆجەلان و باخچەلی و ئەەردۆگان،، یاخود ئەم نامەیەی ئۆجەلان هیچ گرنگی پێنەدرێت و داوادەکەن بەرەیەکی نەتەوەپەرست دژی ئۆجەلان و پەکەکە دروست بکرێت و بەشەڕ هەوڵبدرێت بۆ چارەسەری کێشەکان و دەوڵەتی تورک لە مێژوودا لە مامەڵەی لەگەڵ پەکەکە چەند جار ئاگربەست کراوە و دواجار ددەوڵەتی تورکیا ڕێککەوتنەکەی تێکداوە و پاشگەزبووەتەوە، پرۆسەی ئاشتی هەبووە پێنج ساڵی خایاند دوای دەوڵەتی تورکیا لەلایەنی خۆیەوە پاشگەزبووە و پپرۆسەکەی هەڵوەشاندەوە، بەڵام سیاسەتیش یەک شت نییە، سیاسەت ئێستا بەرژەوەندییە، سیاسەتی تورکیا ئێستا باش نییە ئابووری سیاسی عەسکەری دیپلۆماسی، بگرە تورکیا هەزار کێشەی هەیە و ترسی ئەوەی هەیە کە ئەو ڕەوشەی کە لە عێراق و سوریا هاتۆتەئاراوە تورکیاش بگرێتەوە و قەزێی کورد ببێت بەهۆی ئەوەی کە تورکیا توشی کێشەی شەڕی ناوخۆی و تێکچون بێت، بۆیە ئەمانە هەمووی گۆرین و دیزاینکردنەوەی نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەئارادایە کە ئەمەریکا و ئیسرائیل دەیانەوێت جێبەجێی بکەن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆیە ئەمانە کاریگەری هەیە لەسەرئەوەی کە تورکیا ئەمجارە فێڵ لەم پرسەدا نەکات و بەجدی بێتەپێشەوە.
پرسیار/ ئەگەر لەسەرئاستی سیاسی ڕێککەوتنێک لەنێوان پەکەکە و تورکیادا بکرێت پێتانوانییە لەڕووی پەروەردەییەوە پێویست دەکات ئەم ڕێککەوتنە شۆڕببێتەوە بۆ ناو شەقامی تورکیا، چونکە هاوڵاتی ئاسای تورکیا وەها پەروەردەکراوە کە باوەڕی بە بوونی نەتەوەی کورد نییە؟
وەڵام/ پرۆسەی ئاشتی شتێکە گرنگ ئەوەیە سەربگرێت و گرنگ ئەوەیە تورکیا بێتەپێشەوە، ئێستا تۆپەکە لە ساحەی تورکیایە، ئۆجەلان بەم نامەیە هەموو شتەکانی خستە ساحەی تورکیاوە، بۆیە قسەکردن لەسەر پەروەردەی تاک لە دوای ئاشتی و شەڕوەستاندن و دیالۆگ دەست پێدەکات، ئێمە نە کرد و نە هاوڵاتی عێراق و نەدەسەڵاتی هەرێم نە دەسەڵاتی بەغدا نەهاتن دوای ئاشتی و دروستبوونی هەرێمی کوردستان بێن پرۆژەیەکی کۆمەڵایەتی و پەروەردەی دابنێن بۆ پەروەەردەکردن و لەبیربردنەوەی ئەو شتانە بەداخەوە، ئیدی ئەوە هەنگاوی کۆتاییە و دەبێت تورک و کوردیش بەرنامەیەکیان هەبێت چۆن خەڵکەکە ئاراستە بکەن و ئەو ڕق و کینەی کە لە دڵیاندایە بەرامبەر بەیەک دایماڵن و ئەوە دەکەوێتە سەرشانی دەوڵەت و پەروەردە و زانکۆکان و ڕۆشنبیران و سیاسەتمەدارە گەورەکان و ئەگەر ژیربن ئەو هەنگاوە دەنێن.