ڕوانگە - بەهۆی بەردەوامیی ئەو شەپۆلە بارانبارینەی کە ڕووی لە‌ ناوچەکە کردووە ئەمڕۆ یەكشەممە ٢٠٢٥/٣/٩ لە شارەكانی كەربەلا، دیالە، دیوانییە و ئەنبار پشووی فەرمییە لە قوتابخانەكان، كەشناسیی عێراقیش ڕایگەیاندووە، شەپۆڵەكە بەردەوام دەبێت.


راگەیاندنی پارێزگای كەربەلا بڵاویكردەوە، پارێزگار بڕیاری داوە ئەمڕۆ پشووی قوتابخانەكان بێت، چونكە بارانی بەخوڕ بەردەوامە و مەترسی لەسەر قوتابیان هەیە، بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی دیالە لای خۆیەوە بە هەمان مەبەست، دەوامی قوتابخانەكانی داخست، دوو رۆژی رابردووش بارانبارینی بەخوڕ لەوێ بەردەوام بوو.


لە پارێزگاكانی ئەنبار و دیوانییە و میسانیش بە هەمان شێوە پارێزگارەكان بڕیاریان دا قوتابخانەكان دابخرێن و ژیانی قوتابیان لەبەر لافاو و باران پارێزراو بێت،هەروەها پەروەردەی سەڵاحەدین بڕیاری دا دەوامی قوتابخانەكانی قەزای سامەڕا رابگرێت هەر بەهۆی هەمان بارودۆخەوە.


لای خۆشیەوە دەستەی كەشناسیی عێراق بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ باران لە چەند شارێكی عێراق بەردەوام دەبێت، كە هەورەبروسكە و بای بەهێزی لەگەڵ دەبێت، ئەوەشیان خستووەتەڕوو، كە ئەم كەشە تا چوارشەممە بەردەوام دەبێت و باران لە چەند ناوچەیەكی باكووری عێراقیش دەبارێت.