ڕوانگە - لە وتووێژی لەگەڵ پەیامنێری ڕوانگە لەبارەی پرسی ئاشتی لە تورکیا و هەوڵەکانی تورکیا و پەکەکە بۆ سەرخستنی پرسی ئاشتی و ئاڵانگارییەکانی بەردەم ئەوپرسە لە داهاتودا، عەزیز ڕەئوف، نوسەر و چادێری سیاسی ڕایگەیاند؛"ئێمە ئەزموومان لەگەڵ ئەم پرسەدا هەیە و لەپاش ساڵی 2013 چەندین جار ئاگربەست ڕاگەیەنراوە و دواجار هەڵوەشاوەتەوە، بەڵام هیچ چرکەساتێک بە پێچەوانەی بۆچوونی زۆرێک لە چاودێرانەوە بەقەد ئەم چرکەساتەی ئێستا بۆ خراپیی دۆخەکە نابینم، هەروەها پێموایە مەسەلەی ئاشتی جگە لە سینارۆیەک و جگە لە کاتکوشتن زیاتر هیچی دیکە نییە،"
وتیشی: "یەکەم چرکە کە ئەم پرسە ڕاگەیەنرا من پێموابوو ڕەنگە ئەگەرێک هەبێت، بەڵام کاتێک وێنەی نەجوڵاوی ئۆجەلانمان بینی کە لە وێنەیەکی فۆتۆشۆپ دەچێت ئەوەندەی دیکەگومانم لەوەدا نەما کە بەڕاستی ئەمە پرۆسەی ئاشتی نییە."
عەزیز ڕەئوف ڕونیشی کردەوە: "ئێمە پێمانوابوو ڕەنگە دۆخێکی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی هاتبێتە ئاراوە و وەزعی ئۆردوگان و تورکیا خراپ بێت و ئەمە چانسێک بێت بۆ ئێمە بەڵکو پرۆسەی ئاشتی هەنگاوێک بچێتە پێشەوە، بەڵام ئەمشەو کاتێک گوێمان لە لێدوانەکانی ئۆردوگان بوو تێگەیشتین لەوەی کە ئەمە پرسی ئاشتی دەخاتە مەترسییەوە و پێمان وایە ئەمە تەنها کاتکوشتنە و دوای ڕاگەیاندنی پرۆسەی ئاشتیی تورکیا حەوت پرۆسەی سەربازیی لەناوچەی بادینان و گارا و خواکوڕک دژی پەکەکە ئەنجامداوە، کە ئەمە پێمان دەەڵێت ئەمە پرسی ئاشتی نییە، بەڵکو تەنها کاتکوشتنە."
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئایە ئەگەر هاتوو لە ئاستی سیاسیدا پرسی ئاشتی سەری گرت، ئەی لە ئاستی شەقامدا پێویستە چی بکرێت بۆ ئەوەی ئەو تێڕوانینە لای هاووڵاتیی تورک بگۆڕێت کە پێیان وایە میللەتێک بوونی نییە بە ناوی کوردەوە؟ عەزیز ڕەئوف نووسەر و چاودێری سیاسی، ئاشکرای کرد: "ئەم پرۆسەیە پرۆسەیەکی درێژخایەنە، شتێک لە دەستووری تورکیادا نییە بە ناوی کورد، بۆیە دەبێت دەستکاریی دەستوور بکرێت، چونکە بەبێ دەستکاریی دەستور ناتوانرێت دۆزی کورد چارەسەر بکرێت، لەبەرئەوە ئەم پرۆسەیە ئەگەر بیشچێتە پێشەوە ئەوا دەبێت خەڵکی تورکیا ڕای خۆیان بدەن لەسەر ئەو دەستوورە و دەبێت پەڕلەمان بڕیار بدات لەبارەیەوە و ئەگەر ئۆردوگانیش ئەم کارە بکات ئەوا ئەم پرسە پرسێکی قوڵە، چونکە دەبینین تا ئەم چرکەساتە لە تورکیا هاووڵاتیی کورد لەسەر گۆرانییەکی کوردی لە تورکیا دەکوژرێت لەبەرئەوە ئەمە پرۆسەیەکی ئێجگار دوورودرێژە و دەبوو لەدوای ساڵانی 1991 لە سەر ئاستی شەقامی تورکیا جۆرێک لەڕێککەوتن هەبوایە و کلتورێک هەبوایە بۆ پێکەوەژیانی کورد و تورک، کە بەداخەوە تا ئەم چرکەساتە تورکەکان نێتێکی خراپیان هەیە بەرامبەر بە کورد."
عەزیز ڕەئوف باسی لەوەش کرد: " سەرەڕای ئەمانە ئێستا لە ئاستی ناوخۆی و نێودەوڵەتیشدا جوڵەیەک دروست بووە بەرامبەر بە کورد. ئێستا هاووڵاتییانی تورکیا دەپرسن ئەگەر ئێوە دەڵێن کورد نییە ئەی ئێستا لەگەڵ کێدا ڕێک دەکەون و ئەم سەرکردەیە چی دەکات لە بەندیخانە، کەواتە ئەمە بۆ خۆی دانپیانانە بەبونی کورد لەو وڵاتە."