ڕوانگە-بەمەبەستی بەرچاوڕوونی زیاتر دەربارەی زیادەڕەوی لە شارەکەدا سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی چەند ڕوونکردنەوەیەکی پێویستی بڵاوکردەوە لەوانە:
یەکەم:
پاش دەرکردنی یاسای قەدەغەکردنی زیادەڕەوی (ژمارە ٣ ساڵی ٢٠١٨) ئیدی رێگریکردن و لابردنی زیادەڕەوی لەسەر موڵکی دەوڵەت بە تەنها ئەرکی شارەوانیمان نەماوە بەڵکو ئەرکی لیژنەی لابردنی زیادەڕەوییە و تەنها لەسەر فەرمانی بەڕێز سەرۆکی یەکەی کارگێڕی زیادەڕەوییەکە لادەبرێت.
دووەم:
چۆنیەتیی بەکارهێنانی شۆستە و شەقامەکان و پاراستنی سیمای شار بەپێی (ماددەی ٢٨ بڕگەی ٣) لە یاسای بەڕێوەبردنی شارەوانییەکان (ژمارە ٦ ساڵی ١٩٩٣ هەموارکراو) لە دەسەڵاتی ئەنجومەنی شارەوانیدایە و پێشتر ئەنجومەن بڕیاری لەم بابەتەدا داوە و لایەنە پەیوەندارەکان لەسەر بڕیاری ئەنجومەن و ڕای نەخشەدانانی ئاوەدانی کاری لەسەر ئەکەن و هەر بەکارهێنانێکی شۆستە و شەقامەکان رەزامەندیی یاسایى نەبێت ئەوا بە زیادەڕەوی دادەنرێ و هەروەک خاڵی یەکەم مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.
سێیەم:
سەرۆکی شارەوانیمان هەموو رۆژێکی یەکشەممان و سێ شەممان راستەوخۆ هاوڵاتیان دەبینێت بۆیە هەر هاوڵاتییەک داواکارییەكی هەیە كە پێویستی بە واژۆو لە دەسەڵاتی ئەودابێت دەتوانێت لەو رۆژانەدا سەردانی بەڕێزیان بکات و ئەوسا ئەگەر داواکارییەکە لەگەڵ یاسا و رێنماییەکاندا ناکۆک نەبێ ئەوا بۆتان جێبەجێ دەکرێ و ئەگەریش ناکۆک بێت ئەوا بە روونکردنەوەی فەرمی وەڵامتان دەدرێتەوە.
چوارەم:
ئەگەر هەر فەرمانبەرێکی شارەوانی لە هەر پلەیەکدا بێت داوای پارەی لێ کردن ئەوا دەستبەجێ سەرۆکی شارەوانی یان بەشی کاروباری یاسایى شارەوانیمانی لێ ئاگاداربکەنەوە یاخود لە نزیکترین بنکەی پۆلیس سکالای لەسەر تۆماربکەن و دڵنیابن لەوەی دەست لە هیچ کەسێک ناپارێزرێت و هەر کەسێک بێت بە سزای خۆی دەگات.
لەگەڵ رێزی
سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی
١ ی ٣ ی ٢٠٢٥