ڕوانگە - وەزارەتی کارەبای هەرێم رایگەیاند، هەڵدەستێت بەئەنجامدانی تاقیکردنەوەی فشاری سەر تۆڕی کارەبای نیشتمانی لە سنووری ناو بازنەی ١٢٠ مەتری پارێزگای هەولێر.
ئەمڕۆ هەینی ٧ـی ئازارـی ٢٠٢٥، وەزارەتی کارەبای حکوموتی کاربەڕێکەر لە راگەیاندراوێکدا باسی لەوەکردووە، تاقیکردنەوەی فشاری سەر تۆڕی کارەبای نیشتمانی لە سنووری بازنەی ١٢٠ مەتری پارێزگای هەولێر ئەنجام دەدرێت.
باسی لەوەشکرد، ئەم تاقیکردنەوەیە رێکارێکی ڕۆتینییە کە بۆ تۆڕی کارەبا لەلایەن وەزارەتی کارەباوە ئەنجام دەدرێت، ئامانج لێی دیاریکردنی کێشە و خاڵە لاوازەکانی تۆڕەکانی گواستنەوە و دابەشکردنی کارەبایە.
ئاماژەی بەوەشکرد، وەزارەتی کارەبا ئاگاداری هاوڵاتیان دەکاتەوە لە ئەگەری پچڕانی نەخوازراوی کارەبا لەکاتی ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکە.