ڕوانگە - میسر جێگرەوەیەک بۆ پێشنیازەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دادەەنێت بۆ راگواستنی دانیشتووانی کەرتەکە و بڕیارە لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی لوتکەی عەرەبیدا بخرێتەڕوو.

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاوی  کردۆتەوە، پلانەکەی میسر بۆ دوورخستنەوەی حەماسە لە غەززە و جێگرتنەوەیان بە چەند دامەزراوەیەکی کاتی، کە لەلایەن وڵاتانی عەرەبی و موسڵمان و رۆژئاواییەوە سەرپەرشتی بکرێن.

 بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە، 4ـی ئازاری 2025، لە کۆبووونەوەی لوتکەی عەرەبیدا لە قاهیرە، میسر ئەو پلانە لەچوارچێوەی دیدگای خۆیدا بۆ غەززە بخاتەڕوو.

هاوكات پلانەکەی قاهیرە باس لە پرسە گرنگەکانی غەززە دەکات، لەوانە وردەکارییەکانی چۆنییەتی بەڕێوەبردنی غەززە و ئەو لایەنانەی کە پارەی ئاوەدانکردنەوەی غەززە دابین دەکەن، جگە لەوەش چۆن گرووپێکی چەکداریی وەکو حەماس لە غەززە دووردەخرێتەوە.

هەروەها لە سەرەتای رەشنووسی پلانەکەی میسردا ئەوە خراوەتەڕوو، تاوەکو حەماس لە غەززە باڵادەست بێت، هیچ بودجەیەکی گەورەی نێودەوڵەتی بۆ نۆژەنکردنەوە و ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە بەدەست نایەت.

بە پێی رۆیتەرز، لە رەشنووسەکەدا میسر بە توندی پێشنیازەکەی دۆناڵد ترەمپ، بۆ راگواستنی بەکۆمەڵی دانیشتووانی غەززە رەتدەکاتەوە و وەکو هەڕەشەیەکی ئەمنی بۆ سەر وڵاتە عەرەبییەکان ناویدەبات.