ڕوانگە - لەبارەی ڕووداوەکانی ئەم دوایەی سوریا و بەتایبەت پرسی واژووکردنی  ڕێککەوتنی نێوان هەسەدە و سەرۆکی نوێی سوریا و گرنگی و بایەخی ئەو ڕێککەوتنە بۆکورد و هەروەها ئاڵانگاریەکانی بەردەم ڕێککەوتنەکە و ئەو هێزانەی کە ڕۆڵیان هەبوو لە ئەنجامدانی ڕێککەوتنەکە، پەیامنێری ڕوانگە گفتوگۆیەکی تایبەتی لەگەڵ دکتۆر  سەردار عەزیز نوسەر و چاودێری سیاسی و  پسپۆڕی زانستە سیاسییەکان دا

ئەنجامداوە.


ئەمەی خوارەوە دەقی گففتووگۆکەیە.


پ/ تێڕوانینی ئێوە چییە دەربارەی ڕێککەوتنی  نێوان مەزڵوم عەبدی و ئەحمەد شەرع، ئەم ڕێککەوتنە لەم کاتەدا بۆ کورد تاچەند بەگرنگ دەزانن؟


ئەم ڕێکەوتنە لەم‌ کاتەدا بەفشار و بە ڕێکەوت کرا، ئەگەر بە ڕووداوەکاندا بچینەوە پێش ئەوەی ڕێکەوتنەکە بکرێت ئەو بنکە سەربازیە سەرەکیەی  ئەمەریکی لە قەتەر سەردانی مەزڵوم عەبدی دەکات  ئەوان بە هلیکۆپتەری ئەمەریکی دەیبەن بۆ دیمەشق یان دەرەوەی دیمەشق لەوێ ئەحمەد شەرع دەبینێت ئێستا وەک زانیاریەکان دەڵێن ئەو بنکە سەربازییە ئەمەریکیەی لە قەتەر کە پێی دەڵێن، سیڻکۆم پەیوەندی هەیە لەگەڵ دیمەشقدا وەهاوکاری یەکدی دەکەن لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعشدا، کەواتە ئەمەریکیەکان هاندەر و ڕێکخەر و پشتیوانبوون  بۆئەوەی ئەوڕێکەوتنە‌ بکرێت، وە دیارە ڕەزامەندی تورکیاشی لەگەڵدا بووە ئەگینا نەدەتوانرا ئەمە ڕووبدات.


وە ڕێکەوتەکەش ئەوەیە ئەو ڕووداوانەی کە ڕویاندا لە ناوچەی عەلەویەکان دۆخێکی‌  وایان دروستکرد کە ترسی ئەوەی دروستکرد کارەکانیان لەدەست دەربچێت‌ بەوەی کە خەڵک دەستبکەن بەشەڕی یەکتری و‌ تۆڵەکردنەوە، چونکە لە مێژووی پەنجا ساڵە و بەتایبەتی لە مێژووی چواردە ساڵەی ڕابردوودا خوێنێکی زۆر ڕژاوە لە سوریا و بە ئاسانی‌ ناتوانرێت چارەسەربکرێت‌ وە ئەوەی پێی دەڵێن دادپەروەری ڕاگوزەر بەئاسانی ناتوانرێت جێ بەجێ بکرێت، چونکە ئەو دژایەتیەی کە لەنێوان خەڵکدا هەیە تەنها  ڕەهەندی سیاسی نییە، بەڵکو ڕەهەندی  تائیفی و دینی و وەرگرتووە بۆیە ترس  هەبوو هەموو ڕێسەکە بکرێتەوە بە خوری و سوریا داڕمێت، بۆیە ئەحمەد شەرع ئەم ڕێککەوتنەی واژووکرد لە ئەنجامی ئەم فشارانە ئەم دۆخە‌هاتە ئاراوە.


