ڕوانگە-ئەو جووتیارە کوردەی کە لە ماوەکانی ڕابردوودا لەلایەن سەربازێکی سوپای عێراقەوە هێرشیکرایە سەری و ملپێچەکەی ملی ڕاکێشا ڕایگەیاند؛" لەسەر سکاڵای ئەو سەربازە بانگهێشتی دادگە کراوم و ئەمڕۆ بە کەفالەتی دوو ملیۆن دینار ئازاد کراوم.
محەممەد ئەمین، ئەو جووتیارەی سنووری ناحیەی سەرگەڕان لە پارێزگای کەرکووک کە مانگێک لەمەوپێش لەلایەن سەربازێکی سوپای عێراقەوە ملپێچەکەی راکێشرا، رایگەیاند، جیا لەوەی پێشتر سکاڵای لەسەر سەربازەکە تۆمار کردووە، ئاگادار کراوەتەوە کە سەربازەکەش سکاڵای لەسەری تۆمار کردووە.
وتیشی؛"سەربازەکە لە سکاڵاکەیدا وتوویەتی، ئەو جووتیارە جوێنی بە خۆی و سوپای عێراقی داوە و هەروەها وتویەتی سوپای عێراقی سوپایەکی تایفییە، بەڵام من هەرگیز قسەی وەهام نەوتووە، لەو کاتەدا هەر دەرفەتم نەبوو، ئەوەندە ملپێچەکە لەسەر قورگم بوو لە ڤیدیۆکانیشدا دیارە کە من ناتوانم هەناسە بدەم، چۆن دەتوانم جوێن بەو سەربازە و سوپا بدەم؟''
جوتیارە کوردەکە ڕونیشیکردەوە؛ ''وتەی خۆمم پێشکێشی دادگا کردووە و بەریبوونی خۆم لە هەموو ئەو داوا و سکاڵایانەی کە پێی تۆمەتبار کرابووم، راگەیاند. هەمووی قسەی هەڵبەستراو بوون و هیچ شتێکی راستیان تێدا نەبوو، بۆیە من هەموو قسەکانم رەتکردەوە.''
ئەو جووتیارە ئاماژەی بەوەش کرد، بە بڕیاری دادوەر بە کەفالەتی دوو ملیۆن دینار، ئازاد کراوە. ''بەڵام ئەمە کۆتایی نییە و هیوادارم ئەو دۆسیەیە بە ئاراستەیەکی خراپدا نەبردرێت و راستییەکان بەپێی بەڵگە و شایەتحاڵان بەرەو پێشەوە بچێت، چونکە زۆر روون و ئاشکران.''