ڕوانگە- ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی، ڕابەری کۆماری ئیسلامیی ئێران چوارشەممە لە دیدارێکیدا لەگەڵ کۆمەڵێک لە قوتابییانی زانکۆ سەبارەت بانگەوازی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ ئامادەیی ئەمریکا بۆ دانوستان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی، ڕایگەیاند: “ئەو ڕاستییەی کە سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت ئێمە ئامادەین بۆ دانوستان لەگەڵ ئێران و بانگهێشتی دانوستان دەکات، فریودانی بیروڕای گشتییە لە جیهاندا”.

ئایەتوڵڵا خامنەیی ئاماژەی بە نامەکەی دۆناڵد ترەمپ دا و وتی: "ئەو بانگەشەی ئەوە دەکات کە نامەیەکی ناردووە، بەڵام تا ئێستا هیچ نامەیەکم پێنەگەیشتووە.”

هاوکات میدیای ئێرانی ڕایگەیاند، دوێنێ چوارشەممە ئەنوەر گەرگاش، ڕاوێژکاری دیپلۆماسیی ئیمارات بە مەبەستی گەیاندنی نامەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گەیشتووەتە تاران و لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران کۆبوویەوە.