ڕوانگە - زانــكۆی ســلــێمـانـی بەهەمئاهەنگی دامەزراوەی سەرۆك جەلال تاڵەبانی‌ و هەریەك لە زانكۆكانی (كۆیە، ڕاپەڕین، هەڵەبجە، گەرمیان، پۆلیتەكنیكی سلێمانی، پۆلیتەكنیكی گەرمیان، كۆمار، تیشكی نێودەوڵەتی‌ و قەیوانی نێودەوڵەتی)، بەدروشمی (سەرۆك مام جەلال ڕاستی‌ و هەڵوێستە مێژووییەكان)، یەكەمین كۆنفڕانسی زانستیی نێودەوڵەتیی سەرۆك جەلال تاڵەبانی ئەنجامدەدات.

كۆنفڕانسەكە، بەسەرپەرشتی (پڕۆفیسۆر دكتۆر كۆسار محەمەد عەلی) سەرۆكی زانكۆی سلێمانی‌ و باڵیۆز (دکتۆر محمد صابر اسماعیل) سەرۆکی دامەزراوەی سەرۆك جەلال تاڵەبانی، لە ڕۆژانی (٣ و ٤)ی تشرینی یەكەمی ٢٠٢٥ لە هۆڵەكانی كۆنگرێسی زانكۆی سلێمانی بەڕێوەدەچێت، كە هاوكاتە لەگەڵ هەشتەمین ساڵیادی كۆچی دوایی سەرۆك مام جەلال.

كۆنفڕانسەكە، (نۆ) تەوەری زانستی دەربارەی (ژیاننامە‌ و كەسایەتی سەرۆك مام جەلال، ڕەهەندی سیاسی‌ و هزری‌ و شۆڕشگێری سەرۆك تاڵەبانی، ڕۆڵی لە چەسپاندن‌ و سەروەری یاسا، ڕۆڵ‌ و كاریگەری سیاسەتی سەرۆك مام جەلال لە گرنگیدان بە پرس‌ و مافەكانی ژنان، كاریگەرییە ئەرێنییەكانی لەسەر سەقامگیری‌ و هاوسەنگیی سیاسی لە هەرێمی كوردستان‌ و عێراق، ڕۆڵی لە بواری پەروەردە و خوێندنی باڵا، ڕۆڵی لە بەدەستهێنان‌ و دابینكردنی مافەكانی نەتەوەی كورد لە هەر چوار پارچەكەی كوردستان‌ و مافی نەتەوەكانی ترو كەمایەتییەكان لە عێراقدا، ڕۆڵی لە ڕەوتی ئازادی ڕادەبڕین‌ و مافی مرۆڤ‌ و ئازادی میدیا‌ و چاپەمەنی لە هەرێمی كوردستان‌ و نەخش‌ و جێدەستی لە بواری سیاسی‌ و دبلۆماسیەتی گشتیدا) لەخۆدەگرێت.

شایەنی باسە، یەكەمین كۆنفڕانسی زانستیی نێودەوڵەتیی سەرۆك جەلال تاڵەبانی لەلایەن حەوت لیژنەوە بەڕێوەدەبرێت، كە بریتین لە لیژنەكانی (زانستی، ئامادەكاری، ڕاگەیاندن‌ و (IT)، ڕاوێژكاری، پەیوەندی‌ و پڕۆتۆكۆل، ئەندامانی زانكۆ هاوبەشەكان‌ و دارایی).