ڕوانگە-لە وتوێژی لەگەڵ پەیامنێری ڕوانگە، لەبارەی ڕۆڵی  ڕێکخراوەکان لە هۆشیارکردنەوەی ژنان لەبەرامبەر  ئەرکو مافەکانیانیان و هەروەها بەربەستەکانی بەردەم  ژنان لە کۆمەڵگای کوردی بەگشتی و ژنانی گەرمیان بەتایبەتی هەیفا مەجید سەرۆکی ڕێکخراوی شۆخ بۆ گەشەپێدانی تواناکانی ژنان و هەروەها نوێنەری ئیدارەی گەرمیان لە ئەنجومەنی باڵای خانمان ڕایگەیاند؛ ژنان لە دێرزەمانەوە ڕۆڵیان هەبووە و شانبەشانی پپاوان کاریان کردووە، بەڵام ئاشکرایە ڕۆڵیان سنورداربووە هەرچەندە توانیویانە لە دەرەوە هاوکارێکی باشی پیاوانبن و لەهەمانکاتیشدا ئەرکی ماڵەوەیان ڕاپەڕاندووە، بەڵام لەبارەی  هۆشیاری  ژنان لە  ڕابردوودا تاڕادەیەک ئاستی هۆشیاری و ڕۆشنبیری  ژنان کەمتربووە و ئەو ژنانەی کە ئاستی ڕۆشنبیرییان بەرزبووە بە پەنجەی دەست دەژمێردران و ئەوانە ناویان لە مێژوودا تۆمارکراوە.

وتیشی؛ لەئێستادا ئێمە  وەکو چالاکوانانی ژنان و ڕێکخراوەکانی تایبەت بە ژنان دەتوانم بڵێم  کاریگەریمان  هەبووە لە هۆشیارکردنەوەی ژنان، بەڵام کاریگەریەکەمان بەوجۆرە نییە  و نەبووە کە بتوانم بڵێم سەد لەسەد توانیومانە ڕۆڵبگێڕین و کاریگەریمان کردبێتەسەر گۆڕینی بارودۆخی ژنان بۆ بەرەو باشتربردنی زیاتری ژنان، بەڵام هەرچۆنێک بێت هەوڵمانداوە کە ڕۆڵمان هەبێت لە هۆشیارکردنەوە و بەئاگاهێنانەوەی ژنان  لە ئەرک و مافەکانیان و توانیومانە  ژنان هۆشیاربکەینەوە لەوەی کە ئەوانیش وەکو پیاوان چۆن ئەەرکێک  جێبەجێ دەکەن بەرامبەربەئەوە دەبێت مافی خۆیان وەربگرن، کە ئەوەش لەڕێگەی کۆمەڵێک کاروچالاکی و هەروەها لەڕێگەی میدیا و سۆشیال میدیاوە و لەڕێگەی ئەنجامدانی  ئەو چالاکیانەوە کە تایبەتن بە ڕۆژی ژنان کە ماوەی ١٤ ڕۆژ هەڵمەتی هۆشیاری دەستپێدەکات لەوماوەیەدا ئێمە توانیومانە زۆر کاری باش ئەنجام بدەین،کە خۆشبەختانە لە بەرامبەریشدا ژنانیش بەدەمەوە هاتنی باشیان هەبووە.


لەوەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئایە بەربەدەستە دیارەکانی بەردەم کاری ئێوە چییە  وەک چالاکوانان و ڕێکخراوەکانی تایبەت بەژنان؟ هەیفا مەجید سەرۆکی ڕێکخراوی شۆخ بۆ گەشەپێدانی تواناکانی ژنان و هەروەها نوێنەری ئیدارەی گەرمیان لە ئەنجومەنی باڵای خانمان ڕونیکردەوە؛"کاری ژن لەناو کۆمەڵگادا لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دیکە جیاوازە، بۆنمونە کۆمەڵێک کار هەیە ژنان ناتوانن لەناوچەیەکی وەک گەرمیاندا جێبەجێی بکەن، بەڵام‌ هەمان ئەوکارانە لە شوێنێکی دیکەی وەک سلێمانی لەوانەیە بۆ ژنان کارێکی ئاسای بێت، هەرچەندە بەربەست  لەبەردەم هەموو  مرۆڤێکدا هەیە، بەڵام بەربەستەکان زیاتر بۆ ژنانن، ژنان لەناو کۆمەڵگایەکدا کلتور و دابونەریتەکەی زۆر زاڵبێت و زۆر ڕێگربێت لە ئیشکردنی ژنان ئەوانە دەبنە بەربەستی گەورە لەبەردەم‌ ژناندا،بۆئە ئەگەر باسی ناوچەیەکی وەک گەرمیان بکەین تاوەکو ئێستا بەربەست زۆرە لەبەردەم ژناندا و زۆرجار لەڕێگەی حیزب و کۆمەڵگا و خێزانەوە بەربەستی بۆ دروست دەکرێت ئەگەر بییەوێت هەوڵبدات و پێبگات،‌ لەبەرئەوەی ئێمە لەناو کۆمەڵگایەکدا دەژین کۆمەڵگایەکی پیاوسالارییە و پێیان حەیفە کە ژن  پێبگات و بگاتە ئاستێک لە پیاو زیاتر باڵادەستبێت، کە دیارە ئەوە پەیوەندی بە کلتورەوە هەیە، بەڵام بۆ ئەمەش دەوەستێتە سەر ئاستی هۆشیاری و ڕۆشنبیری خودی ژنان خۆیان و هەوڵدان و تواناکانی خۆیان، بەڵام ناشتوانین بارودۆخ بۆ ژنان لە گەرمیاندا بەجۆرێکە کە ژنان نەتوانن ڕۆڵی خۆیان بگێڕن، بە پێچەوانەوە‌ ئەوەندەی من دەیبینم تاڕادەیەک لێرەش ژنان وانیویانە هەوڵی باشبدەن و جێگەدەستیشیان دیارە و پاڵپشتیش دەکرێت ئەگەربیەوێت، لەبەرئەوەی کۆمەڵگا ڕۆژ لەدوای ڕۆژ پپێش دەکەوێت و هۆشیارتیش دەبێت.

سەبارەت بە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە نوخبەیەک لە ژنان هەندێکجار بەهۆی دەەرکەوتنیانەوە لەکۆمەڵگادا ڕووبەڕووی  کۆمەڵێک بەربەست دەبنەوە و دواجار بەشێک لەوانە ڕەنگە ببنە قوربانی، ئایە ئەمە تاچەند کاریگەری هەیە لەسەرئەوەی کە ژنانی دیکە نەتوانن یاخود نەیانەوێت  بێنەپێشەوە بۆئەوەی نەبنەقوربانی؟ هەیفا مەجید سەرۆکی ڕێکخراوی شۆخ بۆ گەشەپێدانی تواناکانی ژنان و هەروەها نوێنەری ئیدارەی گەرمیان لە ئەنجومەنی باڵای خانمان ئەوەی خستەڕوو؛ بەداخەوە بەشێکی کەم لە ژنان ئامادەی ئەوەن کە لە کایەی حیزبیدا کاربکەن، لەبەرئەوەی تێڕوانینی  کۆمەڵگا بەوجۆرەیە ئەو‌ ژنانەی لەکایەی سیاسی و حزبیدا‌ کاردەکەن  ڕووبەڕووی کۆمەڵێک بەربەست دەبنەوە و حیزب بۆ کۆمەڵێک مەرامی تایبەت بەکاریان دەهێنێت بەرامبەر بە هەندێک دەستکەوت، لەگەڵ ئەوەشدا بەشێک لەوژنانەی کە لەکایەی سیاسیدا دێنەپێشەوە چەندین تۆمەتی ئەخلاقی بۆ دروست دەکرێت کە زۆرجار دورە لە ڕاستییەوە، کە بەداخەوە کە بەوجۆرە بەربەست  بۆ ژنان دروست دەکرێت کە وادەکات لە کۆمەڵگادا وێنەیەکی ناشیرینی بۆ دروست دەکرێت لە کۆمەڵگادا و ئەمەش کاریگەری لەسەر خێزانەکەی دروست دەکات کەببنە ڕێگر لە بەردەمیدا، بۆیە ئێمەی ژنان چەند بمانەوێت پێش بکەوین ئەوەندەش بەربەست لەبەردەماندایە و هێشتا هۆشیاری خەڵک ماوێتی بگات بەوئاستەی‌ کە‌ ئێمە‌ دەمانەوێت.