ڕوانگە- ئێران نیگەرانە لە بڕیاری ئەمریکا بۆ نوێنەکردنەوەی لێخۆشبونی عێراق لەهاوردەکردنی غازەکەی و ئەو بڕیارە بە"نایاسایی‌و تاوانی دژی مرۆڤایەتی" ناودەبات‌


ئه‌مڕۆ دوشەممە وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕاگەیەنراوێکی لەبارەی بڕیاری ئەمریکا بۆ نوێنەکردنەوەی لێخۆشبونی عێراق لەهاوردەکردنی غازی ئێران، بڵاوکردەوە.


ئاماژەی بەوەشکردووە، "سزاکانی ئەمریکا هیچ بنەمایەکی یاساییان نییەو بڕیارەکەش پێشێلکرنی یاساو تاوانی دژی مرۆڤایەتییە، بەپێویستیشی دەزانین ئەمریکا بەرپرسیارێتیی دەرئەنجامی ئەم سزایانە لەئەستۆ بگرێت".


وەزارەتی دەرەوەی ئێران، پەیامێکى ئاراستەی وڵاتانی ناوچەکە کردوەو ڕونیکردەوە، "باشترە بۆ وڵاتانی ناوچەکە، بڕیاریارەکانیان لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی تایبەتی خۆیان بدەن، بەشێوەیەک ڕێز لەسەروەریی خۆیان بگرن، ڕێگە بەفشارەکانی ئەمریکا نەدەن کاریگەریی لەسەر پەیوەندییەکانیان هەبێت، ئێمە لەو ڕوەوە لەپەیوەندیی بەردەوامداین لەگەڵ عێراق".


بەگوێرەی گرێبەستێک، ئێران ڕۆژانە نزیکەی 50 ملیۆن مەتر سێجای غازی به‌عێراق ده‌فرۆشت، بەڵام ڕۆژی 8ى ئه‌م مانگه‌، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا کۆتایی بەو لێخۆشبونە هێنا کە ڕێگەی بەحکومەتی عێراق دەدا، غازی ئێرانی بکڕێت بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا.


ماوەی چەندین ساڵە ئەمریکا داوا لەحکومەتی عێراق دەکات هەوڵبدات کەمتر پشت بەغازی ئێران ببەستێت بۆ بەرهەمێنانی کارەبا، بڕیارەکەش لەچوارچێوەی جێبەجێکردنی سیاسەتی ئەوپەڕی فشارە بۆسەر دەسەڵاتدارانی ئێران.