روانگه - من شرۆڤەکاری سیاسی نیم، چ جای پەیامەکەی ئۆج ئالان کە سیاسییەکی قوڵ وبەئەزمونە شیبکەمەوە. نا تەنها قسەی دڵی خۆمەو ئەوەش ناشارمەوە وەک زۆربە هەستێکی خۆشم نییە، چونکە بروام بە تورک نیەو ئەزموونەکانی پێشووش یاریدەدەرنین. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەست دەکەم ئۆجەلان بە پەیامەکەی دونیای شڵەقاندووە.
بێگومان پرسیارو تێبینیم لەسەر پەیامەکە هەیە، بەڵام ئەوەی بە نەرێنی دەزانم جێدەهێڵم بۆ تێڕامانی زیاتر و پەلەی لێناکەم هەر هیچ نەبێت بۆئەوەی سبەی قەرزداری داوای لێبوردنێک نەبم .
بۆیە تەنها خاڵە ئەرێنیەکانی ئەو پەیامە دەخەمەڕوو :
١- ئۆجەلان کە ٢٦ ساڵە بەتۆمەتی تیرۆر زیندانە بەو پەیامەی نەک هەر تورکیا بەڵکو هەموو زلهێزەکانی دونیای بەدرۆ خستەوە کە ئۆجەلان نەک تیرۆرست نییە بەڵکو (کلیلی ئاشتی تورکیا و ناوچەکەیە) کەچی ئەو هێشتا زیندانە و محمد جولانی کە لەلیستی تیرۆردایە دۆستی تورکیاو سەرۆکی سوریایە !
٢- تۆپەکەی نەخستە قاچی تورکیاوە بەڵکو هەڵیدا بۆ قەندیل ( کلیلی پڕۆژەکە بەستنی کۆنگرەی پەکەکەیە) بێگومان ئەوانیش تۆپەکە فرێ دەدەنەوە گۆرەپانی تورکیا. ئایا پەکەکە بەبێ ئامادەبوونی ئۆجەلان کۆنگرە بۆ هەڵوەشاندنەوە دەبەستن ؟ هەتا بەتورکیا بڵێن : ئامادەین چەک دابنێین. بەڵام لەبەرانبەر چیدا ؟ ئەوە پیویستی بە دان وستانە ئێ خۆ دانوستان هەر قسەکردن و گفتوگۆ نییە بەڵکو پرۆسەیەکە تیایدا شتێک دەدیت و شتێک وەرگردەگریت.
٣- پەیامەکەی ئۆجەلان جەختی کردەوە کە پەکەکە تیرۆرست نیە بەڵکو دەرئەنجامی توندوتیژیی دەوڵەتەو ئاشتی کوردو تورک بەبێ چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە ممکن نیە. بۆیە بڕیاری نەداوە تەنها داوای کردووە ( کۆنگرەبگرن و چەک دابنێن و پەکەکە هەڵبوەشێننەوە)
ئەگەر دەوڵەتدارانی تورکیا و ئێراق و ئێران و سوریا ستەمکارو زاڵم نەبن کوردیش لەبەرانبەردا دەست ناداتە چەک.
لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا هێشتا بەگومانم بەتایبەتیش لەوەی رێگە نەدرا کە ئۆجەلان راستەوخۆ پەیامەکەی لەرێگەی ڤیدیۆوە بگەیەنێت ؟