ڕوانگە- لە وتوێژی لەگەڵ پەیامنێری ڕوانگە لەبارەی بڕیارەکانی ئەمەریکا بۆ ڕاگرتنی هاوردەکردنی غاز و کارەبای ئێران لە لایەن عێراقەوە و وە کاریگەری ئەو بڕیارە لەسەر عێراق و هەروەها تواناکانی هەرێمی کوردستان بۆ پڕکردنەوەی پێداویستیەکانی عێراق لە غاز و کارەبا دکتۆر خالد حەیدەر مامۆستای زانکۆ و شارەزای بواری ئابوری ڕایگەیاند؛" ئەوەندەی کە باس دەکرێت هەرێمی کوردستان بەشێک لە کارەبای موسڵ و کەرکوک دابین دەکات،دیارە کە ئێستا لە هەرێم کە باس لە کارەبای ٢٤ کاتژمێری دەکرێت و لە چەند شوێنێک دەستکراوە بەو پرۆژەیە و ڕاستە نرخەکەی بەرزە، بەڵام دیارە ئەم تەجروبەیە بۆئەوەیە کارەبای ٢٤ کاتژمێری لە کوردستان هەبێت، بۆیە ئەگەر ئەم پرۆژەیە سەربگرێت لەوانەیە هەرێمی کوردستان بتوانێت لە ماوەیەکی زۆر نزیکدا کارەبا بە عێراق بفرۆشێت و ببێت بە بەدیلی ئەو کارەبایەی کە عێراق لە ئێرانەوە هاوردەی دەکرد.
وتیشی؛"سەرۆک وەزیرانی عێراق باس لەوەدەکات کە بۆرییەکی تایبەت دروست بکرێت بۆ دابینکردنی پێداویستیەکانی وێستگە کارەبایەکان لەهەرێمی کوردستانەوە بۆ ئەو شوێنانەی کە پێویستیان بە غازە لە عێراقدا و بۆ ئەو مەبەستەش بڕیاری داوە تاوەکو هاتنی وەرزی هاوین دەبێت ئەو پرۆژەیە ئەنجام بدرێت، بەڵام گرفتی گەورە لێرەدا ئەوەیە کە ئایە حکومەتی عێراق دەتوانێت بەو ماوە کورتە ئەو پرۆژە گەورەیە جێبەجێ بکات؟ چونکە من گوماندەکەم عێراق بتوانێت ئەو پرۆژەیە جێبەجێ بکات، لەبەرئەوەی عێراق ئەو توانا و ئیمکانێتانەی نییە کە بتوانێت لەو کاتە کەمەدا ئەو پرۆژە گەورە ئەنجام بدات، هەروەها هەموومان دەزانین ئەو گەندەڵێی کە لە عێراقدا هەیە وادەکات نەتوانن بە ئاسانی تا مانگی پێنج ئەو گرفتە چارەسەربکەن."
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئایە بۆچی عێراق دەستبەجێ دەکەوێتە ژێر فشارەکانی ئەمەریکاوە لەکاتێکدا پێێداویستیەکانی عێراق لە غاز و بەرهەمهێنانی کارەبا لە ئێرانەوەیە؟
دکتۆر خالد حەیدەر ڕونیکردەوە؛" ئەمەریکا بە هاتنی ترەمپ دەیەوێت بە هەموو شێوەیەک ئێران ملکەچ بکات بۆ ئەوەی کە بگەڕێتەوە بۆسەر مێزی گفتوگۆ و دانوستان لەسەر پرسی ئەتۆمی و ناچاری بکات وازبێنێت لە چەکی ئەتۆمی، وە وەهای لێ دەکات کە سەرچاوەیەکی زۆرگرنگی پەیداکردنی دۆلار و فرۆشتنی ئەو جۆرە سوتەمەنییە کە غازی سروشتییە بە عێراق پابەندی بکات بەوەی کە زووتر بگەڕێتەوە بۆ دانوستان لەسەر چەکی ئەتۆمی و گومان دەکەم ئێستا لەنێوان بەرپرسانی باڵای تاران و حکومەتی ئەمەریکا گفتوگۆ لەسەرئەوەدەکەن کە دەبێت پێکەوە کۆببنەوە هەرچەندە تائێستا ئەمە تەنها باسکردنەوە و هەنگاوەکانی دیکە دەستی پێنەکردووە، بەڵام گومان دەکەم هەردولا ڕێکبکەون لەسەر ئەوپرسە، ئاماژەی بەوەشکرد ئەو بڕیارەی ئەمەریکا لەبارەی ڕاگرتنی هاوردەکردنی غاز و کارەبا لە لایەن عێراقەوە وادەکات ئێران زیاتر ناچاربکات بەوەی کە زووتر لەسەرمێزی گفتوگۆ کۆبکاتەوە.
دکتۆر خالد حەیدەر مامۆستای زانکۆ و شارەزای بواری ئابوری ئاشکرایکرد؛"ئەو بڕیارەی کە ئێستا ئەمەریکا داوێتی بۆئەوەی چیدیکە عێراق پەنا بۆ هاوردەکردنی غاز و کارەبای ئێران نەبات تەنها بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەکانی خۆیەتی نەک بۆئەوەی کە وابکات عێراق پشت بەخۆی ببەستێت و گەشە بە بەرهەم هێنانی ناوخۆی خۆی بدات، چونکە بەلای ئەمەریکاوە گرنگ نییە هیچ وڵاتێک بگاتە بە بەرژەوەندی خۆی و پێداویستیەکانی خۆی پڕبکاتەوە، بەڵکو ئەمەریکا هەمیشە شەڕی بەرژەوەندیەکانی خۆی دەکات، و ترەمپ بە ئاشکرا دەڵێت ئێمە بەرژەوەندیمان لەکوێ بێت دەچین بۆ ئەو جێگەیە."
دکتۆر خالد حەیدەر باسی لەوەشکرد؛" گومان دەکەم ئەم بڕیارەی ئەمەریکا تەنها بۆ فشارکردنە لە ئێران، بۆئەوەی بەهیچ شێوەیەک بوار نەمێنێت بۆ ئێران کە هەڕەشە لە ئیسرائیل بکات هەروەها هەوڵەکانی ئەمەریکا بۆئەوەیە کە دەستی بگاتە بەرژەوەندیەکانی خۆی لەوەی کە بە نرخێکی زۆر کەم نەوتی دەست بکەوێت و هەروەها کۆنترۆڵی ناوچەکە بکات، چونکە ئەم ناوچەیە سەرچاوەی وزە و نەوتی جیهانە."