ڕوانگە - دوای کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا ئەنجومەنەکە ڕایگەیاند، مەسرور بارزانی وەزارەت و دامەزراوەکانی راسپارد هەرچی زووە لیستی مووچەی مانگی ئادار ئامادە بکەن بۆ ئەوەی بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵ بنێردرێت.
لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیراندا بڕیاردرا بە لێخۆشبوون لە قیستەکانی سوودمەندانی قەرزی بچووک لە ساڵانی پێشوو کە سوودمەندەکانیان کۆچی دواییان کردووە.
هەروەها سەرۆکوەزیران وەزارەت و دامەزراوەکانی ڕاسپارد هەرچی زووە لیستی مووچەی مانگی ئادار ئامادە بکەن بۆ ئەوەی بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵ بنێردرێت و پێش جەژن مووچەکە بدرێ.
هاوکات ئەنجومەنی وەزیران جەختی لە هەڵوێستی نەگۆڕی حکومەتی هەرێم کردەوە بۆ جێبەجێکردنی هەمواری یاسای بودجە بە ئاراستەی هەناردەکردنەوە و فرۆشتنی نەوتی هەرێم.
هەر لەکۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی دیاریکردنی ڕۆژەکانی پشوو و بۆنە فەرمییەکان لە ڕۆژژمێری حکومەتی هەرێمی کوردستان کرا و لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕاسپێردران ڕێکاری یاسایی و تەشریعیی پێویست لەمبارەوە بگرنەبەر.