وە ئەم ڕێککەوتنە لە چەند ئاستێکدا بۆ کورد گرنگە، لە ئاستی هەنوکەی لەوەی کە ڕەنگە لە فشار و مەترسی بیپارێزێت، وە بۆماوەی نۆ مانگی داهاتوو دەردەکەوێت کە ئایە چەندێکی‌ جێ بەجێ دەکرێت، بەڵام لە زانستی ئاسایشدا شتێک‌‌ هەیە پێی دەڵێن خۆلادان لەوەی کە مەترسییەک هەیە چۆن خۆتی لێ دەپارێزیت، ڕەنگە ئەم  ڕێککەوتنە‌ جۆرێک بێت لەوە وە کۆمەڵێک شتی نوێ دەهێنێتە ئاراوە لە مێژووی سوریا و ناوچەکە.


پ/ زۆرێک پێیان وایە زەحمەتە ئەم ڕێککەوتنە سەربگرێت، بەتایبەت جێبەجێکردنی ئەو خاڵانەی کە لەڕێککەوتنەکەدا باسی لێوەەکراوە دەوترێت کاتێکی زۆرتری دەوێت وەک لەوەی کە دیاریکراوە ؟


وەڵام/

ئێمە دەبێت ئاگاداری ئەوەبین لە ناوچەیەکداین کە بە ڕووداوێک ڕەنگە هەمووشتێک داڕمێت، ناوچەیەک کە چەندین شەڕی دینی ئیقلیمی ئابووری شەڕی نەتەوەی لە ئارادایە، بۆیە هەمیشە دەبێ ئەوە لە بەرچاوبگرین کە ئەگەرهەیە هیچ شتێک سەرنەگرێت، هەرچەندە ئەوانە بەهانەنین بۆئەوەی ئەو ڕێککەوتنە نەکرێ، دەکرێت کاتی زۆرتری بوێت، بەڵام مەرج نییە لەو نۆمانگەدا ڕێککەوتنەکە نەکرێ ئەوا ڕێککەوتنەکە شکست دەهێنێت، هەرچەندە ئەم ئارگۆمێنتە ئارگۆمێنتێکی لاوازە.


ڕێککەوتنەکە گرنگە بەوەی کە بنەمایەک دادەڕێژێت وەپرسی کورد ئەوەنییە پرسێک بێت بە یەک ڕێککەوتن و بەیەک قۆناغ و بەیەک جار چارەسەربکرێت.


شتێک هەیە کە خەڵکی کورد لێی تێناگەن ئەویش ئەوەیە کە هەمیشە پرسی کورد لە ئەنجامی کۆمەڵێک فاکتەر و کۆمەڵێک ڕوودا و کۆمەڵێک ئەکتەری جیاواز دێتە ئاراوە، لە عێراقدا پرسی کورد لە ساڵی ١٩٥٨ ەوە دەست پێدەکات لە ٢٠٠٥ ئەبێ بە فەرمی و یاسای بۆیە لە عێراقیش دەستپێدەکات لەبەر تایبەتمەندی عێراق لەوەی کە دەوڵەمەندە و گۆڕانکاری زۆر تێدایە جێگەی بایەخی زلهێزەکانی جیهانە و ژمارەی کورد تیایدا چڕە و وڵاتەکە گەورە نییە، هەروەها ئەندامی هیچ ڕێکخراوێکی ڕۆژئاوایی نییە، ئەمانە هەمووی فاکتەرن بۆئەوەی کە ئەم شتانە ڕووبدات، بەڵام لە سوریا ئێمە ئێستا لە سەرەتای ئەو قۆناغەداین کە کورد دەبێتە بەشێک لە پرۆسەی سیاسی ئەو وڵاتە وە هەنگاوی دووەمیش ئەوەیە ئەبێتە بەشێک لە پرۆسەی دەستوری و یاسایی و پاشان دەبێتە بەشێک لە پرۆسەی ئیداری ئەو وڵاتە، هەموو ئەمانە هەنگاو بە هەنگاو بەدوای یەکدادێن، بەڵام ئاساییە کورد شارەزای جیۆپۆڵەتیک و حکومڕانی و دەزگا و قۆناغەکانی ململانێ و ئاشتی و هەموو ئەم شتانەی نییە بۆیە بەخشندەن لە کۆمێنت و سەرنجدان.



