ڕوانگە - بە هەماهەنگی نێوان هەسەدە و حکومەتی عێراق، دەیان خێزانی چەکدارانی داعش، کەمپی هۆلیان بەرەو عێراق بەجێهێشت.

ئیدارەی کەمپی هۆل بەمیدیای عێراقی وتوه‌، 161 خێزانی عێراقی کە لە607 کەس پێکدێن، دوای تەواوبونی ڕێکارەکان کەمپەکەیان جێهێشت.

ئاماژەی بەوەشدا، ئەو خێزانانە لە ڕێگەی ئەو پاسانەوە دەگوازرێنەوە کە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە نێردراوە، هەروەها لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە تاوەکو سنوری عێراق دەپارێزرێن‌و لەوێشەوە دەگوازرێنەوە کەمپی جەدعە لەپارێزگای نەینەوا.

ئیدارەی کەمپەکە دوپاتیکردەوە، هەماهەنگی لەنێوان ئیدارەی خۆسەرو حکومەتی عێراق بەردەوامە بۆ گەڕاندنەوەی هەموو ئەو عێراقیانەی ئارەزوو دەکەن بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان.

لەیەکێک لەخاڵەکانی ڕێککەوتنی نێوان ئەحمەد شەرع‌و مەزڵوم عەبدی، ئەوەیە وردە وردە ئیدارەدانی کەمپی هۆل‌و سنورەکانی سوریا لەگەڵ عێراق ڕادەستی حکومەتی سوریا دەکرێتەوە.

کەمپی هۆل دەکەوێتە باشوری شاری حەسەکەی سوریا کە خێزانەکانی چەکدارانی داعشی تێدا دەستبەسەرکراون‌و لەژێر کۆنتڕۆڵ‌و ئیدارەی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)دان.