ڕوانگە - دادگەی لێکۆڵینەوەی سلێمانی1، تایبەت کرا بە بینینی کەیسی رۆژنامەنوسانی سنوورەکە. بەرپرسی سەندیکای رۆژنامەنووسانیش ڕایدەگەیەنێت؛" داوا دەکەین هەمان رێکار لە شارەکانی دیکەش بگیرێتەبەر.
سەرۆکایەتیی دادگەی تێهەڵچوونەی ناوچەی سلێمانی لە نووسراوێکدا بە ژمارە (2722) کە رێککەوتی 13-03-2025 و واژۆی دادوەر عومەر ئەحمەد، سەرۆکی دادگەکەی لەسەرە بڕیاری دا دادگەی لێکۆڵینەوەی سلێمانی1 تایبەت بکرێت بە بینینی کەیسەکانی تایبەت بە رۆژنامەنوسان.
کاروان ئەنوەر، سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان ڕایگەیاند؛" لە کۆبوونەوەیەک لەگەڵ جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستاندا ئەو داوایەمان پێشکەشکردبوو، خۆشبەختانە بڕیارەکە لەسەر داوای ئێمە بووە هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، داواکارین هەمان کار لە پارێزگاکانی دیکەش بکرێت".
کاروان ئەنوەر وتیشی؛" بڕیارەکە بڕیارێکی زۆر گرنگە بۆ رۆژنامەنوسان و لەمەودوا رۆژنامەنووسان بە یاسای تایبەت بە رۆژنامەگەری دادگەیی دەکرێن، کە زیندانیکردنی تێدانییە جگە لە راگرتنی کاتی، بەڵام ئەوە تەنیا بۆ کەیسەکانی ڕۆژنامەنوسانە".