پ/دەڵێن هەرکات کورد بووبێتە بەشێک لە زیندووکردنەوەی وڵاتێکی داگیرکەر، دۆڕاوە. بۆ‌ ئەمەش نمونەی کورد لە باشووری کوردستان دەهێننەوە،‌ ئەم ترسە تاچەند لەجێگەی خۆیدایە؟


وەڵام/

کورد نەبووە بە بەشێک لە زیندوکردنەوەی سوریا، ئێستا هەموو کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەیانەوێ سوریا سەقامگیربێت، بەڵام بۆ کوردیش دەرفەتێکە لەوەی ئێستا دەستپێبکات بەو پرۆسەیە لەوەی دواتر بێتە ناو یەوە کە سوریا بەهێزبێت و بێتەوە ناو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و پشتیوانی هەبێت.


کێشەی کورد لەباشوور لە خۆیدایە کە نازانێت لۆژیکی هێز چۆنە، واتە چۆن تۆ لە بەرامبەر ئەویتردا هێز بنیات بنێت بۆئەوەی ماف بەدەست بێنێت، لە باشووردا کورد خۆیان لەبەرامبەری ئەوی تردا خۆی هەڵدەوەشێننەوە، داوای ماف دەکەن لەڕێگەی خۆنزیک کردنەوە و دایەتی یەکدییەوە.


ئەم میتۆدە بە ئامانجیان ناگەیەنێت، چونکە بەشێک لە کورد مۆدێلی بەغدای پێباشە و بەشێکیشیان هەولێری پێباشە، بەڵام دەسەڵات لە بەغدا ئەو خەڵکانەی کە مۆدێلی بەغدایان پێباشە بەکاریان دەهێنێت وەک فشار لە بەرامبەر ئەوەی هەولێر، بەپێچەوانەشەوە ئەوەی هەولێر ئەو خەڵکانە وادەبینێت کە نەیارین یان دژی ئەوەن بۆیە دۆخێک دروست بووە نە ئەوانەی کە لەگەڵ بەغدان هیچیان دەستدەکەوێت نە ئەوانەشی دژین لە ئەنجامدا گەمە دەکرێت، گەمە مەبەستم چەمکێکی نێودەوڵەتی کە یاریکردنە بەئەوان.


ئەمە جێگەی نائومێدییەکی زۆرە گەمژەییەکی زۆر هەیە لەئاستی یاری سیاسی لە ناوچەکەدا ئامانجەکانیش زۆر بچوکن، ئامانجی شەخسین ئامانجی تایبەتی و خێزانی و ئامانجی گروپن، ئەمە وادەکات کە کورد ئەوی دیکە زندوکاتەوە، لەگەڵ ڕۆژئاوا بەمشێوەیە بمێننەوە چەکدارێکی هەشتا بۆ نەوەد هەزارییان هەبێت ڕێکخراون و یەک ناوەندی هەبێت وە (ئەنکەسە) و ئەوانی دیکە بتوانن ببێت بە بەشێک لە ئەو پرۆسەیە نەبنە ڕێگر ئەوا بەرەوپێش دەچن، خۆی مەترسی هەرەگەورە لەم یاریە تورکیابوو، چونکە هەموو پرسەکە لەدەستی دوو ئەکتەردا بوو ئەوانیش ئەمەریکا و تورکیا بوو کە هەڵوێستیان چۆنبێت، ئەگەر ئەمان لەناوە بەو ناوەندێتی و یەکگرتووی و هەبوونی هێزەوە بمێننەوە ئەوا ڕەنگە پرۆسەکەیان بەرەو باشی بڕوات وە کورد لە سوریا جیاوازە، کورد هەم لەڕووی دیموگرافییەوە جیاوازە هەم لەڕووی کۆمەڵایەتیی و مێژووی سیاسی و توانای دارایی و ئەزموونی نێودەوڵەتی و هەروەها گرنگی ئەو شوێنە بۆ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی جیاوازن، بەڵام نەمانی هەندێک هێز لە سوریادا قازانجێکی گەورەیە بۆ کورد.