ڕوانگە-لە وتوێژی لەگەڵ پەیامنێری ڕوانگە لەبارەی نیگەرانیەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان لەو بارودۆخەی کە ئێستا هەرێمی پێدا تێدەپەڕێت و هەروەها هۆکارەکانی پشت بەدینەهاتنی ئامانج و دەستکەوتەکانی ڕاپەڕین و ڕۆڵی وڵاتانی ئیقلیمی و جیهانی لە بەدینەهێنانی  ئامانجەکانی ڕاپەڕین مەسعود عەبدولخالق نوسەر و چاودێری سیاسی ڕایگەیاند"من پێموانییە دەوڵەتانی ئیقلیمی و دەوڵەتانی جیهانی هیچ ڕۆڵێکیان هەبێت لەوەی کە ئامانجەکانی ڕاپەڕین نەیەتەدی،‌ بەڵکو ئەوەی  ڕێگەرە لەوەی ئەو ئامانجانە بێتەدی ئەوەیە چینێک لە کوردستان پەیدابووە کە خەڵکی کوردستان ناویان لێناوە گەندەڵکاران.

وتیشی؛"ئەم چینە چینێکی  پەرت و بڵاون واتا تەنها لە ناو یەک حیزبدانین، بەڵکو لە ناو هەمو حیزبەکانی دیکە بوونیان هەیە، بەڵام وەکو  دەسەڵات پارتی دیموکراتی کوردستان  سەرکردایەتی و ڕابەرایەتی ئەو چینەدەکات."

مەسعود عەبدولخالق ئاشکرایشیکرد، ئەو چینە بەتەواوەتی دەستی بەسەر دەسەڵات وئەو ڕاپەڕینەدا گرت بەتایبەت لەپاش 2010 ئەو چینە بە تەواوی لەگەڵ میللەت جیابووەنەوە، کە بەداخەوە ئەو چینە نە نیشتیمانی هەیە نە مەبدەئو نەویژدانی هەیە و کە دەڵێن لەگەڵ خەڵکدا لە ناو کەشتیەکداین هەرگیز وەهانییە، تەنانەت لە ڕاپەڕینیشدا لەگەڵ خەڵکە دڵسۆز و خەباتگێڕەکەدا جیاوازن، کە بەداخەوە خەڵکە شۆڕشگێڕ و خەباتکارەکە زۆر ناڕازین لەم بارودۆخە، بەڵام بەپێچەوانەوە  ئەوان زۆر ڕازین لەو دۆخە.

هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوەی دۆڕاوە میللەتە، مێژووی کوردایەتییە،  نیشتیمانە، ئەوەشی‌ براوەیە چینی گەندەڵکارانە کە پارە و پولێکی زۆر باشی بۆ خۆی  پەیداکردووە و زۆریش لای گرنگ نییە چارەنوسی ئەو میللە چی بەسەردێت.

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە بۆچی خەڵکی  کوردستان بەر لە ڕاپەڕین ئاماددەی هەموو قوربانیدانێک بوو بۆ ئەوەی لە دەست زوڵم و زۆر ڕزگاری ببێت، بەڵام ئێستا بە  پێچەوانەوە بێهەڵوێستن و هیچ پەرچە کردارێکیان نییە؟ مەسعود عەبدولخالق نوسەر و چاودێری سیاسی ڕونیکردەوە؛"خەڵک بێدەنگ نییە، بەڵام خەڵک‌ مەترسییەکی هەیە ئەویش ئەوەیە دەترسێت ئەو دۆخە تێکبچێت هەرێم نەمێنێت و هەڕەشەی تورکیا و عێراق و ئێران و سوریاش لەولاوە کە ئەوان جێگەی  دڵنیایی نین و لەلایەکی دیکەشەوە هێزە ئۆپۆزیسۆنەکان زۆر پەرتو بڵاون، ئەمەش وایکردووە کە میللەت نەتوانێت گۆڕانکاری بکات دەنا هەموو میللەت ئیرادەی لەسەر ئەوەیە ئەوەی ئێستا لەسەر حکومە بەنوێنەری خۆی نازنێت."